هۆکاری چی  بوو هەڵەبجە کیمیا باران کرا؟
16/03/2015 نوسەر: bzavpress

هۆکاری چی بوو هەڵەبجە کیمیا باران کرا؟



لێرەوە  دەمەوێت ئەو هۆکارە دەستنیشان بکەم کە  لەبەر چی بەعس  کیمیای کرد بە هەڵەبجەدا؛ دەشێت هەریەکە  بەهانەیەك بێنێتەوە و بڵێت هۆکاری  ئەو کارەساتە کەهات بەسەرخەڵکی ئەو شارەدا  هاتنی ئێران  و پێشمەرگە بوو ، یاخود تاقیکردنەوەی چەك بوو لەسەر خەڵکی هەڵەبجە، هتد ..

تاکە هۆکارێك- بە بۆچوونی من -   ئەوە بوو کە خەڵکی هەڵەبجە  پێشەنگی بڵێسەی ڕابوون ئیسلامی و بزاڤی شۆڕشگێڕی و جیهاد بوو دژی حیزبی بەعس .. پێدەچێت  زۆرێك  لە خوێنەر ئەم  بۆچونەی من بە ناواقعی بزانن و بڵێن..
ئەو دەمەی (بەرەی کوردستانی) لە شاری هەڵەبجەدا هەبوو ، کەی بەعەس کوردی وەك دیندار تەماشا دەکرد هەمووکوردی وەك پێشمەرگە تەماشا دەکردو جیاوازی نەدەکرد لە نێوانی لایەنەکاندا..! من ئەم قسەیە بە ناواقعی دەزانم ، چونکە  بەعس باش درکی بەوە کردبوو  کە جیهاد و خەبات لەسەر دەستی کەڵەپیاوانی ئەودەڤەرە  زۆر  ترسناک بوو بۆ بەعس،  هۆکاری کیمیا بارانیش بۆ هەڵەبجە بنبڕکردنی ئەو رۆحیە جیهادیەو بوو کە زیاتر لەو ناوچەییەوە ئاراستە دەکرا، لەسەر دەستی زاناو مامۆستاو سەرکردە شێخ عوسمان عەبدولعەزیز و  براکەی  مامۆستا مەلا عەلی سەرکردەکانی ئەو بزوتنەوەیە بە گشتی.. بەعس باش لەوە گەیشتبووکە دەڤەری هەڵەبجە  لانەی  ڕابونی ئیسلامییە، هێزێك بەوپەڕی گڕوتینی ئیسلامەتی و چەکی جیهادیان  هەڵگرتوە دژی بەعس و بە کافری دەزانن، ئەمە بۆ حیزبی بەعس  گرنگی زۆرتر بوو لە  هێزە شۆڕشگێڕەکانی تر،  چونکە  دەیویست خۆی وا نیشان بدات  کە ئەو پارێزەری  ئەهلی سوننەتە بەرانبەر بە ئێرانی شیعە نشین..
لەڕاستیدا -حیزبی بەعسی عەرەبی  ئیشتراکی – حیزبیکی فاشی  توندڕەوی عەلمانی بوو  کە بڕوای بە ئەدەبیاتی ئیسلامی هەر نەبوو، لە ڕاگەیاند و بڵاوکراوەکانیشیاندا کە ئەدەبیاتی ئیسلامیان بەکاردەهێنا، وەك ئەدەبیاتێکی رەوشتی دەیانویست لە ناو کۆمەڵگادا زیندوو ڕایگرن، چونکە  عەرەب  بەگشتی تەنانەت مولحیدو شوعیەکانیش ئاینی پیرۆزی ئیسلام  وەك کلتور و هێزێکی گەورەی  رەوشتی تەماشا دەکەن، جێگای خۆشیەتی ئاماژەش بەوە بکەم کە بەعس بە هیچ شێوەیەك بڕوایان بە ئیسلام نەبوو وەك مەبدەء .
شەفیق کەمال یەکێکە لە بیرمەندەکانی حیزبی بەعس بزانە چۆن لە شیعرێکدا  بیرو باوەڕی خۆیان بۆ ئەندامانی بەعسی دەخاتە روو..
دەڵێت: امنت ببعثا ربا لا شریك لە،   وبعروبة دین لا مثل لە
واتا ئیمانم هێناوە  بە حیزبی بەعس کەبێجگە حیزبی بەعس هیچ خوایەکی تر نیە،  بڕوام بە ئەوەی هەیە هیچ ئاینێك نیە بێجگە ئاینی عەرەبچێتی هاوشێوەشی نیە.
جا خەڵکی هەڵەبجە  بە گشتی دیندارن، یان ئەگەر گەورەتر لە ناوچەکە بڕوانین بە گشتی ناوچەکە دیندارن لە مێژەوە   ئاراستەی ئیسلامیان  وەك ئایدۆلۆژیا  وەرگرتووە لە ڕێگای قوتابخانەی  ئیخوانەوە و لەسەر دەستی زەهاویەکان و پاشان  تەکیەو خانەقاو قوتابخانەی زانایان لە ..نێرگزەجار و پریس وعەبابەیلێ و بیارە و ناو هەڵەبجە خۆشی وەك  مزگەوتی شافعی و دار احسان  و جامیعەو ئوسامە.. تەکییەکانی وەك دار السلام و مەلاساڵحی گەورە.. لەم جێگایانەوە  خەڵکی  بۆ پەروەردە دەکران بۆ ئەم ڕابوونە ئیسلامیە، سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی  باش هەستی بەو راستیە کردبوو، بۆیە بەهیچ شێوەیەك وەك هێز بەشداری ئەو هێرشەی نەکرد و هێزەکانی بزوتنەوە لەدەرەوەی  شاری هەڵەبجەدا مابوونەوە  لەبارەگای خۆی لە گوندی چنارە ..
تەنانەت مامۆستا مەلا عوسمان نامەیەك دەنوسێت  کە ئاگاداری هێزەکانی بزوتنەوە دەکاتەوە بە هیچ شێوەیەك بەشداری ئەو هێرشە نەکەن، چونکە بەعس نیازی زۆر خراپە، تەنها  مامۆستا مەلا عەلی هاتە ناو هەڵەبجە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی حیمایەی ئەویش وەك  خەڵکی شاری هەڵەبجە..
لێرەوە لەگەڵ ئەو دیکۆمێنت و لێکدانەوەی  سایکۆلۆجیەتی بەعس، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت هۆکاری کیمیا بارانی شاری هەڵەبجە دینداری  خەڵکەکەی بووە،  هەوێنی جیهادو خەباتێکی گرنگی  ئیسلامی بوون، لە دوایشدا بینرا بزوتنەوەی ئیسلامی رۆڵی چەندە کاریگەری هەبوو لە ناوچەکەدا.. بەردەوام  ئیستاش خەڵکی ئەو دەڤەرە بە خەڵکێکی دیندارو  ئەهلی زانستی ئیسلامی و بەگەورە راگرتنی  ئیسلام و قورئان و  زانایان و.. هتد.. هەژمارد دەکرێت، ئێستاش لە لایەن  عەلمانیەکانەوە  بەردەوام کیمیا بارانی خەڵکی شاری هەڵەبجە دەکرێت. 

تێبینی/ ئەم ووتارە لە گۆڤاری ئاسۆی هەڵەبجە دا بڵاوکراوتەوە..