16/03/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەگەر قەیرانە داراییەکە چارەسەر نەکەن چى ئەبێت .؟.
قەیرانى دارایی هەرێم،بەهەموو پێوەرێک قەیرانێکى دروستکراوە، لەلایەن خودى بەرپرسانى دەستەڵاتى ئەم هەرێمەوە،پێویست ناکات سوێند بخۆین و بەڵگەش بۆ خەڵک بخەینە ڕوو،کە ئەم دوو حزبە نەوتى (10) ساڵى دیکەیان لە ژێر زەوى کوردوستان دا فرۆشتووە، ئەمەش ڕوونە کە داهاتى ناوخۆ ئەدزرێت،پارەى مەرزەکانى برایم خەلیل و پەروێزخان بوکوێ ئەچن ؟.پارەى بانکى بەڵێندەرەکانیش دیارنەماوە،ئەو ملیار دۆلارەشى ئەوترێت لە تورکیا قەرزمان کردووە،هیچ ڕاستییەکى دیارنییەو،بۆ ئەوەى بڵێن قەرزارین باسى ئەکەن، زۆر ڕوونە کە خەڵکانێک قازانج لەم ئەزمەیە ئەکەن لەهەرێمى کوردوستاندا، حەزەکەى سبەینێ خەڵک بچنە سەر شەقام و،نیشانى بدەن کە فشارێکى جددیی و ترسناک هەیە،بۆ دوو سبەى پارتى و یەکێتى مووچەى دوو مانگ دابەش ئەکەن !. ئەوە لەکوێی دێنن .؟.
من لەم نوسینە نامەوێت،ڕەخنە لە هێزە ئیسلامییەکانى کوردوستان و بزوتنەوەى گۆڕان بکەم، چونکە خەڵک لانى کەم ئەبێت ئەوەندە شعورى هەبێت و بۆى یەکلابوبێتەوە،کە چۆن خەڵەتێنراوە .وە هەستى بەو هەلپەرستى و درۆ شاخدارانەى کۆنە ئۆپۆزسیۆن کردبێت ،بەهەر حاڵ ئەوە دەرەتانێک بوو ئەوان بە میللەتیان دا .
ئێستا کوردوستان،لەبەردەم شۆڕشێکدایە،کە نابێت ئێمەومانان خۆمانى لێ بدزینەوە،ئیمڕۆ بێت یان سبەى پێویست بەخۆپیشاندانى سەرتاسەریی ئەکات لەکوردوستان .ڕەنگە کەسێک بپرسێت کە کێ ئامادەیە ئەوە بکات ؟. لە بەهارى عەرەبیدا،میسر بە (18) ڕۆژ توانى سیستەمەکە بڕوخێنێت،سیفاتى شۆڕشەکەیان ئەوەبو کە خەڵک خۆى نوێنەرى خۆى بو،خۆى هاتە شەقام و خۆى بەتاکە نەعل دەستەڵاتى تاونا .!.
دیارە دەستەڵاتى کوردى (بەهەموو ئەم هێزانەى کە ئێستا لەکەلاکى جەستەى میللەت و سامانەکەى ئاڵاون) هەر بەتەنها دەستگە ئەمنیەکانى بە ئامراز نەگرتووە، بۆ چاودێریی و سانسۆر خستنە سەر دەنگە ئازادەکان، بە شێوازى جیاجیا،بەڵکو سەدان دەستگەى جۆراوجۆرى میدیاى لەژێر ناوى سێبەرو ئەهلى و کەنالى جۆراوجۆردا بەپارەى خەڵک بۆ ئەحمەقکردنى خەڵک خستۆتە گەڕ .چەندە قوڕگى حووتەکانى دەستەڵات ترسناکن،دوو هێندەو زیاتر ئەو چینە لە ئەکادیمیەکانى زانکۆ و میدیاى کوردى بەهەموو شێوەکانییەوە، ڕێگرە لەبەردەم گۆڕان و شۆڕشێکى ڕاستەقینەدا .
ئێمە لەوەندە ساڵى ڕابردوودا،تەلەفزیۆنێک،سایتێک،گۆڤارو ڕۆژنامەیەک نەما،هاوارى تیانەکەین، دیراسەو توێژینەوەى تیا بڵاونەکەینەوە .تا ئۆپۆزسیۆن هەبو،ئیشى لەسەر شکاندنى ئەو مرۆڤانە ئەکرد لەدەرەوەى خۆى هاوارئەکەن...ئیمرۆِکە ئەو ڕێگەیەیان بزرکرد .
ئەگەرچى لە (4) ساڵى ڕابردوودا،لەلایەن تاڵەبانى و بارزانی و سەرکردەکانى ترەوە،چ بە بینین و چ بەنامە و پەیام ئاگادارکراینەوە،کە ئەوە ناکەن لە ڕابردووا کردویانە، تواناى گوێگرتن و بەتەنگەوە هاتنى پرۆژەو سەدا ناڕازییەکانیان هەیە، وەلێ ئەمە نەک هەرنەکرا،بەڵکو تاڵانى و بێدادییەکە هەر لەسنور دەرچوو .
خاڵى لەوەى کە ناتوانرێت لەهەرێمى کوردوستان سیاسەتێکى ڕاستەقینەى نەتەوەیی بینابکرێت،چونکە مەلەفى ئەم بەرپرس و حزبانە وا لەبەردەستى ئێران و تورکیاو هێزەکانى خۆرئاواوە .
بۆیە ئەبێت،بارزانى ئاگاى لەوە بێت،کە لەبەردەم بەرپرسیارێتى و خەتەرێکى گەورەدایە،لە تافى ئەو دەستە موستەشارو دەوروبەرە درۆزنانە خۆى بتەکێنێت،دەنا لەبەردەم کودەتایەکى جەماوەرى و سەداى گەنجانەى ئەم وڵاتەدا سیاسییەکان خۆیان ئەبیننەوە .