پەیامەکەی ئاپۆ ..ئەگەری گۆڕانی هاوکێشەکان .
24/03/2015 نوسەر: bzavpress

پەیامەکەی ئاپۆ ..ئەگەری گۆڕانی هاوکێشەکان .


لە ئێستادا پێگەی تورکیا لە پاشەکشەیەکی خاودایە ، لەو سیاسەتەی کە لە ناوچەکەدا پیادە دەکرێت ، بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیرۆدەی چەک و سیناریۆ و تاکتیک بوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا پرۆسەی دیموکراتی پاشەکشەی نەکردوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا مرۆڤ لەم ناوچانەدا بێ بەها نەبوە ، هیچ کاتێک بەقەد ئێستا تۆخ بونەوەی مرۆڤ بە دین و مەزهەبێکی دینەوە توختر  نەبوە ، لەم ژینگەیەدا  مرۆڤ دەبێت سەر بە گروپێکی مەزهەبی یان حیزبی یان خیڵەکی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بژی ، هێڵی ئازادی و بانگەشەی دیموکراسی لە ژێر هێڵی سفرەوەیە ، بەجۆرێک مروڤ گیرۆدەی تەونێک لە سیناریۆ و تاکیتیک بوەتەوە نازانێ لە کوێوە سەردەر بکات ، وای لێهاتوە مرۆڤ نازانێ هەفتەیەکی تر چی ڕودەدات .
خۆ ئەگەر شەڕەکە هاتیبێتە سەر هیلالی سونی و شیعی ، وە ئەگەر تورکیا پاشەکشەی کردبێت ، وە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە داعش بدات و نەشیەوێت تەواو لە ناو بچێت ، وە ئەگەر ئەمریکا بیەوێ سنوری دەسەڵاتی ئێران لە هێڵێکدا ڕابگرێت و جارێکی تر تورکیا وەک هیلای سونی و ئێران وەک هیلالی شیعی هاوسەنگ ڕابگرێت ، وە ئەگەر ئێران و ناتۆ و ئەمریکا لەسەر سوریا ڕێککەوتبێتن ، ئەوا کورد لەم نێوەندەدا کە ئێستە چەک حوکم دەکات ، بانگەوازێکی لەو چەشنەی ئاپۆ بە کۆی دەگات ...؟
خۆ ئەگەر پێمان وابێت شەڕی داعش کۆتای دێت ئەوا ئەمە خەونێکی واقعیانە نیە ، ئەوە دەزانین کە ئەمریکا لە ئێستادا داعش بەکار دەهێنێت ، ئەوەش دەزانین ئەو بەرەیەی کە هێزی ئاسمانیان بەدەستەوەیە لەژێر فەرمانی ئەمریکادایە ، خۆ ئەگەر ئەم هێرشە ئاسمانیانە نەبێت ئەوا هەمومان دەزانین داعش زۆرێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیر دەکات، ئەوەش دەزانین باشترین کارتی دەستی ئەمریکا لە گۆڕەپانی سوریا و عێراقدا داعشە ، چۆنی بیەوێت وەک کارتێکی بەهێز بەکاری دەهێنێت و ناشهێڵێت سنور ببەزینێت ، باشە گریمان ئەم پەیامەی ئاپۆ سەرتای دەرکەوتنی فشاری دیموکراسیانەیە لە ناو تورکیادا ، خۆ دەبێت ئەو وڵاتە زلهێزانەی کە سیاسەتی ئەم ناوچەیە ئاراستەدەکەن ئاگایان لێیبێت ، خۆ ئەگەر ئەم پەیامەی ئاپۆ لەسەر داوای ئەوروپا و ناتۆ بوبێت بە ڕەزامەندی ئێران ، بۆ ئەوەی بەرەیەکی تری شەڕ ئەم ناوچەیە نەگرێتەوە ، ئەی چی لەشەڕی ناو عێراق دەکەن کە بەستراوە بە کۆبانێ و پەکەکەوە ، خۆ ئەگەر لە تکرتیتا ئەمریکا نامەیەکی دابیت بە ئێران کە نابێت لە سنوری خۆت تێپەڕێ ، ئەوا دەتوانێت ئەم نامەیەش بۆ پەکەکە بەکار بهێنێت ، بە دێویکی تردا ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ پێیان وابێت هاوسەنگی تێکچوە و لە ئێستەوە لە ڕێ ی ئەم پەیامەوە کار بۆ زیندوکردنەوەی تورکیا دەکەن ، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین کە پەکەکە کە ئێستە باڵادەستە لە ڕۆژئاوا و باکوردا درێژکراوەی ئێرانە ، ئەگەر پەیامی ئەمریکا لە تکرتیتا بۆ ئێران بو بێت ، ئەوا ئەم پەیامەش ڕاستەو خۆ پەکەکەش دەگرێتەوە ، خۆ ئەگەر ناتۆ بیەوێت سنورەکانی ئێران کاڵ بکاتەوە ، ئەوا هاوکارییە ئاسمانیەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕادەگرێت و ئەو کات دەبینین چۆن داعش بۆ هاوسەنگی بەکار دەهێنێت ، ناتۆ ئەوەش دەزانێ ئەگەر پەکەکە لە قەندیل وشرناخدا نەمێنێت ئەوا دەبێتە پێگەی داعش و ئەو کات هێرشی ئاسمانیش ئەو کاریگەرییەی نامێنێت ، هەولێریش دەکەوێتە بەر حوکمی داعشەوە (ئەوە قەندیل بەخەبەرە بۆیە هەولێر دەتوانێت بە ئارامی بنوێت ..جەمیل بایک ).

سەریرەکە لێرەدایە..... ئێستە لەم ناوچانەدا چەک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت  ، کەچی ئاپۆ بانگەوازی دانانی چەک و دیموکراسی دەکات، خۆ ئەگەر ئەم پەیامە بۆ ئەوە بێت هاوسەنگی ڕابگرێت و تورکیا لە سنورێکدا بوەستێنێت ، تا ڕۆژئاوا دەکەوێتە سەری پێ ی خۆی ئەوا باشترین تاکتیکە ، کە دەکرێت پامەکەی ئاپۆ فرە ڕەهەند و گشتگیر و لە زۆر لاوەوە بخوێنرێتەوە ، ئەگەر تەنها پەیامێکی سادە بێت و پیرۆزبایی بێت ،  پرۆسەی چەکی قەندلیل و خەباتی سیاسی ناو شارەکان بەردەوامی هەبێت ئەمەیان بابەتێکی ئاسایی دەبێت ، خۆ ئەگەر کۆنگرە بگێرێ و پرۆسەی چەک دانان بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، ئەمەیان دەبێت پرۆسەیەکی گەورەتر بێت و ئەوروپا و ئەمریکا و ناتۆی لەپشتەوە بێت ، خۆ ئەگەر یارییەکانی ئێران بێت ، ئەوا دیسان کارکردنە بۆ ئەوەی ئەم قۆڵەی تورکیا تا کۆتای هاتنی کیشەی سوریا و عێراق ڕابگێرێ ، خۆ ئەگەر سیناریۆی ئەمریکا بێت بۆ ئەوەی باکور و ڕۆژئاوا بە دڵی تورکیا بن ، ئەوا یارییەکانی ئێران لەوە گەورەترە ، خۆ ئەگەر لە دوای تکریت کۆکردنەوەی هەموو وڵاتان بێت وەک هاوسەنگیەک لەسەر سفرەکەی ئەمریکا ، ئەوا دیسانەوە دەکەوێنە بەردەم ئەو ئەگەرانەی کە زۆر لە دەسەڵاتی کوردی و وڵاتانی ناوچە بەهێزترە ، ئەویش کارتی هێزی ئاسمانی ناتۆ و ئەمریکایە ، کە ئەمریکا دەتوانێت بەم کارتە هەموو وڵاتانی ناوچە بخاتە سەر هێڵی ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناتۆوە ، لە دواجاردا پەیامەکەی ئاپۆ شڵەقانی ئەو پرۆسە سیاسی و سەربازیەیە کە لەم ناوچانەدا پیادەدەکرێت ، ئەم پەیامە بێ بەرنامەو بێ سیناریۆ نیە ، لە کاتێکدا لەهەموو ناوچەکەدا  چەک ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت بەڵام ئاپۆ داوای داماڵینی چەک دەکات .