د.بەشیر داوا دەكات خەڵكی هەولێر وەكو ئەركێكی ئایینی و مرۆڤایەتی هاوكاری كوردانی رۆژئاوا بكەن
18/08/2013 نوسەر: bzavpress

د.بەشیر داوا دەكات خەڵكی هەولێر وەكو ئەركێكی ئایینی و مرۆڤایەتی هاوكاری كوردانی رۆژئاوا بكەن


مامۆستایەكی ئایینی داوا دەكات خەڵكی هەولێر وەكو ئەركێكی ئایینی و مرۆڤایەتی هاوكاری كوردانی رۆژئاوا بكەن كە ئێستا ئاوارەبوون چونكە هاونیشتیمان و برامان و لە بارودۆخێكی خراپ ژیان بەسەر دەبەن. 

د.بەشیر خەلیل حەدداد، مامۆستای ئایینی لەشاری هەولێر  لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاند: لەم چەند رۆژەی رابردوو نزیكەی (5)هەزار كوردی رۆژئاوا لەماڵی خۆیان دەربەدەربوون بەهۆی شەڕوپێكدانەكانی سوریاوە و روویان لەشاری هەولێر كردووە و لەئێستادا لەقەزای خەبات هەوڵی نیشتەجێ‌ كردنیان دەدرێت.
 
وتیشی: هاتنی(5)هەزار كەس بەو كتوپڕیە بارگارانی دەخاتە سەرشانی خەڵكی ئەو ناوچەیە بۆیە داوا لەخەڵكی شاری هەولێرو دەوروبەری خۆشەویست دەكەم بەهانای ئەو خێزانە كوردانەوە بچن و بەهەر شێوەیوەك بێت وەكو ئەركێكی ئایینی و مرۆڤایەتی هاوكاریان بكەن و لەو دۆخە ناهەموارەی ژیان رزگاریان بكەن چونكە ئەوانە براو خوشك و هاوزمان و ئایین و نەتەوەی خۆمانن.
 
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: ئەم هاوكاری كردنە شتێكی گران نییە چونكە خەڵكی هەولێر بەوە ناسراون كە هەردەم خزمەتی خەڵكی لێقەماویان كردووە لە رابردوو وەكو هاوكاری كردنی بارزانییەكان و خەڵكی هەڵەبجە و راگوێزراون.