پێناسەی ڕۆشنگەریی ڕۆشنگەرییە، هەموومان لەسەر چەمك و بنەماكەی هاوڕاین، ڕەنگە شێوازی پێناسەكردن و هەزمكردن و دەستوپەنجە لەگەڵ نەرمكردنی جیاوازیی هەبێت، ئەویش ناكاتە ئەوەی ڕێكنەكەوین لەسەر پەیام و مەهام و جەوهەری ڕۆشنگەریی، ئێمە یەك خاڵی پەیوەست بە ئێستامانەوە قسە دەكەین، ئەویش كێشەی ڕەدكردنەوە و تۆخكردنەوەی تاكلایەنیی فیكریی و یەكسەنتەریی بیركردنەوەیە، كە خەریكە دەركەوتاكانی زەقتر و تۆختر دەبنەوە، هەروەك ئێستا پەتای جەنگ گرتووینییەتەوە، بەو چەشنەش جەنگێكی پەنگخواردوو نێوماڵی خۆمانی گرتووەتەوە، جەنگێك كە بەناوی ڕۆشنگەرییەوە ناوزەد دەكرێت و تێیدا باڵباڵەكیڕە و خۆفشكردنەوە بەخۆیەوە دەبینێت، كە هێندە شێوەیەكی ترە لە جەنگ و دووبەرەكیی و ڕەد و ڕەدكاریی ئەوی دیی هیچیتر نییە.
ئێمە بیست و پێنچ ساڵە ڕۆشنگەریی دەخوێنینەوە، ئەزموونی گەلان دەبینین، لە ناو قوتابخانە فیكرییەكاندا دێین و دەچین، لە هەموو شت گرنگتر خۆمان ئەزموون دەكەین، ئەزموونێك كە هەزارجار خوێندن و خوێندنەوە دێنێت، هیچ شتێك وەك ئەزموونی ڕۆشنگەریی و ڕۆشنفیكریی كاریگەریی خۆی نییە، ئێمە چوارچێوەیەكمان هەیە، ئاسمانێك و ئەرزێكی واقیعیی و تێدا ژیاو، حكومەت و دامودەزگا و بنەما مەدەنیی و نوێیەكانی سەردەم و تەكنەلۆژیای نوێ، هەموو ئەمانە بە وردی لەبەردەستماندا دەگوشرێن و لەمس دەكرێن، حیزبی گەورەمان هەیە،ئامادەگیی جەوهەریی و خودئاگایی گشتیی و تایبەتیمان هەیە، دەرك و مایكرۆدەركمان لە كاركردن و كارایە، زۆرشت كە ڕەنگە میللەتان و گەلانی تر نەیان بێت، ئاین و ئەزموونە ئاینییەكان و سیاسەت و ئەزموونە سیاسییەكان و كایە كۆمەڵایەتیی و ئەزموونە كۆمەڵایەتییەكانمان هەیە، لە هەر شتێكی نەوعی جیهانی و نزیك لە ستانداردی جیهانیمان هەیە، كەچی هێشتا لە ڕۆشنگەریدا دەمانەوێت دەرئەنجامی بیست و پێنچ ساڵی ئەزموونی دیموكراسیی و كاری ڕێكخراوەیی وەك نەبینین كە چیمان كردووە و چیمان كێڵاوە لە پاش خۆمانەوە، ئەوەی كردوومانە نامانەوێت وەك ئەزموون و خۆساحێبیی و خاوەندارێتی گشتیی و تایبەتی بیبینین و هەزمی بكەین، هێشتا وەك یەكەمین تاقیكاریی و یەكەمین خول و یەكەمین نۆبەتی بەرئەنجامگیریی و چنینەوەی بەرهەمی ڕۆشنگەریمان نامانەوێت دان بەوەدا بنێین كە شكسمان هێناوە لەم جۆرە لە تێگەیشتن و لەم شێوازە قسەكردن و لەم چەشنە قەبووڵكردن و لەم جۆرە ئەزموون و كاركردنەدا كە دەستمان داوەتێ.
بێ جیاوازیی فیكریی و ئاینیی و سیاسیی و كەلتووریی، هەموومان وەك یەك لە ئەزموونی ڕۆشنگەرییدا شكستمان هێناوە، ئیسلامین و موسڵمانین و ئیسلامی سیاسین و هێشتا لە بیركردنەوەیەكی سنووردار و چەقبەستوودا تێفكرێن دەكەین، سیكۆلارین و دیموكراسخوازین و سۆسیال لیبراڵین و هێشتا لە بیركردنەوەیەكی ترسناكداین و دژە ئیسلامین و هەموو شت ڕەدكەرەوەین و تەنها خۆبینین.