16/04/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پراگماتیی بوونی سياسه‌تمه‌دارانی ئێران و توركیا
له كاتێكدا له‌شكری عوسمانیی گه‌مارۆی شاری " ڤییه‌ننا " ی پایته‌ختی ئیمپراتۆریه‌تی نه‌مسای دابوو ، هیچ له‌شكرێكی وڵاتانی ئه‌وروپاش خۆی له‌به‌رده‌می زه‌بری سوپای عوسمانی‌دا رانه‌ده‌گرت ، له خۆرهه‌ڵاته‌وه شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویی له دوای دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌ویی و به‌كارهێنانی سۆزیی شیعه‌گه‌ریی ئه‌وه‌ی به فرسه‌ت زانیی كه له‌شكری عوسمانیه‌كان له ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپادایه ، ورده ورده قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی له‌سه‌ر حسابی عوسمانیی فراوان كرد و سوڵتانی عوسمانیی ناچار كرد بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سه‌فه‌وییه‌كان له‌شكری خۆی له ئه‌وروپا بكشێنێته‌وه دواوه و مه‌ترسیی سه‌فه‌وییه‌كان دوور بخاته‌وه ، ئه‌وه بوو له ساڵی 1514 دا و له جه‌نگی به‌ناوبانگی " چاڵدێران " دا سوپای عوسمانیی زۆر به سه‌ختیی سوپای سه‌فه‌ویی تێك‌شكاند و سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م رێكه‌وتنامه‌یه‌كی گرنگی به‌سه‌ر سه‌فه‌وییه‌كاندا سه‌پاند ، كه به پێی ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه سنووری نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانیی و سه‌فه‌ویی دیاریی كرا ، كه دیاره بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوودا كورد خاكه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئێران و عوسمانی‌دا دابه‌شكرا .
گه‌رچی دوای چاڵدێرانیش چه‌ندین رێكه‌وتنامه‌ی تر له نێوان عوسمانیی و سه‌فه‌ویی و زنجیره پاشایه‌تیه‌كانی تری ئێران‌دا واژۆ كران ، به‌ڵام ئه‌م ململانێیه له نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌دا بۆ هه‌میشه مایه‌وه ، له‌وانه‌یه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئارام ترین سه‌رده‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و توركیا بووبێت ، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌دا دوای گه‌وره بوونی هه‌ژموونی ئێران و توركیا له ناوچه‌كه‌دا و زیندوو بوونه‌وه‌ی ململانێی مه‌زهه‌بیی شیعه و سوننه‌ش له ناوچه‌كه‌دا دووباره ئه‌و ململانێ مێژووییه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه ، به‌ڵام به به‌رگ و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه .
بوونی ئه‌م ململانێ و جه‌نگه تائیفیی و مه‌زهه‌بیه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به درێژایی مێژوو زیانی گه‌وره‌ی له خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوه ، خۆرئاواییهكانیشی دڵخۆش كردووه به‌وه‌ی كه له لایه‌ك هێزی ناوچه‌كه به جه‌نگ له‌ناو ده‌چێت و له لایه‌كی تریش ئه‌م هێزه گه‌وره‌یه كه په‌رت ده‌بێت ، له به‌رانبه‌ری هێزی ئه‌وانه‌وه خۆی ناگرێت و ناچاره هه‌ژموونی ئه‌وان قبوڵ بكات ، كه دیاره له‌م سه‌رده‌مه‌دا بوونی ئیسرائیل و پاراستنی له‌وه‌دایه كه وڵاتانی ناوچه‌كه له ململانێدابن و نه‌توانن له دژی ئه‌و یه‌كهه‌ڵوێست بن . بگره هه‌ندێ جار هه‌ندێ له وڵاتانی ناوچه‌كه هاوهه‌ڵوێستن له‌گه‌ڵیدا !!
به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت هه‌ر له دوای جه‌نگی چاڵدێرانه‌وه تا ئه‌مڕۆش سیاسه‌تمه‌دارانی ئێران و عوسمانیی عه‌قڵانیی و پراگماتیی بوون ، هه‌میشه جه‌نگه‌كانیان به نوێنه‌ره‌كانیان سپاردووه ، به تایبه‌تی گه‌لی كورد به نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردوولایان جه‌نگی یه‌كتریان كردووه ، جاری وا هه‌بووه میرنشینی ئه‌رده‌ڵان تا جه‌زیره و بۆتانی خستۆته ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی ( واته قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێران ) ، جاری واش هه‌بووه كوردانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانیی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر كوردانی خۆرهه‌ڵات و ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیون . راسته هه‌ندێ یه‌كه‌ی سه‌ربازیی ئێران وعوسمانییش هاوكارییان كردوون به‌ڵام زۆرینه‌ی له‌شكری ئه‌و جه‌نگانه له هۆزه‌كانی كورد بوون .
ئێستاش ئێران و توركیا سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی دژ به یه‌كیان ، به‌ڵام عه‌قڵانیی و پراگماتین و نایانه‌وێت ملیاره‌ها دۆلار زیان له وڵاته‌كانیان بده‌ن ، چونكه هه‌ردوولایان پێویستییان به یه‌كتره ، توركیا ده‌زانێت ئه‌وروپا پێویستی به سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی دیكه‌یه ، جگه له رووسیا ، كه ئه‌ویش چه‌ندین ساڵه ده‌یانه‌وێت هێڵی گوێزانه‌وه‌ی گازی سروشتی نابۆكۆ بكه‌نه هێڵێكی ئه‌ڵته‌رناتیڤی رووسیا ، به‌ڵام دوای رووسیا گه‌وره‌ترین وڵاتی به‌رهه‌مهێنی گازی سروشتی ئێرانه ، كه‌واته وه‌كو چۆن ئێران زۆر پێویستی به هێڵی تێپه‌ڕینی گاز هه‌یه له توركیاوه بۆ ئه‌وروپا ، توركیا پێویستیی به‌و سه‌رچاوه‌یه هه‌یه بۆ سوته‌مه‌نی خۆی و گه‌شه‌كردنی ئابووریی و ترانزێتی ئه‌و كاڵا گرانبه‌هایه بۆ ئه‌وروپا . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ساڵی رابردوو قه‌باره‌ی بازرگانیی ئێران و توركیا سنووری 30 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاند و هه‌ردوولا به‌هیوان له چه‌ند ساڵی داهاتوودا چه‌ند به‌رانبه‌ر زیاتری بكه‌ن .
كه‌واته ده‌بێ بزانین ئه‌م قازانجه گه‌وره ئابوورییه‌ی دوو وڵات له په‌یوه‌ندییه‌كی ژیرانه‌ی دیبلۆماسیدا ناكرێته قوربانیی هه‌ندێ درووشمی ئایدیۆلۆژیی ، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان ره‌خنه‌ی له هه‌ژموونی ئێران گرت و تووندڕه‌وه په‌ڕگیره‌كانی ئێرانیش داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان كرد ، به‌ڵام ئه‌ردۆغان سه‌ردانی تارانی كرد و ( 80 ) به‌ڵگه‌نامه‌ی ئابووریی و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی له نێوان تاران و ئانكارادا واژۆ كرا .
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئێران و توركیاش به هۆی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌روه‌كو سه‌رده‌می عوسمانیی و سه‌فه‌ویی لایه‌نگرانیان به‌كار ده‌هێنن بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌كان ، یا هیچ نه‌بێت باڵانسی جه‌نگه‌كان و كێشه‌كان راده‌گرن ، كه مه‌خابن یه‌كێك له‌و ناوچه گه‌رمانه‌ی ململانێی ئێران و توركیای تێدایه هه‌رێمی كوردستانه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵانێكه كوردیش دابه‌ش بووه به‌سه‌ر هه‌ژموونی ئێران و توركیادا ، راسته قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ تێپه‌ڕیووه ، به‌ڵام نه‌بوونی یه‌كڕیزیی كورد له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش خاڵیكی بێهێزی نێوماڵی كورده بۆ ململانێی ناوخۆیی به قازانجی جه‌مسه‌ر و هاوكێشه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان .
كه گومانی تێدا نیه ئێستا له ناوچه‌كه‌دا هاوپه‌یمانێتی شیعه‌ی سیاسیی و سوننه‌ی سیاسیی دروست بووه و له‌م جه‌نگه‌ی یه‌مه‌نیشدا تۆختر بووه‌ته‌وه ، كه له دوای رێكه‌وتنی ئێران و خۆرئاواش تۆختر ده‌بێته‌وه ، مه‌خابن له كوردستانیش ده‌بینین عه‌له‌ویی و شیعه‌ی سیاسیی ( كه له‌وانه‌یه مسقۆف و عه‌لمانیی و دژه ئاینیش بێت ) چووه‌ته ناو هاوپه‌یمانیی شیعه‌ی سیاسییه‌وه ، كه ئه‌وه‌نده‌ی پابه‌نده به فه‌توای مه‌رجه‌عیه‌ته‌وه چاره‌كی ئه‌وه پابه‌ند نیه به به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه ، بۆیه ده‌بینین كوردی شیعه له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته پێشمه‌رگه ده‌بێته حه‌شدی شیعی ، كه له به‌رانبه‌ریشدا خه‌ریكه هاوپه‌یمانێتیه سونییه سیاسییه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی پێكده‌هێنرێت ، كه سیسی دژه ئاین و كوده‌تاچی ده‌چێته ناوی و سعودیه‌ی دژه به‌هاری ئیسلامیه‌كان ده‌بێته ئاڵا هه‌ڵگری و پاكستانی دژه تالیبان به‌شداریی تێدا ده‌كات ، ئه‌مه نه‌خشه‌یه‌كی نوێیه له ناوچه‌كه‌دا .
وه‌كو ئاماژه‌م پێدا له‌وانه‌یه ئێران كارتی عه‌له‌وییه‌كان و په‌كه‌كه له دژی توركیا به‌كار بهێنێت ، له به‌رانبه‌ریشدا توركیا جگه له كارتی مه‌زهه‌ب ، به راده‌یه‌ك هاوكاریی باڵی ریفۆرمخواز بكات كه په‌ڕگیره مه‌زهه‌بیه‌كان بێهێز ببن ، بۆ نمونه ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ رۆحانیی و باشتر بوونی به‌رنامه ئابوورییه‌كه‌ی زۆر گرنگ و جێی بایه‌خه ، كه‌واته ئه‌مه ململانێكان تا راده‌یه‌ك كاڵ ده‌كاته‌وه ، به‌ڵام له ئاستی هه‌ژموونگه‌رایی ناوچه‌كه‌دا جیاوازییه‌كان هه‌ر ده‌مێنن .
كه‌واته سیاسه‌تمه‌داران له هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ نێوماڵی كورد یه‌ك بخه‌ن و به به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته ههژموونگهرایهدا زۆر زیره‌كانه باڵانسه‌كه راگرن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نه‌بێت رێگه به ده‌ستوه‌ردانی ئه‌وان بده‌ن له ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی هه‌رێمه‌كه‌دا . جگه له‌م عه‌قڵانیی بوونه هه‌ر هه‌نگاوێكی تر بۆ سه‌نگه‌رگرتن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته له لایه‌ك هه‌رێم ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و له لایه‌كی تریش لهنێوماڵدا ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی ناوخۆیی لێ ده‌كرێت . به تایبه‌تی جوگرافیای سیاسیی كوردستان داخراوه و خاك و نه‌ته‌وه‌ی دابه‌شكراوه و دووژمنهكانیشی له كاتێكدا شیر و تیر له یه‌ك بسوون ، له دژایه‌تی كورد دا یه‌كده‌نگن !!