مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا ئاشكرایكرد "رەوتێكی نانیشتیمانی" لەكوردستان سەری هەڵداوە، كە كاردەكات بۆ "تێكدانی یەكڕیزی لایەنەكانو دروستكردنی شەڕی ناوخۆ"و داواش دەكات رێگە لەو رەوتە بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی بارزانیدا هاتووە : ئەمە ئازادیی ڕادەربڕین نییە بەڵكو ئەم جۆرە هەوڵانە خیانەتە لە گەل و نیشتمان و پیادەكردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی كوردستانە، نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت ئەم ڕوانگە نانیشتیمانییە لە كوردستاندا هەبێت.
ئەم بابەتە مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن و فرمێسك هاتوونەتە دی دەخاتە ژێر هەڕەشە.
بارزانی پەیامەكەی ئاراستەی هەریەك لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانو حیزبو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانو جەماوەری كوردستانی كوردووە تێدا دەڵێت: دوژمنانو نەیارانی گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكیان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كوردستان لەناو ببەن، "هەر لە تۆقاندنو ئەنفالو جینۆسایدو بگرە هەتا كیمیابارانو ئابلۆقەدانو زیندانو نانەوەی فیتنەو دووبەرەكیو بڕینی قووتی خەڵكو پەلاماری تیرۆریستان".
هەروەها دەڵێت، داوا لە پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و داواكاری گشتی دەكەم ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕێوشوێنی گونجاو لەدژی ئەم ڕەوتە نانیشتیمانی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و ڕەسمی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن.
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم بە هەموو توانایەكیان ڕێگری بكەن لە دەركەوتنی ئەم دەنگ و تێڕوانینە نانیشتیمانییە. داوایش لە جەماوەری سەربەرزی كوردستان دەكەم چیتر دەرفەت نەدەن ئەم جۆرە خەڵكانە و ئەم ڕەوتە دژە نیشتیمانییە بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی هزری شەڕانگێزی شەڕی نێوخۆیی و دووبەرەكی و هەموو تواناكانمان بۆ پاراستنی كوردستان و یەكڕیزیی گەلەكەمان یەكبخەین.