ئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و سەرۆكی هەرێم
20/04/2015 نوسەر: bzavpress

ئەنجامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و سەرۆكی هەرێم

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، و كۆسڕەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دوو شەممە، لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردییەكان كۆبونەوە.

كۆبوونەوەكە بەمەبەستی تاوتوێكردن و ئاڵۆگۆڕكردنی بیروڕا بوو لەبارەی شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو هەروەها بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عیراق و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو هەروەها ئامانج و ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ پارلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان و خستنەڕووی بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی دەستور و پرسی سەرۆكایەتیی.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی ئەو نامەیەی كرد كە ئاڕاستەی پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كردبوو و ئەوەی خستەڕوو كە ئەم نامەیە ئاڕاستەی هەموو لایەك و هەموو تاكێكی كورد كراوەو داوایشیكرد كە هەموو لایەنەكان كار بۆ ئەوە بكەن كە لە راگەیاندنەكاندا بانگەشە بۆ گرژی و پەرتەوازەیی نەكرێت، هەروەها بۆچوونی خۆی لەبارەی پرسی دەستورو سەرۆكایەتی بۆ لایەنە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە شیكردەوەو  ئاماژەی بەوەدا كە بەر لە دوو ساڵ لە نامەیەكدا داوای لەسەرۆكایەتی پەرلەمان و لایەنەكان كردبوو كە بەزوترین كات لەسەر مەسەلەی دەستوورو ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك بگەنە ئەنجامێك و ئێستایش با پەرلەمان و لایەنەكان بگەنە چارەسەرو دەستور بگەیەنرێتە قۆناغی راپرسی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان داواشیكرد دەستوور بۆ گەل و وڵاتەو پێویستە بەگیانێكی نیشتمانی و دوور لەموزایەدات چارەسەر بكرێت و پەیوەست بەمەسەلەی سەرۆكایەتی ئەوەی باسكرد كە بابەتەكە لای لایەنە سیاسییەكانەو با پێكەوە بگەنە رێككەوتن و بڕیار لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتی بدەن. 

ئەنجامی کۆبوونەوەکە..

یەكەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە قوربانیدان و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بۆ پاراستنی خاك و ژیانی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەرز نرخاندو جەختیان لەپاڵپشتیكردنی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەو یەكخستن و بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی پێشمەرگە و هەروەها باشتركردنی باری گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەكان كردەوە. 
هەروەها بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمیان لەسەرپەرشتیكردن و ئامادەبوونی لەبەرەكانی شەڕو پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاندو سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و دۆستانی گەلی كوردستانیان كرد كە هاوكاریی سەربازییان پێشكەشی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كردووە.

دووەم: كۆبوونەوەكە وێڕای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەستیارو چارەنووسساز كە كوردستان و عیراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، جەختی لە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە لایەنە سیاسییەكان كردەوە وەك زامنێك بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكان، هەروەها لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە تەئكیدیشیان لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردەوە و پاڵپشتیی خۆیشیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە نیشاندا كە بەئاڕاستەی مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكان و پێشەوەچونی دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا بەپێویستیان زانی هەوڵەكانی لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان چڕتر بكرێتەوە.

سێیەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیان لەبەردەوامی گفتوگۆو باشتركردنی پەیوەندییەكان و جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداو هەروەها فراوانكردنی پەیوەندیی دۆستانەو هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكان كردەوە و ئەوەیان دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەقامگیری و بوژانەوەی ناوچەكەو ئاشتی و چارەكردنی كێشەو گرفتەكان دەبێت.

چوارەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پاڵپشتی تەواوی خۆیان بۆ سەرۆكی هەرێم و وەفدە یاوەرەكەی بۆ ئەمەریكا راگەیاندو پێشنیار و بۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی ئەجێندای ئەم سەردانە خستەڕوو.

پێنجەم: كۆبوونەوەكە وێڕای جەختكردنەوە لەپاراستنی سیادەو یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان و كاركردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەرێم لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان كار بۆ هێوركردنەوەی راگەیاندنەكان و دوورخستنەوەی ئەم نەفەسە بكەن كە دژی ئاسوودەیی هاووڵاتیان و یەكڕیزی نیشتیمانییە. كۆبوونەوەكە رەفزی هەموو هەوڵ و بانگەشەیەكیشی كرد بۆ سەپاندنی بۆچونێك كە لە دەرەوەی یاساو سەروەری و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستانە.

شەشەم: سەبارەت بەمەسەلەی دەستوورو سەرۆكایەتی هەرێم لایەنەكان جەختیان لەوە كردەوە دەستوورو سەرۆكایەتی هەرێم پرسێكی نیشتیمانییەو دەبێ هەموو لایەنەكان بەنەفەسێكی نیشتمانی و دوور لەگرژی و موزایەداتی سیاسی و ئیعلامی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و دەرفەت بەو لیژنەیە بدرێت كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ تاوتوێكردنی دەستوور هەڵبژێردراوەو هەروەها پرسی سەرۆكایەتیش لەچوارچێوەی یاساو كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێت.