بارزانی : رازی نابم ماوەی سەرۆکایەتییەكه‌م درێژ بکرێتەوە
21/04/2015 نوسەر: bzavpress

بارزانی : رازی نابم ماوەی سەرۆکایەتییەكه‌م درێژ بکرێتەوە

مه‌سعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ بەهیچ شێوەیەک رازی نابێت ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکرێتەوە، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو بابەتە لە نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حیزبەکانە، پێویستە ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن.
له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریكا، بارزانی وتویه‌تی كه‌ دوو ساڵ بەر لە ئێستا نامەم بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناردووە و داوام لێکردوون ئەو بابەتە زوو چارەسەر بکەن".

له‌باره‌ی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کوردستان و بارزانی رایگه‌یاندوه‌: ئەو سەردانە شتێکی ئیجابی بوو و کاریگەریی لەسەر پێوەندییەکانی بەغدا ـ هەولێر دەبێت، بەڵام نابی ئەو چاوەڕوانیەمان هەبێ کە ئەو کێشانەی لە ساڵی 2003وە سەریان هەڵداوە بەم سەردانە چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی هەرێم ئاماژه‌ی بە پرسی سەربەخۆییش كردووه‌و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ پرسی سەربەخۆیی کوردستان ڕێڕەوی خۆی تێپەڕ دەکات و هیچ کارەسات و ڕووداوێک ناتوانێ پێشی پێ بگرێت.
جەختیش دەکاتەوە، پرسی سەربەخۆیی کوردستان شتێکی یاساییە و، ئەو پرسەش تەنیا لە ڕێگەی لێک‌تێگەیشتن و دانوستانەوە چارەسەر دەکرێت، نەک لە رێگەی شەڕەوە.