ئافرەتانی شارەزوور دەبنە شۆفێر
22/04/2015 نوسەر: bzavpress

ئافرەتانی شارەزوور دەبنە شۆفێر

باخان ، بە دەنگێكی هێمن و لەسەرخۆ قسەی دەكرد و ساڵانی ڕابردوو بیری خۆی دەهێنایەوە ، كە خزم و دۆستانی بۆیان باسكردووە ، كە لە شارەكەیاندا شۆفێری ئافرەت كەمبووە ، بەڵام ئەو پێی وایە لە ئێستەدا ڕێژەیەكی زۆر شۆفێری ئافرەت لە شارەكەیاندا هەیە.
باخان كۆسار ، كچێكی تەمەن (25) ساڵە ، ماوەی (6) مانگ دەبێ‌ مۆڵەتی شۆفێری وەرگرتووە ، ئەو پێی وایە كچانیش شان بەشانی پیاوان ، دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن ، دەیگوت:" پێم وابێ‌ ژنان و كچانی شارەكەمان ، بەراورد بە ساڵانی دیكە زیاتر شۆفێری دەكەن ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆشنبیری خەڵك".
بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی قەزای شارەزوور، كە دراوە بە (بزاف) لە (1/1/2015 هەتا (20/4/2015) ، (357) مۆڵەتی تایبەتی شۆفێری دراوە بە هاوڵاتیانی قەزاكە. لەو ڕێژەیەش (229) مۆڵەتیان بە پیاوان دراوە و ( 57) مۆڵەتیشیان بە ئافرەتان ، بەراوورد بە ساڵانی ڕابردووش ڕێژەی پێدانی مۆڵەت بە ئافرەتان زیادی كردووە.
بەهار محەمەد ، چالاكوانێكی بواری ژنانە لە قەزای شارەوور و هۆكاری زیادبوونی شۆفێر ئافرەت لە قەزاكەیان دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزی ئاستی ڕۆشنبیری خێزانەكان و دەڵێ‌:" ئەگەرچی هەندێ‌ هۆكار وایكردووە ئافرەتا لە چاو پیاواندا كەمتر شۆفێر بكەن ، بەڵام ئاستی ڕۆشنبیری خێزانەكان وایكردووە لە ئێستەدا زیاتر شۆفێری ئافرەت ببینرێت ، ئەو ڕێژە زۆرەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ، كە خێزانەكانی ئەم قەزایە هاوكار و پاڵپشتی خانمانن".
هاوكات كۆچەرعەبدوڵا ، بەڕێوەبەری نوسینگەی ؛كۆچەر؛ بۆ ڕاهێنانی شۆفێری لە قەزای شارەزوور ، لە بارەی مەشقپێكردنی ئافرەتانەوە بە (بزاف) ی ڕاگەیاند:"بە گشتی ئافرەتان لە كاتی فێركردنیاندا ترسیان هەیە لە شۆفیری كردن ، ئەمەش وایكردووە بشڵەژین و دەستیان بلەرزێ‌ ، بەڵام ئەخوازم هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ لە پێناو فێربووندا".