گه‌شتی‌ ناوه‌ندی‌ سلێمانی‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان بۆ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌
25/04/2015 نوسەر: bzavpress

گه‌شتی‌ ناوه‌ندی‌ سلێمانی‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان بۆ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌

به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیای‌ بۆردومان كردنی‌ شاری‌ قه‌لاَدزئ و له‌ درێژه‌ی‌ چالاكییه‌كانیان دا ، ناوه‌ندی‌ سلێمانی‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان گه‌شتێكی‌ ئه‌نجام دا بۆ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌ .
رۆژی‌ هه‌ینی‌ 2015/4/24 هاوكات له‌گه‌ڵ 41 ه‌مین ساڵیادی‌ بۆردومانی‌ شاری‌ قه‌لاَدزێ‌ له‌لایه‌نی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ ڕووخاو ، ناوه‌ندی‌ سلێمانی‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان له‌ درێژه‌ی‌ شاخڕه‌وییه‌كانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌شتیان كرد بۆ سەر لوتكەی شاخی (ژیلوان) لە سنوری گوندی (هەڵەدن) لە ناحیەی  (سورداش)  لە (دۆڵی جافایەتی).
ابراهیم كه‌ریم سه‌رۆكی‌ ناوه‌ندی‌ سلێمانی‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان تایبه‌ت به‌ بزاڤ پرێسی‌ ڕاگه‌یاند : بەهاوكاری چەند هاوڵاتییەكی گوندی هەڵەدن و بە بەشداربوونی 55 ئەندامی ناوەندی سلێمانی فیدراسیۆنی شاخەوانی كوردستان ، گه‌شتێكی‌ ناوازه‌مان ئه‌نجام دا بۆ سه‌ر چیاكانی‌ دۆڵی‌ جافایه‌تی‌ و ماوەی گەشتەكەمان 13 سەعات و 25 دەقەی خایاند.
هه‌روه‌ها له‌ درێژه‌ی‌ قسه‌كانی‌ دا ابراهیم گه‌ریم ڕایگه‌یاند :  ئێمه‌ توانیمان 13 كیلۆمەتر و 60 مەترمان ڕێ‌ بكه‌ین و  بەرزبونەوەمان لە ئاستی ڕووی دەریاوە بگاته‌ 2163 مەتر .
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ دوپات كرده‌وه‌ : بەهۆی سەختی شاخەكە و بارینی بەفرێكی زۆر لەسەر لووتكەی شاخەكە و پاشان بارینی باران بە بەردەوامی ئەوەندەی تر گەشتەكەی سەخت تر كرد و پڕ بوو لە سەركێشی و پاشان لەكاتی گەڕانەوەماندا تاریكی داهات و تەجروبەیەكی تری شاخەوانیمان پەیڕەو كرد كە ئەوەندەی تر سەخت بوو بەڵام بە هۆی توانای دەستەی كارگێڕی و ئەندامانی دڵسۆز و ڕاهێنەر و هاوكاری ئەو بەڕێزانەی كە ڕێنیشاندەرمان بوون توانرا بەسەلامەتی و بێ هیچ زیانێك سەرجەم ئەندامان بگەیەنرێتەوە شوێنی دەستپێكی گەشتەكە .
له‌كۆتایی‌ قسه‌كانی‌ دا ابراهیم كه‌ریم ووتی‌ : بەشێوەیەكی گشتی گەشتێكی زۆر ناوازە و خۆش بوو كە تواناكانی شاخەوانانی سلێمانی دەركەوت و ئەوەی شایانی باسە ڕۆحی هاوكاری ئەندامان لە ناو یەكدا شێوازێكی جوانی بەخشی بوو بە گەشتەكە .
فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان چه‌ندین ناوه‌ندی‌ هه‌یه‌ له‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ، ناوه‌ندی‌ سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌ چالاكترین ناوه‌نده‌كانی‌ سه‌ر به‌ فیدراسیۆنی‌ شاخه‌وانی‌ كوردستان ، كه‌ تا ئێسته‌ توانیویانه‌ چه‌ندین چیا و شاخی‌ سه‌رسه‌خت و بڵندی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببڕن و سه‌ركه‌ون به‌سه‌ریدا .