30/04/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ساز دا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران پوختەیەكیان دەربارەی كۆبوونەوەی هاوبەشی سەرەتای ئەم هەفتەیەی هەردوو سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان خستە ڕوو و كۆبوونەوەكەیان بە ئەرێنی بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوو سەرۆكایەتی لە قەڵەم دا.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا میوانداریی د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان كرا بەمەبەستی خستنەڕووی كار و چالاكییەكانی دەستەی دەستپاكی و گرنگیی هەماهەنگیی دەستە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە شێوەیەكی گشتی ، تیایدا پوختەیەكی دەربارەی كار و چالاكییەكانی دەستەی دەستپاكی و كێشە و گرفتەكانی خستە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكەدا، خاتوو نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی دەربارەی پێكهاتە و كار و چالاكییەكانی وەزارەتی له كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، خستە ڕوو.
دوای گفتوگۆی وەزیرەكان لەسەر ڕاپۆرتەكە، بڕیار درا لیژنەیەك لە وەزیرە پەیوەندارەكان پێك بێت بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێكدا ڕاپۆرتەكە پوخت بكرێتەوە و لە كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیارێ لێ بدرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا پارچە زەوی، یان شوققە بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی دژی چەکدارانی داعش دابەش بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكانی ڕاسپارد.
لە بڕگەی كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا، پڕۆژەیاسای ئەنجومەنی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان لە لایەن د. ڕێكەوت ڕەشید وەزیری تەندروستییەوە خرایە ڕوو و دوای ئەوەی بە چەند سەرنج و تێبینییەك دەوڵەمەد كرا، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند كرا.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بەبۆنەی یادی یەكی ئایار، جەژنی جیهانیی كرێكارانەوە، پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان كرد.