30/04/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
مەسعود بارزانی یاسای ئامادهکردنی پرۆژهی دهستوری هەرێمی واژۆ کرد
ماڵپهڕی فهڕمی پهرلهمانی کوردستان له بڵاوکراوهیهکدا رایگهیاند که مهسعود بارزانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان یاسای ئامادهکردنی پرۆژهی دهستوری کوردستانی بۆ راپرسی واژۆ کردوه که پهرلهمانی كوردستان له دانیشتنى ژماره (8)ى رۆژى 13/4/2015 پرۆژه یاساکهی پهسهند کرد.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە (٨)ی رۆژی ١٣/٤/٢٠١٥ یاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری کوردستان-عێراق بۆ راپرسی پەسەندکرد و ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کرا بە مەبەستی واژۆکردنی، لای خۆشیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠١٥ لە ١٣/٤/٢٠١٥ یاساکەی ئیمزا کرد.
یاسای ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری کوردستان ـ عیراق بۆ راپرسی، (١١) ماددە لەخۆ دەگرێت، ماددەی دووەمی یاساکە باس لەوە دەکات کە لیژنەیەک بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ھەڵدەبژێردرێت کە(٢١) کەس لەخۆبگرێت، جا پەرلەمانتار بن یاخود لەدەرەوەی پەرلەمان بن، بە مەرجێک کەسی پسپۆر یان خاوەن ئەزموون بێت و رێژەی ژنان و نوێنەری پێکھاتە نەتەوەییەکان لەخۆبگرێت.
بەپێی ماددەی سێیەمی یاساکە پێویستە لیژنەکە لەماوەی (٣٠) رۆژدا پێکبێت و بڕیارەکانی لیژنە بە سازان بێت، لە ماددەی چوارەمی یاساکەدا ھاتووە کە دەبێ لیژنەکە لە ماوەی (٩٠) رۆژدا کارەکانی تەواو بکات و ئەگەر لەم ماوەیەش کارەکانیان بۆ تەواو نەکرا ئەوە بەپێی پێویست پەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە درێژی بکاتەوە.لە ماددەی حەوتەمیشدا ھاتووە کە راپرسی بە رادەربڕین دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە کە (ئایا رەزامەندیت لەسەر پڕۆژەی دەستووری کوردستان-عیراق ؟)، وەڵام بە (بەڵێ) یان بە(نەخێر) و پڕۆژەکەش بەدەنگی زۆرینەی دەنگدەران بە پەسەندکراوی دادەنرێت