کێ هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە کۆبانێ
30/04/2015 نوسەر: bzavpress

کێ هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بووە لە کۆبانێ

سەرباری ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هۆكاری كشاندنەوەی یەكجارەكی هێزەكانی پێشمەرگەی لە كۆبانێ بۆ كۆتاییهاتنی ئەركەكانی ئەو هێزە گەڕاندبوەوە، بەڵام جێگری وەزیری بەرگری كانتۆنی كۆبانێ باس لەوەدەكات هۆكاری گەڕاندنەوەی ئەو هێزانە نەبوونی جبەخانەبووە.

ئۆجەلان عیسۆ، جێگری وەزیری بەرگری كانتۆنی كۆبانێ لە لێدوانێكيدا ڕایگەیاندووە: چەندین جار وەك دەستەی بەرگری كانتۆنەكە سەردانی فەرماندەیی ئەو هێزەی پێشمەرگەیان كردووە لە كۆبانێ و داوایان لێكردوون، كە بمێننەوە بۆ ئەوەی پێكەوە سەركەوتنی زیاتر تۆمار بكەن.

وتیشی: هێزەكانی پێشمەرگە پێیان ڕاگەیاندوون، ماوەی سێ مانگە جبەخانەكانیان تەواو بووە و هەرێم جبەخانەیان بۆ نانێرێت.

جێگری وەزیری بەرگری كانتۆنی كۆبانێ ڕاشیگەیاند: بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە وەڵامی داواكاری هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ڕەوانەكردنی جبەخانە وتویانە، توركیا ڕێگە بە ناردنی جبەخانە نادات.

پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو، هێزەكانی پێشمەرگە ئەركەكانیان لە كۆبانێ كۆتایی هاتووە و لەسەر بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و وەزارەتی پێشمەرگە بە یەكجارەكی ئەو هێزانە دەكشێنەوە و ڕۆژی سێ شەممەش دوایین دەستەی پێشمەرگەكانی كۆبانێ بە ڕێگەی فڕۆكە لە فڕۆكەخانەی شاری رۆهای باكوری كوردستانەوە گەیشتنە فڕۆكەخانەی هەولێر.