01/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بەرپرسێکی پارتی داواکردن بۆ سەربەخۆی کەرکوك داواکاری عەرەبە شۆفینییەكانە
بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك دەڵێت: هەر كەسێك داوا بكات كەركووك بكرێتە هەرێمی سەربەخۆ هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ عەرەبە شۆفینییەكاندا نییە، چونكە ئەوانیش هەمان داواكارییان هەیە.
محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ڕاگەیاند: لێدوانی پارێزگاری كەركووك لەبارەی ئەوەی ئەگەر بوودجەی ئەوان لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەكرێت، كەركووك دەكەنە هەرێمێكی تایبەت، ئەمەش دژ بە خواستی نەتەوەی كوردە و تەنانەت حزبەكەی خۆشی لەگەڵ ئەوەدا نییە، چونكە كەركووك كوردستانییە.
جەختیشی کردەوە، بەپێی یاسا ئەگەر كەركووك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەمە هەڵەیە و، كارێكی خراپە و گۆڕینی یاساكانی ئاسان نییە و، بە دەستی من و ئەو نیە، كورد سەدان ساڵە لەپێناو كەركووكدا خەبات دەكات و هەمیشە گفتوگۆی شۆڕەشەكانی كورد لەگەڵ بەغدا لەسەر كەركووك تێك چووە، بۆیە ناكرێت هەروا دەست لەسەر كەركووك هەڵگرین و بیكەینە هەرێمێكی سەربەخۆ."
ئاماژەی بەوەشكردەوە، ئەم داواكارییە هی عەرەبە شۆفینییەكانە و، ئەگەر هەر كەسێك ئەو داواكارییە بكات هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو عەرەبانەدا نییە، بۆیە ئەگەر ئەو داواكارییەشی كردبێت پێویستە لێی پەشیمان بێتەوە."