پەرلەمان داوایەکی سەرۆکی هەریم ڕەتدەکاتەوە
02/05/2015 نوسەر: bzavpress

پەرلەمان داوایەکی سەرۆکی هەریم ڕەتدەکاتەوە

پەرلەمانی کوردستان داوایەکی سەرۆکی ھەرێم ڕەتدەکاتەوە بۆ پێدانی حەسانە بەسەرۆکایەتیەکان لەجێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای دەستەی نەزاھەدا، سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت:"پەرلەمانی کوردستان یاساکەی وەک خۆی پەسەندکردەوە".

 لەو بارەیەوە د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی نەزاھە لەھەرێم رایگەیاند، لەسەر داوای دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکی ھەرێم ماددەی پێنجەمی یاسای ھەمواری یەکەمی دەستەی نەزاھەی ڕەتکردەوە کە باس لەپیادەکردنی ھەمواری یەکەمی یاسای دەستەی گشتی دەسپاکی دەکات بەسەر ھەموو کەسێکی ناو ھەرێمدا.
وتیشی:"لەنێویاندا سەرۆکی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری و ئەندامەکانیان و ئەوانەی تێیدا کارمەندن".
ئاماژەی بەوەشکردووە "پەرلەمانی کوردستان جارێکی تر دەنگی لەسەر ئەو یاسایە دایەوەو یاساکە وەک دەقەکەی خۆی مایەوەو پەسەندکرایەوە، بۆیە ئێستا دەستەی نەزاھە دەتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ ھەر کەسێک بکات".
سەبارەت بەوەی تاچەند بوونی حەسانەی پەرلەمانتاران و وەزیران ڕێگرە لەبەردەم لێپرسینەوەیان لەلایەن دەستەی نەزاھەوە، سەرۆکی دەستەکە وتی:"بۆ پێشێلکردنی یاسا ھیچ بیانوویەک نییەو ھەرکەسێک پێچەوانەی یاسا ھەڵسوکەوت بکات، بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت".