20/08/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
خەونى میر و خەمى ئێمە
وتیان حەوشی ماڵت کوێ یە ؟
وتم حەمرین
وتیان روحت هەموو شەوێ
کوێ دەگەڕێ بۆ خەو بینین؟
وتم مەندەلى تاوان و ،نەغەدە تاوەکو عەفرین.
وتیان چاوت، هەتاوەکو
کوێ بڕ دەکا؟
وتم تا هەر شوێنێ کەوا،
کەرامەتى مرۆڤ ، تیایدا هەراج دەکرێ و،
قامچى زۆردار،
جەستەى زەبوونى سڕ دەکا.
** **
وتیان دەڵێن ، پێش چەند مانگێ،
ئەسپى مێژووت وەستاندووە .
لە بەردەمیا
نەخشەى درۆى وڵاتێکت
سوتاندووە .
یەخەت لە خیانەت شەبقەو،
لیکى نەوت و، هاوسەرگیرى سیاسی بە زۆر ،
دڕیوە و ، هەڵتەکاندووە.
شەپۆلى کات هەڵیگرتووى
بۆ ئەو ساتەى
عیراق نەبوو،
سینەى مێژو، ئەم گوڵمیخە ژەنگاوى یەى،
بە ناوا دا نەکوترابوو
ئەم ئۆردوگا زۆرە ملێیە
بەزۆر، ناوى نیشتمانى لێ نەنرابوو.
ئەو سا ئەم بەشە لە دڵت.
کوردستانەکەى باشور بوو.
بەڵام کاتێ شمشێرى غەدر
وەشێنرا،
چاڵى نەوت لە سەر پشتى تۆ
هەڵکەنرا،
جوامێرى ئەم باشورەى تۆش ،
پەلکێشکرا.
لە قوڕى بەدبەختى مێژوو
هەڵکێشرا.
کە بۆنى ژێر سمی ئەسپى
داگیرکەرى لێوە دەهات
لەو ساتەوە تاکوێستا
هەموو شەوێ تا بەیانى جنگلڕ دەدات
گەروى تینوى ئاوى حەق و،
دڵیشى بۆ ،مافى چارەنوس لێ دەدات.