10/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
وەزارەتی ڕۆشنبیری و پاساوەکانی توندڕەوی
. پاساوەکانی نەهێشتنی توندڕەوی لەلایەن دەسەڵاتی کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گۆمەڵگا بەئاڕاستەیەکی توندڕەوانەدا دەبات و بۆتە هاندەری جیاکارییەکی هەستپێکراو لەنێوان تاکی ئیسلامی و تاکی نائیسلامیدا وە هەرجارەو هەنگاوێک بەرەو جێبەجێکردنی ئەجێندا چەپێندراو و سەپێنراوەکانی ناو کارنامەی فیکری سیکۆلاریستی خۆی دەچێتە پێشەوە.
بەشێک لەبیری توندڕەوی ناو تاکی کوردی بەرهەمی بەربەستە ئازادیە دینیەکان و دەسەڵاتی دەپڵۆسێنەرانەی دەسەڵاتی کوردی بووە و بەرەنجام ئەم دەسەڵاتە ئەبێ جاوەڕێی پەرچەکرداری سایکۆلۆجی و مەیدانی لەتاکی موسڵمان بکات کە چیتر ڕۆڵی نیە لەکۆمەڵگاکەی خۆیدا و وەک ڕەگەزێک لەپێکهێنەرەکانی کۆمەڵگای خۆیدا قبوڵ ناکرێت و جیاکراوەیە لێی.
ئەگەر کتێبەکانی( محمد بن صالح العثيمین و عبدالعزیز بن باز و محمد ناصر الالبانی و صالح بن فوزان و ابن تیمیە) بیری توندڕەوی لەنێوان ئیسلامیەکان دروست بکەن ئەی لەبەرامبەر ئەمانەدا ئەبێ چ هەڵوێستێک هەبن بۆ کتێبەکانی (ماکیاڤیلی)بەتایبەت لەکتێبی( میردا ) کە زۆرترین چاپی لێکراوەو بەتەواوی تاک ئەکاتە کۆیلەی دەسەڵات و هانی دەسەڵات ئەدات لە پێناو بەرژەوەندیەکانیدا تەنانەت شێوازە نائەخلاقیەکانیش بەکاربهێنێت و هەمیشە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر بێت لە بەرامبەر خواستەكانی خهڵكدا؟ .
یاخود کتێبی لیڤاتان(ئەژدیها)ی (تۆماس هۆبز)کە سروشتی مرۆڤەکان بەشەڕانگیز و بەدخوو ناو دەبات و لەم ڕوانگەشەوە هانی دەسەڵات دەدات کە کەمترین ئازادییان پێ بدات، یاخود بیرو بۆچونەکانی (تۆماس ماڵتۆس) کە پشنیار دەکات پیرو پەککەوتەکان وەک زیادەیەک لە کۆمەڵگادا لەناو ببرێن وە بۆ زیاتر چالاک کردنی کۆمەڵگا پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەژاران توانا جنسیەکانیان لەناوببرێت و بخەستێنرێن. هەروەها چەندان کتێبی تریش هەر لەم ستایلانە لە بیرکردنەوە بوونیان ههیه بەڵام دەسەڵاتی کوردی تەنها کتێبە ئاینییەکان ئەخاتە بازنەی توندڕەوییەوە، بۆیە کۆمەڵگەی کوردی کە ژینگەیەکی تەواو بارگاوییه بەدین لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانەدا زۆرئاساییە چاوەڕێی کاردانەوەی لێ بکرێ و هەندێ جاریش لە فۆڕمی توندوتیژدا خۆی ببینێتەوە.
لەکۆتایدا دەبێ ئەوە بوترێ کە بەگوێرەی پێوەرە دیموکراسیەکانیش بێت ناکرێ سەنگی ئازادی و مافە ئاینییەکان لە ئاست زۆرینەی کۆمەڵگاکەیدا نەبێت کە بارگاویە بەدین، تەنانەت بە پێودانگی بانگەشەی یەکێک لەمۆدێلەکانی سیکۆلاریزمیش کە وەک چوارچێوەیەکی فراوان خۆی نمایش ئەکات بۆ لەخۆگرتنی ئاین و چینە جیاوازەکان ڕۆڵی ئاین و کتێبە ئاینییەکان ناگاتە ئەم ئاستە لە قەدەغەکردن و جیاکردنەوەیان لە شوێنکەوتوان و خوێنەرانیان