18/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
یەکگرتو: عەلی قەرەداغی لەسەر یەكگرتووی ئیسلامی حسێب نییە
دوای ئەوەی عەلی قەرەداغی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی لە وتارێكیدا پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەتی ئۆردۆگان دەربڕی، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا، ناڕەزایی بەشێك لە نوسەران و رۆژنامەنوسانی لێكەوتەوە.
لەو بارەیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی ، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "دكتۆر عەلی قەرەداغی لەسەر یەكگرتووی ئیسلامی حسێب نییە و ئەو خۆی كەسایەتێكی ئیسلامییە و خزمەتێكی زۆری بە كوردستان كردووە، ئەو نوسینانەشی ڕاو بۆچونی خۆیەتی".
ئاماژەی بەوەش كرد: وەك یەكگرتووی ئیسلامی ئەوەندە پشتگیری هەنگاوەكانی ئاكپارتین كە بەردەوام بێت لە سەر پرۆسەی چارەسەری ئاشتی، پرۆسەی چارەسەری ئاشتی بگەیەنێتە ئەنجام لە باكوری كوردستان و كێشەكانی كورد لەو پارچەی كوردستان چارەسەر بكات .
وتیشی: "پشتگیری هەردوو لایەن دەكەن، هیوادارین هەدەپە بەربەستی لە %10 ببڕێت، بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كورد لەو پارچەیە بە شێوەیی مەدەنی بگاتە ئەنجام، ئاكپارتیش لە ماوەی دەسەڵاتیدا هەنگاوی باشی ناوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد و ئەو كرانەوەیەی كە هەیە، هیوادارین بەردەوامبێت لەو كرانەوەیە، بەڵام لایەنگری هەدەپەین كە بتوانێت دەنگی زیاتربێنێت و بە قورسایەكی زیاتر بچێتە ناو پەرلەمانی توركیا".