ئەم زانایە پێش (1000)ساڵ لەمەوبەر وەفاتی كرد، بەڵام كتێبەكانی لە زانكۆكانی خۆرئاوادا تا ئەم (100)ساڵەی دوایی دەخوێنران .
ناوی (أبو القاسم عمار كوڕی علی الموصلی)، لەشاری موصڵ لەدایكبووە، هەربۆیە ئەم نازناوەشی هەڵگرتووە. هیچ سەرچاوەیەكی مێژوویمان نیە لەسەر ساڵی لەدایكبون و مردنی ئەم زانا گەورەیە. ئەم زانایە باس لەژیانی كراوە لەنێوان ساڵانی (386-411ك/ 996-1020ز) كاتێ بەشوێن زانست و زانیاری پزیشكیدا گەڕاوە و شارەو شاری كردووە و لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە سەفەری كردووە و زانستە پزیشكیەكانی خۆی پەرەپێداوە. سەرەتای وەرگرتنی زانستیشی لەلای مامۆستاكانی موصڵەوە دەست پێكرد و پاشان بۆبەدەستهێنانی زانستی زیاتر، ڕووە و (خۆراسان) چوو، ماوەی چەند ساڵێ لەوێ مایەوە و پاشتر ڕووی كردە باكوری كوردستان و چووە (دیاربەكر) كە ئەو كاتە یەكێ بوو لەشارە هێمن و ئاسایش و پڕ لە زانستگا و مامۆستای بەتوانا. پاش ماوەیەك ئەوێشی جێ هێشت و هاتە (كوفە) . دوای ماوەیەك گەشتێكی تری ڕووە و وڵاتانی شام دەستپێكرد، بەتایبەتی بۆ وڵاتی فەڵەستین و ماوەیەك لەلای گەورە زانایانی زانستی پزیشكی خوێندنی و پاشان ڕووی كردە مەككە و مەدینەی منەوەرە. لەماوەی ئەم گەشتانەیدا چاوی كەوتووە بە زۆربەی شارەزایانی بواری پزیشكێتی لە زانستی چاوئێشەو پزیشكێتی چاو. موصڵی بەهۆی دیاریكردنی پسپۆڕی بۆ كاری پزیشكیەكەی، كە بەدەستهێنانی زانیاری باش و دروست بوو لەبارەی شیكاری چاوەوە و بەدەستهێنانی زانیاری تەواو لەسەر نەخۆشیەكانی چاو و چۆنیەتی چارەسەركردنی بەڕێگای جۆراوجۆر. ئیبن ئەبی ئەصیبعە لەبارەیەوە وتویەتی: "پزیشكێكی لێهاتوو و دەست ڕەنگین بوو، پسپۆڕێكی بەتوانا بوو لەدیاریكردنی نەخۆشیەكانی چاودا". ناوداری و ناو ڕۆشتنی ئەم زانایەش وەكو كەسێكی بەتوانا بۆ دواهەمین سەفەری دەگەڕێتەوە كە ڕووی كردە وڵاتی میسر، لە دەورانی خەلیفەی فاتمی (حاكم بأمرالله). ئەوەبوو كاتێ هەواڵی زیرەكی ئەم پزیشكەی بیست، بانگهێشتی كۆشكی خۆی كرد و كردیە پزیشكی تایبەتی خۆی .
بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان ئەم زانایە ئەزمونی تەواوی لە پزیشكێتی چاودا پەیدا كردووە و لە بیمارستانەكانی ئەو وڵاتەدا نەشتەرگەری چاوی زۆر بەشێوەیەكی سەركەوتووانە ئەنجامداوە، بەبەشداری قوتابیەكانی فێرگەی خۆی، تاوەكو شارەزایی ورد و پراكتیكیانە وەربگرن لە زانستەكەیاندا و بەتەنها لەچوارچێوەی نەزەریدا نەمێنێتەوە.
بەدەستهێنانەكانی عەمار و داهێنانەكانی لە پزیشكێتی چاودا
ڕۆژهەڵاتناسان (مایرهوف و هیرشبورج) دەڵێن: "عەمار موصڵی لە پێشەنگەكانی ئەم زانستەیە و هیچ كەسێك پێش ئەم پسپۆڕی وای بەدەست نەهێناوە، بەتایبەتی لە دەرهێنانی ئاوی سپی زیانبەخشی چاو لە ڕێگای دەرزیەوە، تاوەكو هیچ جۆرە مەترسیەك لەسەر چاوی نەخۆش دروست نەكات". هەروەها عمر فروخ لە كتێبی (تأریخ العلوم)دا دەڵێ: "موصڵی لە كتێبێكیدا بەناوی المنتخب فی علم العین وعللها و مداواتها باڵادویە، شەش ڕێگای نەشتەرگەری بۆ دەرهێنانی ئاوی سپی زیانبەخشی چاو خستۆتە ڕوو". لەگەڵ ئەوەی ئەم نەشتەرگەریە یەكجار جێی مەترسی بوو، بەڵام موصڵی زۆر بەشێوەیەكی باش ئەنجامی ئەدا، بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستی و پاكوخاوێنی دیوی دەرەوەی چاوەكە و پاراستنی لە تێكچوون و بەباشی هێشتنەوەی.
ئەم زانایە بەهۆی پسپۆریەكەیەوە لە نەخۆشی چاودا، توانی چارەسەری نەخۆشی (غگش البصر) بكات، نەخۆشیەكە زیاتر توشی مناڵان دەبێت و بریتیە لە چاوكزی، كە ناتوانن چاویان لە ڕووناكیدا (ڕۆژ) هەڵبێنن و تەنها لە تاریكیدا هەڵیەن. ئەمەش (1000)ساڵ پێش خۆرئاواوە ڕونیكردۆتەوە.
موصڵی كتێبێكی تایبەتی لە پزیشكی چاو دانا بۆ حاكم بأمرالله لە (401ك/1010ز) بەناوی (المنتخب فی علاج أمراچ العین)، تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆشیەكانی چاوی خستۆتە ڕوو، چەندین ڕێگای وردیشی بۆ چارەسەركردنی دانا كە بووە سەرچاوەیەكی باشی قوتابی و لێكۆلەرەوانی پزیشكی چاو. ئەم كتێبە پێكهاتوە لە (21) بەش و، شیكاری چاو و دیاریكردنی شوێن و ناوەكانیان، هەروەها لەباسی نەخۆشیەكانی چاویشدا پۆلێنی بابەتەكەی كردووە بۆ 51بەش. لەگەڵ ئەمانەشدا توانیویەتی عەدەسە دابنێت بۆ چاو و لەو ڕێگایەوە ڕەنگ و ڕووناكی بۆ چاوەكە بگێڕێتەوە.
ئەم كتێبە وەرگێردرا بۆ یەكەمجار لەلایەن (داود هیرمینوس Hermenus) بۆ لایتی و عیبری و قشتالی.
كتێبی (المنتخب) تاوەكو ئێستاش چەندین دەستنوسی پارێزراوە لەم شوێنانە:
1. دارالكتب المصریە و گەنجینەی تەیمور.
2. گەنجینەی گشتی لە رباض/ مەغریب.
3. كتێبخانەی ئیسكوریال لە ئیسپانیا.
4. كتێبخانەی بەریتانیە/ لەندەن.
5. كتێبخانەی سرای ئەحمەدی سێیەم/ ئیستەنبوڵ، بەناوی (پەیامێك لەبارەی پزیشكێتی چاوە)وە .