23/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
راند پۆڵ: بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش، پێویستە کورد راستەوخۆ پڕچەک بکرێت
کاندیدێکی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەتیەکەی ئەمریکا بەپێویستی دەزانێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داعش، کورد راستەوخۆ پڕچەک بکرێت و دژایەتی خۆیشی بۆ رەوانەکردنی ھێزی زەمیینی ئەمریکا بۆ عێراق دەردەبڕێ.
سیناتۆر راند پۆڵ کاندیدی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە میانی وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی سی ئێن ئێن سەبارەت بەوەی ئەگەر لەم کاتەدا سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا بوایە چی دەکرد، رایگەیاند یەکەم کارم بریتی دەبوو لە ھاوپەیمانی کردن لەگەڵ کورد، چونکە ئەوان باشترین جەنگاوەرن و راستەوخۆو بەبێ گەڕانەوەش بۆ حکومەتی بەغداد پڕچەکم دەکردن.
ئاماژەشیدا بەوەی بەشێک لەو گرفتەی بارودۆخی عێراقی ئاڵۆزکردووە بۆ شەڕی لەمێژینەی نێوان شیعەو سوننە دەگەڕێتەوەو بەدووریشی نەزانی کە دوای رزگارکردنەوەی ناوچە سونییەکان لەدەست داعش، سوننەکان دژی شیعە بجەنگن.
سەبارەت بە پرسی رەوانەکردنی ھێزی زەمیینیش بۆ عێراق، سیناتۆر پۆڵ وتی، ئەگەر عێراقییەکان خۆیان نەیانەوێت بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن، ئەوا پێموانییە پێویست بکات ئێمە سەربازی ئەمریکی بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە رەوانە بکەین.