پەکەکە: لەگەڵ شەڕکردننین لەگەڵ هیچ لایەنێک
24/05/2015 نوسەر: bzavpress

پەکەکە: لەگەڵ شەڕکردننین لەگەڵ هیچ لایەنێک

دوای‌ روودانی‌ شه‌ڕ له‌نێوان گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان و پێشمه‌رگه‌كانی‌ حزبی دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران و شه‌هیدبوونی‌ دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ ئه‌و حزبه‌، په‌كه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هه‌ڵوێستی‌ خۆی راگه‌یاند و ده‌ڵێت ئه‌وان له‌گه‌ڵ شه‌ڕكردندا نین له‌گه‌ڵ هیچ حزبێكی‌ كوردی.
دەمهات عەگید ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" ، لەبارەی ڕووداوەكەی ئەمڕۆی كێلەشین بە ئاژانسی "ڕۆژنیوز" ی وتووە:" ئێمە نامانەوێت له نێوان ئێمە و پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان كێشە و شەڕ دروست ببێت".

عەگید راشیگەیاندووە : ‌هێزەكانی حزبی دیموكرات بەئێمەیان وتبوو دەمانەوێت ئەو سنورە بۆ تێپەڕبوون بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەكاربهێنین، ئێمەش پێمانوتن لەوەدا هیچ كێشەیەك نیە و، هەركات دەتانەوێت دەتوانن ئەم سنورانە بەكاربهێنن، بەڵام ئەوان نیازێكی خراپیان هەبوو لەناوچەكانی گەریلا".
ئەو بەرپرسەی "كەجەكە" ئاشكراشیكردووە :" جگەلەوەش ئەو پێشمەرگانەی حزبی دیموكرات رۆژانە لەناوچەكەدا گوشاریان لەخەڵك دەكرد و بەزۆر پارە و گومرگیان لە خەڵك و كاسبكارانی ناوچەكە دەسەند، ئێمەش لەو بارەیەوە ئەوانمان وشیار كردەوە كە نابێت ئەو كارانە ‌بكەن لەم ناوچەیەدا و ئەگەر وادەكەن ناوچەكە بەجێبهێڵن.
عەگید راشیگەیاندووە: ئێمە ئەنجامی تەواوی ڕووداوی ئەمڕۆمان لەبەدەستدا نیە، ئەوان خۆیان وا دەڵێن و ڕیكلام دەكەن، ئێمە لایەنگری ئەوەنین كە ئەو مەسەلەیە گەورەبكرێت، جارێكی تربە بەرپرسانی حزبی دیموكرات دەڵێن كە پێویستە ئەو مەسەلەیە بەزوترین كات چارەسەربكرێت، ئەگەر ئەوان دەیانەویت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان تێكۆشان بكەن زۆر سنوری تری ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، كە هێزی گەریلاشی لێنیە، بەڵام ئامانج چیە لەوەی تەنها ئەو هەرێمانەیان لەم كاتەدا هەڵبژێردراوە كە گەریلای لێیە، خۆ ئەگەر بیانەوێت ئەوان دەتوانن لە جێگەی تریش باشتر خەبات و تێكۆشان بكەن". 
دەمهات عەگید وتیشی، ئێمە لەو باوەڕەداین چەند هێزێك هەن لە هەرێمەكەدا دەیانەوێت لەم قۆناغە هەستیارەكەدا كێشە و ئاژاوە و دوبەرەكی لەناو كوردان دروست بكەن و داواشی لە راگەیاندنەكانی باشووری كوردستان كرد كە ڕووداوەكە چەواشە نەكەن و نەبونە هۆی دروستبوننی شەڕو ئاژاوە