30/05/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
عوسمان سەبری
عوسمان سەبری لە ساڵی ١٩٠٥ ز دا لە گوندی نارنجیی سەر بە شاری مێردین لە باکووری کوردستان چاوی ژیانی ھەڵێناوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ئامەد (دیاربەکر) و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان تەواو کردووە لە ساڵی ١٩٢٥ ز دا بەشداری لە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران کردووە، بەڵام چونکە لاوێکی تازە پێگەیشتوو بووە، بە بەر ھەڵمەتی گرتن و کوشتن نەکەوتووە.
لەگەڵ لەسێدارەدانی شێخ سەعید و ھەڤاڵانی ھەستی نەتەوەیی پتر بە ھێزبووە پتر کەوتووەتە چالاکی ڕامیاری و کە، زانی لە تورکیا جێی نابێتەوە، خۆی و شەش لە براکانی ڕوو دەکەنە سووریا لە شاری دیمەشق نیشتەجێ دەبن.
ئۆسمان سەبری لە ١٩٩٤.١٠.١٠ ز دا لە شاری دیمەشق کۆچی دواییکرد.
ئۆسمان سەبری لە بەندیخانە
سەیدا ئۆسمان سەبری لەگەڵ دەرچواندنی گۆڤاری ھاوار لەلایەن میر جەلادەت بەدرخانەوە لە ١٩٣٢.٠٥.١٥ ز دا لە دیمەشق بوەتە نووسەرێکی سەرەکی ئەو گۆڤارە و گەلێک وتاری بەنرخی لەسەر نوسینی کوردی بەلاتینی تێدا نووسیوە و کاتێکیش، کە میر جەلادەت گۆڤارێکی تریش بەناوی ڕوناھی (گۆڤار) ھەر لە دیمەشق لەساڵی ١٩٤٢ ز دا دەرچوواند و تاکو ساڵی ١٩٤٥ بەردەوام بوو، لە دەرچوون، مامۆستا ئۆسمان سەبری وتار و شیعری پتەوی بەلاتینی تێدا بڵاوکردۆتەوە بەم جۆرە مامۆستای خەماڕەنگین یەکێک بووە لە نووسەرە ناودارەکانی کورد، کە پەرەیان بەنووسینی کوردی بە پیتی لاتینی داوەو بنچینەی ئەلف و بێی کوردییان ئەو ئەبجەدییە داناوە. لەبواری خەباتی نەتەوایەتیش دا سەیدا ئۆسمان لەساڵی ١٩٥٧ ز لەگەڵ خەباتگێڕی ناسراوی وەک نورەدین زازا و دەستەیەک لە نیشتمانپەروەرانی کورد پارتی دیموکراتی کوردیان لەسووریا دامەزراند و بەم کارە ڕامیارییەی میری سووریا پێ تەنگاو بوو و چەند جار ئەو تێکۆشەرانەی گرت و دەست بەسەریکردن. مامۆستا ئۆسمان لە ژیانی ڕامیاریدا ١٨ جار گیراوە و ئەشکەنجە دراوە و لەوانە دووجار لە تورکیا دوو جار لە ئێراق و جارێک لە لوبنان و ١٣ جاریش لە سووریا گیراوە و لە ڕۆژی ١٩٦٠.٠٨.٠٨ دا لەگەڵ نورەدین زازا و ڕەشید حەمۆ لەسەر خەباتی ڕامیاریان وەک سەرکردەی پارتی فەرمانی لەسێدارەدانیاندار، بەڵام نووسەر و ڕووناکبیر کورد لە ئەوروپا و ئێراق و لوبنان یاداشت و پڕۆتسۆیان پێشکەش بەجەمال عەبدولناسر کرد و داوای بەردانیان کردن و لە ئەنجامی ئەو داواکارییانە دوای ساڵێک بەندیی لە ڕۆژی ١٩٦١.٠٨.٠٨ دا ئازاد کران.
سەیدا ئۆسمان سەبری ھەموو پارچەکانی کوردستان گەڕاوە، دوای ھاتنی بۆ دیمەشق نیشتەجێ بوونی لەو شارەدا، لەساڵی ١٩٣٠ ز دا پەیوەندی بە پارتی خۆییبوونەوە کردووە چالاکیەکی زۆری تێدا نوواندووە و بەناوی ئەو پارتەوە سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و خۆی گەیاندۆتە بارزان و لەوێ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی کۆبۆتەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی خۆیبیون بە خەباتی کورد لە کوردستانی باشووردا و ھەر بەناوی خۆیبوونیش سەردانی کوردستانی باشووری کردووە و چەند تێکۆشەری ئەوێی چاوپێکەوتووە و ئەم کەسایەتییە لە ژیاندا واتای ماندووبوونی نەزانیوە و تا دوا ھەناسەی ژیانی ھەر لە خەباتی بێ وچاندا بووە لە پێناوی مافە نەتەوەییە ڕەواکانی کورددا.
ئۆسمان سەبری زنجیرەیەک پەڕتووکی بەنرخی بە زمانی کوردی و پیتی لاتینی بەچاپ گەیاند، کە ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەوبەرھەمانەی:
ئەلفبای کورد - لە ساڵی ١٩٥٥ دا لە دیمەشق چاپی کردووھ
ئاپۆ
دردێن مە
باھۆز (دیوانی ھۆنراوە) لەساڵی ١٩٦٥ ز دا لە دیمەشق چاپکراوھ
چار لە ھەنگ (چوار قارەمان) لەساڵی ١٩٨٤ ز دا لە دیمەشق چاپکراوھ