04/06/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بێ ده‌نگی هاوڵاتيان، هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری نیگه‌ران كردووه
چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی كوردستان نیگه‌رانن له‌وه‌ی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌یان نییه كه دژی گه‌نده‌ڵی‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی وڵات ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، په‌رله‌مانتارێكیش رایگه‌یاند كه هیچ كه‌سێك نییه هێنده‌ی به‌رپرسی گه‌نده‌ڵكار پشتیوانی هه‌بێت‌و هۆكاری ئه‌وه‌شی بۆ "گه‌نده‌ڵی سیستمی حوكمڕانی" گه‌ڕانده‌وه.
ئه‌گه‌رچی رۆژانه سه‌دان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن چه‌ند په‌رله‌مانتارێكه‌وه هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌و بۆ رای گشتی ئاشكرا ده‌كرێن، به‌ڵام وه‌ك پێویست كاردانه‌وه روونادات‌و هاوڵاتيان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی وه‌ریده‌گرن.
شێركۆ جه‌وده‌ت په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتوو به بزاڤی وت "له‌وپه‌ڕی هه‌وڵداین‌و پێویستیشمان به‌كات‌و هاوكاری هه‌مو لایه‌ك هه‌یه، هاوڵاتيان ته‌نها ده‌ستخۆشیمان لێده‌كه‌ن‌و هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هه‌یه له‌رووی ئاگاداركردنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش به‌شێكی گرنگه‌و بۆ ئێمه مایه‌ی خۆشحاڵییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌شێك له‌كۆمه‌ڵگه یان ئاگای لێ نییه یان جۆرێك له‌بێ ئومێدی توش بووه كه ده‌بینێت هه‌رچیه‌ك ده‌كرێت سوودی نییه، ئه‌مه‌ش بێ گومان جۆرێكه له‌بیركردنه‌وه‌ی نه‌رێنی‌و نابێت هاولاتیان به‌و جۆره بیربكه‌نه‌وه".
هاوكات سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌بزاڤی وت "پێویسته هاوڵاتیان به‌ئاگابن له‌وه‌ی له‌م هه‌رێمی كوردستانه‌دا روویداوه به‌ناوی حوكمڕانییه‌وه، ئه‌وه‌شی ئاشكرای ده‌كه‌م به‌شێكه له‌هه‌وڵه‌كانی به‌دواداچوون‌و چاودێری له‌كاری په‌رله‌مانیدا، راسته خه‌ڵك چاوه‌ڕوانه گه‌نده‌ڵكاران له‌دادگاو زیندانه‌كان ببینن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین هیچ كه‌سێك نییه هێنده‌ی به‌رپرسی گه‌نده‌ڵكار پشتیوانی هه‌بێت، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه گه‌نده‌ڵی سه‌راپای حوكمڕانێتی ته‌نیوه".
هۆكاری بێ ده‌نگی هاولاتیان له‌ئاست ئه‌و گه‌نده‌ڵییه به‌لێشاوه‌ی له‌هه‌رێمدا هه‌یه، بۆچوونی جیاوازی لای په‌رله‌مانتاران دروستكردووه.
شێركۆ جه‌وده‌ت له‌وباره‌وه وتی "به‌شی زۆری په‌یوه‌ندی به سیستمی حوكمڕانی هه‌رێمه‌وه هه‌یه، كه به‌شێك له‌هاوڵاتیان سودمه‌ند بوون لێی، هه‌روه‌ها ئه‌و قۆناغه جیاوازانه‌ی كه هه‌رێم پێیدا تێده‌په‌ڕێت".
هاوكات سۆران عومه‌ر وتی "ئه‌وه‌ی پێویسته كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه، لێپرسینه‌وه‌یه له‌ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی‌و داواكاری گشتی، ئه‌وه‌شی پێویسته پشتیوانی به‌رده‌واممان بێت‌و ئه‌وانیش فشار دروست بكه‌ن، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه، ئه‌مه تاراده‌یه‌ك غیابی هه‌یه له‌پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا".
له‌پاڵ بێ ده‌نگی هاوڵاتیان، زۆرێك له‌ده‌سته‌و ده‌زگا حوكمیه‌كانیش هه‌ڵوێستیان نییه‌و ئه‌وانیش به كه‌مته‌رخه‌م له‌قه‌ڵه‌م ئه‌درێن.
عه‌لی حه‌مه صاڵح په‌رله‌منتاری گۆڕان به بزاڤی وت "به‌داخه‌وه، ئێستا تاراده‌یه‌ك بێده‌نگییه‌ك هه‌یه له‌شه‌قامی كوردیدا، كه ئه‌وه مایه‌ی نیگه‌رانییه، به‌ڵام ئێمه تێ ئه‌گه‌ین به‌شێكی ئه‌مه ره‌نگه په‌یوه‌ندی به‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌كرێت جگه‌له خه‌ڵك دامه‌زراوه‌ی تری حكومی به‌و رۆڵه هه‌ڵسێت، وه‌ك دیوای چاودێری دارایی، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌و داواكاری گشتی، به‌رپرسانی حوكمیش ئیحترامی ئه‌وه بگرن‌و له‌وه تێبگه‌ن كه ئه‌م بێده‌نگییه‌ی خه‌ڵك هه‌ستكردنه بۆ دۆخه‌كه".
له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان هاوڵاتیان‌و په‌رله‌مانتاران‌و ئه‌گه‌ری شكاندنی به‌ربه‌ستی بێده‌نگی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه، شێركۆ جه‌وده‌ت وتی "به‌شێكی ئه‌ركی ئێمه ئه‌وه‌یه كه پێویسته هاوڵاتی هۆشیار بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه قبوڵ نه‌كردنی هاوڵاتیان بۆ گه‌نده‌ڵی ده‌بێت چۆن بێت، كه بێ گومان نابێت قبوڵ نه‌كردنێكی توندوتیژو زیان به‌خش بێت به به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌له‌كه‌مان".
هه‌روه‌ها سۆران عومه‌ر وتی "كاره‌كانی ئێمه ئه‌مرۆ ئه‌نجامی نه‌بێت سبه‌ی ده‌یبێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌یسانه‌ی گه‌نده‌ڵی كه چوونه‌ته بواری دادگایی كردن، كاره‌كانی ئێمه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌ڵام گه‌نده‌ڵی كه‌ڵه‌كه‌بووی 23 ساڵ به 23 مانگ چاره‌سه‌ر ناكرێت، كاتی زیاترمان پێویسته".
له‌خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا، چه‌ندان دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ئاشكرابوون‌و ئه‌ركی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران له‌م خوله‌دا بووه‌ته گه‌ڕان‌و به‌دواداچوون له‌سه‌ر پرسی گه‌نده‌ڵی‌و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه نه‌بینراوه.