07/06/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پێشمەرگە بەبێ هیچ مەرجێك بەشداری لەگرتنەوەی موسڵدا دەكات
پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە بەوەدەكات: هەرێمی كوردستان بە بەغدای راگەیاندووە كە پێشمەرگە بەبێ هیچ مەرجێكی پێشوەخت بەشداری لەگرتنەوەی شاری موسڵدا دەكات و تەئیكدیش دەكاتەوە كە مەسعود بارزانی وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كەوتنی موسڵ دەداتەوە.
عەبدول عەزیز حەسەن، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: دەستەی ئەركانی هێزەكانی پێشمەرگە بە حكومەتی ناوەندی راگەیاندووە كە سەركردایەتی كورد هیچ مەرجێكی نییە بەرامبەر بەشداریكردنی پێشمەرگە لەشەڕی گرتنەوەی شاری موسڵ و ئامادەیە بۆ دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە، بەڵام وا دیارە تائێستا سوپای عێراق ئامادە نییە، ئەویش بەهۆی سەرقاڵیەوە بەشەڕی گرتنەوەی ئەنبار.
وتیشی: هێزەكانی پێشمەرگە پێویستیان بە هاوكاری لۆجستی هەیە، بەڵام ئەوەش وەك و مەرج دانانرێت بۆ بەشداریكردنی لەپرۆسەكە، چونكە ناوەند دەستی كردووە بە پێشكەشكردنی هاوكاری پێویست بۆ پێشمەرگەو خەرجكردنی بودجەكەی.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە رەتیشیكردەوە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەڵامی پرسیارەكانی تایبەت بە كەوتنی موسڵ نەداتەوە كە لەلایە لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو كەیسە ئاراستەی كراوە، یان وەڵام نەدانەوەی سەرۆكی هەرێم پەیوەست كرابێت بە گرتنەوە پارێزگای نەینەواو تەئیكدیش كرەوە كە (مەسعود بارزانی) بەهەموو وەردەكاری و شەفافیەتێكەوە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە.