رونكردنەوەیەكی پێویست لەبارەی هەڵەتێگەیشتنی هەندێ دۆست و هاوڕێ لەبەرنامەكەی تەباو ناتەبا
23/08/2013 نوسەر: bzavpress

رونكردنەوەیەكی پێویست لەبارەی هەڵەتێگەیشتنی هەندێ دۆست و هاوڕێ لەبەرنامەكەی تەباو ناتەبا


دوای تەواوبوونی بەرنامەكە هەندێ لەبرایان و هاوڕێیانی بەڕێزم كەخاوەنی ئینتیمایەكی ئیسلامین زیاتر پەیوەندیم پێوە دەكەن و گلەیی ئەكەن و هەست ئەكەم هەڵە تێگەیشتن و لێكدانەوەیان بۆ قسەكانم هەیە. بۆیە پێمخۆشبوو ئەوە بۆ ئەوان و هەموو لایەكیش روون بكەمەوە:
1. چ پێشترو چ ئێستاش لەروانگەوە منەوە ئیسلامیەكان خەڵكی رەسەنی ئەم وڵاتەن و جێگە دەستیان چ لەخەباتی رزگاریخوازیی چەكداری كوردی پێش راپەڕین و چ لەئاوەدانكردنەوە‌و گرتنەخۆی هەتیوان و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دوای راپەڕین هەبووەو رۆژێك لەرۆژان لەهیچ نوسین و لێدوانێكی مندا شتێكی پێچەوانەی ئەم راو بۆچوونەم نەوتووە.
2. هەر لەسەرەتای كودەتاكردن بەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن لەمیسرو دوورخستنەوەی محەمەد مورسیەوە تادەگاتە كوشتنی خۆپیشاندەرانی ئیخوان موسلیمین، چ وەك ئینسانێكی مسوڵمان و خاوەنی هەستی ئینسانی هەم كودەتاكەو هەم قەتڵ و عامی ئیخوان موسلسمینیش مەحكومكردووەو بەئەركم زانیوە‌و دەزانم لەئاست كوشتنی هەر ئینسانێك بەناڕەوا پێویستە ئیسنانی ویژدان زیندوو هەڵوێستی هەبێت، بەتایبەتیش لەمیسر هەموو شێوەیەك ئیخوانەكان تیرۆر ئەكرێن و تەسفیەی جەستەیی ئەكرێن ‌و هەموو پۆستەكانم لێرەدا ماون و شاهێدن.
3. لەبەرنامەكەی تەبا و ناتەباش بەهیچ شێوەیەك من نە ئیتیهامی ئیسلامیەكانم كردووە بەوەی ئینتیمای نەتەوەیی‌و نیشتیمانیان نیەو نەگومانیشم خستۆتەسەریان، وە نەباسیشم لەوە كردووە كەخاوەنی هەڵوێستی نیشتمیانی نین، بەڵكو من باسی پێداچوونەوەو باشتركردن‌و راگرتنی هاوسەنگیم كردووە لەئاستی گوتاری سیاسیان لەحاست پرسە نەتەوەیی‌و نیشتیمانیەكان، چونكە بۆخۆشیان باشترەو دەتوانن سەرنج و رەخنەی خەڵك كەمتر بكەنەوە لەو رووەوە.
4. من تەمەنای ئەوەم ئەكرد وەك دواتریش بەبرای بەڕێزم د.شێركۆم وت كەنەدەبوو وەك هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن قسەی بكردایە، بەتایبەتیش بەهیچ شێوەیەك من نەهێرشم كردە سەر ئیخوان موسلیمین نەبۆسەر یەكگرتووی ئیسلامیش، بەڵام بەڕێزیان هەر لەسەرەتاوە ئاراستەی بەرنامەكە بەلایەكیتردا بردو گومانی خستە سەر زانیاریە مێژووییەكانی من، بۆیە ناچار بووم تاكۆتایی بەرگری لەزانیاریەكانی خۆم بكەم. ئۆباڵی ئەو بەئاراستە بردنەش لەئەسۆتی ئەودایە نەك من و ئەنقەستیش وایكردو چەند جارێكیش داوام لێكرد ئاراستەی گفتوگۆكە بەو جۆرەدا نەبات.
5. بەشێكیتر لەقسەو رەخنەكانی من ئەوەیە لەئیسلامیەكان، كەمادەم سەرزەمینی كاركردن و رەچەڵەكی نەتەوەییان كوردستان‌و نەتەوەی كوردە، دەبێ زیاتر ئەو تایبەتمەندیە لەگوتاری سیاسی و هەڵوێست و كارەكانیاندا رەنگبداتەوەو پێویستە هاوسەنگی رابگرن. وەك لەبەرنامەكەش ئاماژەم پێكرد لەرووداوەكانی دوجاری بادیناندا كەبەسەر یەكگرتووی ئیسلامیدا هات‌و 4 ئەندامیان شەهید كرانو قورئانی پیرۆز لەبارەگاكانیاندا سوتێنراو برایانی كۆمەڵی ئیسلامیش كە53 پێشمەرگەیان بەناڕەوا شەهید كرا‌و پێشتریش مامۆستا عەبدوڵڵای قەسری یان تیرۆركرا بەشیەحاڵی خۆم هیچ هاوسۆزییەكی فەرمیم لەهیچ حزبێكی ئیسلامی و رێكخراوە ئیسلامیەكانی وڵاتانی ئیسلامی نەبینی. بۆیە پیویستە موراجەعاتی خۆیان بكەن‌و دەبێ ئەو پرسیارە لایان دروستت ببێت كەمەسەلە دەربڕینی هاوسۆزی و ناڕەزایی بێت خۆ خوێنی ئینسانی ئەمانیش هەروا هەرزان نیە.
6. هاوكات بەشبەحاڵی خۆم دە ئەوەندە رەخنەم لەیەكێتی و پارتی و لایەنە عەلمانی و نەتەوەییەكان هەیە و جێگەی رەخنەی گەورەن لەهەموو روویەكەوەو پێموایە نە موزایەدە بەسەر رۆژئاوای كوردستان و مەسەلە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانەوە ئەكەن، بەڵكو وەك چۆن لەرابردودا لەگەڵ توركیا بەشدارن لەدژایەتیكردنی جوڵانەوەی نەتەوایەتی كورد لەباكوری كوردستان، ئێستاشەدژایەتیكردن و برسیكردنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەشدارن تادەگاتە گەلە كۆمەكێ لە كێشەی كورد لەو پارچەیەو ئەوەشی لەمیدیاكانەوە باس ئەكرێ بەشێكی زۆری چاوبەستكردنە.
7. هەمیشە لای من رەخنە لەسەر بنەمایەكی زانستی‌و بابەتی و مەعریفی چ بۆ ئیسلامیەكان بێت یان هەر هێزێكیتر پێویستە، چونكە هەر هێزێك نەتوانێت هەڵەكانی ببینێت و خۆی چاك بكات ناتوانێت لەبەڕێوەبردنی خەڵكدا سەركەوتو بێت. رەخنەی منیش لەئیسلامیەكان لەلایەك بۆ ئەوەیە كەلێرە بەدواوە لەكوردستان حاڵەتی ئیسلامی بخرێتە بۆتەی زانستی و ئەكادیمیەوەو بابەتیانە لێیبڕوانین وەكچۆن ئێستا لەئەڵمانیاو فەرەنساو بەریتانیا و زۆر وڵاتی تر رەوتی ئیسلامی لەباشوری كوردستان دیراساتی ماجستێرو دكتۆرای لەسەر ئەكرێت و بووە بەكەرەستەیەكی زانستی، بۆیە دەبێ ئێمەش لەو ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە بیگوازینەوە بۆبۆتە زانستی و ئەكادیمیەكە، چونكە چەند ساڵێكی تر نابات وەك مادەی زانستی لەزانكۆكۆاندا دەبێت بخوێنرێت، وەك چۆن رەوستی ئیسلامی لەمیسرو توركیاو تونس و جەزائیرو زۆر شوێنی تر چەندین توێژینەوەو دیراساتی لەسەر كراوە

سەلام عەبدولكەریم