01/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پەکەکەو لیستی تیرۆر (ئایا پرسی کورد لەچوارچێوەی تیرۆردا مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت ؟)
پاش (٣٢) ساڵ پەکەکە بووەتە خاوەنی (١٧٠٠٠) ھەزار گەریلا لەشاخ و (١٢٠٠٠) ھەزار شەھید،(٨٠) ئەندام پەرلەمان لە تورکیا،نزیکەی (١٠) ملیۆن دەنگدەر و (١٠٠) سەرۆکی شارەوانی و (٣) ملیۆن پشتیوانی کوردانی تاراوگە..ئەم ھێزە، خاوەنی ٢٥ حزب و ڕێکخراوی سیاسی و ھێزی گەریلاییە لەھەر (٤) پارچەی کوردوستان،بەپێی سەرچاوە ناڕەسمیەکان ساڵانە نزیکەی (٥٠٠) ملیۆن یۆرۆ داھاتی کۆکراوەی پەکەکەیە،(١٠) کەناڵی ئاسمانی ھەیە .
بەتەنھا تەماشای ڕۆژئاڤا بکە: لە دەرەوەی مەعمەعەی شەڕی ناوخۆیی و بەبەراورد بە باشور کە ئەم ھەموو دەنگە دەنگەیان دروستکردووە،کاری خۆی کردووە،لەنمونەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاواو یەکسانکردنی ژن و پیاو و تووڕدانی ھەرێمێکی دینی و پرسە ئاینیەکان ،زاڵکردنی بەرخۆدان بۆ ژیان و بە ئاکام گەیشتنی پرسی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت .لەمدواییانەدا مۆسکۆ پێشوازی لە ساڵەح موسلیم کرد،،عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر پێشوازی لە وەفدی پەکەکە کرد،ئۆباما دیداری لەگەڵ ئەنجامداون .. تازە تازە لە باشوری کوردوستان کڵاوێکی سپی ئەکەنە سەر مناڵەکانیان و،ئەیخەنە بەردەست مەلایەکی سەلەفی خوا بزانێت چی بەسەر دێنێت ..!.ئەزمونەکەی باشوری کوردوستان دیارە کە چی بەرھەم ھێناوە ،یان شەڕی ناوخۆ و پیسخۆریی و گەندەڵی و ئەتککردنی مافەکانی مرۆڤ،یان وەھابیەت و سەلەفیەت و مەلاشوانی خستۆتەوە ،پڕ کوردوستان و کەرکوکیان کردووە لەعەرەب ..!!.
ئێمە چۆن (تیرۆر) بناسینەوە ؟.
بە شێوەیەکی زانستی: ھەر کردارێک (توندوتیژی) تیابێت ،بەمەبەستێکی (سیاسیی) بکرێتە سەر (خەڵکی سڤیل) ئەوا کردەوەکە تیرۆریستی یە .واتە ئەبێت سێ مەرجی تیابێت (توندوتیژیی بێت،بە مەبەستێکی سیاسیی لەپشتەوە بێت، بۆسەر خەلکی سڤیل) ..بەم پێناسە زانستیە پەکەکە خزێنراوەتە لیستی تیرۆرەوە کە زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ھەرێمیەکان لەسەری کۆکن.. ئیمڕۆکە لە باکور و ڕۆژئاواو ڕۆژھەڵاتیش پەکەکە بونێکی فیعلی ھەیە،،،ئایا پرسی کورد لەچوارچێوەی تیرۆردا مامەڵەی لەگەڵ ئەکرێت ؟. بێگومان نەخێر..ئەی بۆچی ڕێبەرایەتی ئەم قەزیەیە لە لیستی تیرۆر دەرناھێنن !.؟.
لە کۆنفرانسی ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەمیانەی دیبەیتێک مان،لەگەڵ پرۆفیسۆر ئوممەت (umut Koldas ) تورکێکی بەڕەگەز جولەکەیە،لەدامێنی ئەو پێناسەیەوە بەرگریمان لەو تێزە کرد کە جوڵانەوە نەتەوەییەکان ،ھێزەکانی لەمەڕ ئازادیی مقاوەمەت ئەکەن چی .؟.شیعەکان سوننەکانیان پەراوێزخستوەو ستەم بەرانبەر خۆیان و ژن و مناڵیشیان ئەکەن،سووننەکانیش بەرەیەکی توندڕەویان پێکھێناوەو کاردانەوەیان ھەیە،ئەی ئەمەیان چی ؟.ئەمە تیرۆر نییە،بەڵام کاتێک سعودییەو تورکیاو قەتەر دێن،سپۆنسەری گروپێکی توندڕەو ئەکەن، ئیتر تیرۆر پێناسەکەی کامڵ ئەبێت ؟ ئایا ئێستا جیاوازیی چییە لەنێوان خەباتگێڕ و تیرۆریستاندا ؟
What's the difference between freedom fighters and terrorists?
چونکە،ئەگەر بڕیارە (PKK) تیرۆریست بێت،ئەوا بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی فەلەستین (Palestine Liberation Organization) یش تیرۆریستە،وێڕای ئەوەشی کە جولەکە خاکی کەسی داگیرنەکردووە.
پاشان لە مێژووی تیرۆر،شوناسەکانی تیرۆر،ژینگەو ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر و بەربەریزم ،سیفتەکانی دا،ھەموو ئەوە ھەیە کە تیرۆر بواری گفتوگۆ نادات .. پەکەکە دەیانجار داوای گفتوگۆی کردووە،پرۆسەی ئاشتی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە خاوەنیەتی،سەرۆکێک (١٦) ساڵە ئاخێنراوەتە قوژبنێکی تەسکی ناو زیندان، لەوێش (٢٣٠٠) کتێیی خوێندۆتەوە، زیاتر لە (١٠٠٠) کەس خۆی بۆ سوتاندووە،کەھەندێکیان کوردیش نەبون بەرگەی ئەو کۆستە یان نەگرت و گڕیان لە خۆ بەردا . لە نەورۆزی (٢٠١٣) وتاری ئۆجەلان لە ئامەد خوێنرایەوە،کە داوای ئاشتی ھەیە،داواشی کرد کە: " دەوڵەت من لەزیندان ئازاد نەکات،خۆی ئازاد بکات،کێشەی کورد چارەسەر بکات"..ئایا ئێستا پەکەکە تیرۆریستە ؟.بەم گروپە ئەوترێت تیرۆریست .؟.
موراد بەڵکە پڕۆفیسۆری ئەدەبیات لە زانکۆ "بیلگی" دەڵێ: " ئەگەر مێژووی سوڵتان و پاشاکانی عوسمانیت بۆ بگێڕمەوە،سەیرە !.موراد ئەڵێ " عوسمانی سێھەم دوژمنی ئافرەت بو،مستەفای یەکەم شێت بو،ئیبراھیمیش زۆر عەقڵی لەشوێن خۆی نەبو،مورادی چوارەم گیرۆدەی ئەلکھول بو،بەھۆی شەرابەوە مردووە،گەندەڵیش بووە ،مورادی سێھەم بەزۆری ھەر بەدوای ئافرەتەوە بووە،موحەممەدی سێھەم کە کوڕی مرادی سێیەم بو ئەو شەوەی دێتە سەر تەختی دەستەڵات (١٩) برای خۆی کوشتووە،سوڵتان سەلیمی دووەھەم کوڕی قانونی بە سەرخۆشی لەحەمام کەوتووەو مردووە"..
جا ئیتر ئەوە،خۆشمان وەکو کورد ئەوانی تر ئەزانین،لەمێژووی نوێشدا مستەفا کەمال (ئەتاتۆرک) چ قەتڵ و عامێکی بەرانبەر کورد کردووە، جگە لە قەسابخانەی ئەرمەنیەکان،کوشتنی ئاشورییەکان،کوشتنی یۆنانیەکان،شەڕی قوبرس،،ئەمەی ئیمڕۆ داعش مناڵ ئەرفێنێت و مەشق و ڕاھێنانی پێ ئەکەن،تا گەورەی ئەکەن و،بۆ مەبەستی دژە مرۆیی بەکاری ئەھێنن،ئەوە کلتورێکە لە دەوڵەتی عوسمانییەوە بۆ داعش ماوە ..ئێمە ناڵێین دەوڵەتی عوسمانی، وە ئیمڕۆکەش ئەردۆگان داعش بونە،بەڵکو داعشەکان بەکارئەھێنن ..خەڵک ئەکەن بەداعش و بەکاری دێنن .کە ئەمەیە سەرچاوەی تیرۆر ...
سلێمان دەمیرێڵ،مەسعود یەڵماز،تانسۆ چیلەر،بوڵند ئەجەوید، عەدنان مەندەریس،ئەربەکان،،،،،ھەموو ئەمانە کوردیان کوشتووە ..ئەوەش ئەردۆگان لە ڕۆبۆسکیەوە تا بۆردومانەکانی سەر ھەرێم و قەندیل خەڵکی کورد ئەکوژێت (تاکلایەنە دوای دۆڕانی لە ھەڵبژاردنەکان پرسی ئاشتی کۆتایی پێھێنا)..شەوانە ٨٥ فڕۆکەی تورکی بۆمبارانی خاکی کوردوستان ئەکەن ..بێ ئەوەی کەسێک لە باشور بڵێ : ئەرێ کاکە وامەکە بۆ وائەکەی ؟. ڕۆشنبیری بودەڵە و ناوبۆشی ناوچەی سولەیمانی بە "پەکەکە" ئەڵێت: تیرۆریست کە نەوتی لە تورکیا گرتۆتەوە، کەچی تورکیا خەریکە لەپرۆژەی گاپ دا ھەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتیش ووشک ئەکات !
لەپاڵ ئەمەیشەوە (١٩٤٤٠٠) سەدو نەوەدو چوار ھەزارو چوار سەد کیلۆمەتری خاکی کوردوستان کەوتۆتە بەر تورکیا ،بەتەنھا خاکی کوردوستانی گەورە (٤) چوار ھێندەی خاکی بەریتانیایە .تورکەکان ھەموو ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کوردیان بە تراژیدیترین شێوە دامرکاندۆتەوە،" شێخ سەعیدی پیران" و ھاوڕێکانیان لەسێدارە دا،بەھەزاران کوردیان لەشۆڕشی دەرسیمدا کوشت .کەچی لەپاش " پەیمانی لۆزان" ەوە ھێشتا بزاف و خەباتی کوردانە کۆتایی نەھاتووە .
ساڵی (١٩٦٧) حکومەتەکەی جەودەت سۆنای یاسایەکی دەرکرد،کە کتێب،ڕۆژنامە،شریت ،تەنانەت قسەکردن بەکوردیی قەدەغەیە .لەساڵی (١٩٧٠) زیاتر لە (٢٠٠٠) دوو ھەزار سەربازی تورک بە پشتیوانی شەش کۆپتەر پەلاماری شارۆچکەی سلیڤانی سەر بەدیاربەکریان دا ، تەواوی خەڵکەکەیان کۆکردەوە، لەپێش چاوی پیاوە دەستگیرکراوەکانیان سواری ژنەکانیان بون .ئەوساش خەڵکی شارەکەیان ناچارکرد لەسەر زەوی ڕاکشێن و سەمای تورکییان لەسەر لاشەیان ئەکرد ....ئەری کێ تیرۆریستە ؟.
وا ئەزانم، خەریکە ھەندێ لەو کادرانەی حزبە کوردییەکانی باشوریش کە کەناڵە بێ ئاگاکانی کوردوستان ناویان ناون (کادری پێشکەوتوو!!) .پێش حکومەتی تورکیا ئەکەون بەوەی بە پەکەکە بڵێن تیرۆریست ؟!.ھەر لەم ھەفتەیە،شیکردنەوەیەکی قووڵ بڵاو ئەکەمەوە سەبارەت بە ناسنامەی تورکیا لە سیاسەتی دەرەوە (لە پەراوێزی تێکچونی پرۆسەی ئاشتی دا)..