02/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
کۆرپەیەکی بە بێ دایك
لەوەتەی هەم خوێنی لاشەم
وەك و تاڤگە دێتە خوارێ
ژیللەمۆی ئاگری دوژمن
وەك و بارانی غەزەب
بە سەرمدا دا ئەبارێ
لەوەتەی هەم
ڕۆژێ ئارامی نەبووە بە میوانم
وەك و مناڵی هەژار
فڕێدراوی بەر هەیوانم
کوچە نەما لە نێو گەردوون
من تیایا نەگریابم
زیندان نەما لە جیهاندا
من لە ناویا نەژیابم
قامچی دوژمن
هەموو گیانی لەت لەت کردووم
ئەی فەلەك
بۆچی تاوانە
بە کوردی لە دایك بوون
لەوەتەی هەم
نیشتمانم وەك مەلۆتکە
ئەزریکێنی
بۆ ساتێ خەونی ئارام
لە نێو بێشکە
ئەوانەی لایان وایە
وەك دایکی باش
ئەیلاوێنن
بە داخەوە خائین دەرچوون
وا بوون بە جاش
بوون بە ساقی
لە حەرەمسەراکەی ماڵی سوڵتان
دارمێوەکانیان هەموو ڕنی
هەموو ووڵاتیان بە عانەیەك
هەڕاج کرد و
دایان هەرزان
لەوەتەی هەم
زووخاو ئەخۆم لە ژینی تاڵ
هەڵۆیەکی بەرزە فڕ بووم
دەریان هێنا لێم پەڕو باڵ
ترسان لەوەی کە ڕۆژێ بێ
لە پای جەور
وەك و نێچیر ڕاویان بکەم
کاسەی سەریان بۆ هێللانە
بە نووکی دەنووك
کون کون بکەم
ئیستا من کوڕی ووڵاتێکم
کەوتووی نێو کێڵگەی هەژاریم
برێستی بووە بە پێناسەم
گیانم پڕیەتی لە برین
خاوەن کێڵگە وەك دڕندە
دەمی تێ ناوم و
ئەخوا لاشەم .