20/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەبوبەکر هەڵەدنی: ئەگەری سازان هەیە بەمەرجێک " پارتی واز لەلوتبەرزی بهێنێت "
ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە ئەو ویستوویەتی هەموو ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام نەیتوانیوە قەناعەتییان پێبکات.
ووتیشی، کە یەکگرتوو لە بادینان و سلێمانی ئەندامی هەیە و ئەندام پەرلەمانەکانی یەکگرتوو لەناوچەی بادینان لەژێر هەڕەشەدابوون، بەڵام پێیوابوو ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە نوێنەرایەتی راستەقینەی ویستی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوویان کردووە لە بادینان.
ئاماژهشی بهوهكرد، کە پارتی دەیەوێت خۆی وەک "خاوەن" و "باوەپیارە"ی یەکگرتوو پیشانبدات و حیزبەکانی دیکەش دەیانەوێت دەنگەکانی یەکگرتوو بۆ خۆیان ببەن. ئەگەر دەنگدەرانی یەکگرتوو پێیانوابێت ئەوان سازشیان کردووە، ئەوا دەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوو سزایان بدەن".
ههروهها باسی لە کێشە و گرفتی خۆی کرد لەگەڵ سەرکردایەتی یەکگرتوو و گوتی، کە دوو مانگە تووشی چوار نەخۆشی بووە و رووبەڕووی زۆرترین گوشاری ناوخۆیی و دەرەکی بووەتەوە.
نێوبراو هەرگیز پێیوانەبووە مەترسی شەڕی ناوخۆ هەبێت، چونکە یەکێتی و پارتی بەرژەوەندی هاوبەشی ئابووریان هەیە و هاوپەیمانانیش چاودێری بارودۆخەکە دەکەن. جەختیشیكردەوە کە ئەو زانیاری هەبووە فراکسیۆنی پارتی بەنیازی تێکدانی کۆبوونەوەکە بووە ئەگەر نیسابی دانیشتنەكە تەواوبووایە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتیشی، ئەگەری سازان هەیە بەمەرجێک "پارتی واز لەلوتبەرزی بهێنێت" و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد کە ئەو ئەم قسەیەی بە سەرکردەکانی پارتی راگەیاندووە.