22/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
جیاوازی نێوان زیرەکی و بیرکردنەوە..
بە دیدێکی فیکری نوێی ئیسلامی ..
تیۆرێکی نوێیە - ماکوان کەریم
زۆر جار خەڵکانێك وا پەی دەبەن کە زیرەکی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت..؟!
لە ڕاستیدا من وای دەبینم کە زیرەکی نیعمەتێکی گشتیە خوای گەورە بەخشیویەتیە هەموو مرۆڤێك، بەسێ پلەی زۆر بەهێز - مامناوەند- ئاسایی .. واتا هەموو کەس خاوەنی زیرەکییە.
بەڵام - ئەوەی کە مرۆڤەکان تێیدا جیاوازن بیرکردنەوەیە .. کە پلەکەی دیاری ناکرێت..
بۆ ئەوەی جوانتر شیکاری بکەم..
زیرەکی وەك جۆری ئۆتۆمۆبیلێکی مۆدیل نوێییە .. بیرکردنەوەش وەك شۆفێرەکەی وایە
واتا بیرکردنەوە.. زیرەکییەکە سەرکردایەتی دەکات ..
نمونەیەکی تر بۆ ئەوەی باشتیر روون ببێتەوە، کاتێك رینێ دیکارت.. لە ڕێگای شکەوە گەیشت بە بوونی خوا .. گەیشت بە بەدیهێنەرێکی ئەم بوونە ئەوەیش لەڕێگای سەرکردایەتیەکی گوماناوی بیرکردنەوە بوو !..کە ووتی مادام من بوونم هەیە کەواتە بیر دەکەمەوە ،کە مادام بیردەکەمەوە واتا وجودم هەیە کەمادام خاوەن ووجودم..دروستکارێکم هەیە ، کەواتە خوایەك دروستی کردوم ، هەرچەندە دیکارت بە پلەبەندیەکی فیکریدا هێناویەتی تاگەیشتۆتە ئەو ئەنجامە.
پەیامی من لێرەدا چییە؟
زیرەکی دیاریەکی خوایە بەخشیویەتیە هەموان ، بەڵام ئەوەی من لەسەری هەڵوێستە دەکەم.. جۆری بیرکردنەوەمانە ، قورئان فێرمان دەکات چۆن بیر بکەینەوە .. ؟!
فێرمان دەکات بەگەران و و تێڕامان و وەرگرتنی زانست و پاشان لە ڕێگای دەزگاکانی مرۆڤ خۆیەوە بیر بکاتەوە تا دەگەینە ئەو ئەنجامەی دەیەوێت ، سەرباری هەمووی بەڵگەیە کە داواکاریەکی راستەوخۆی بیرکردنەوەی قورئانیە..
مەرج نیە ، هەموو زیرەکییەك بیرکردنەوەی باشی هەبێت ، بۆ نمونە فەیلەسوفێکی وەك ئتۆنی فلو ٨٠ ساڵ دژایەتی بوونی خوای کرد بە هەزارەها خەڵکی مولحید کرد ، لە دوای ٨٠ ساڵ کتێبێکی نوسی وتێیدا دەڵێت :خوا بوونی هەیە ..!واتا زیرەکی فلو ووجودی هەبووە ، بەڵام بیرکردنەوەی لاواز بووە، بۆ من چۆن زیرەکی خۆم بەکاردێنم ، راستە فلو موسڵمان نەبوو بڕوای بەهیچ ئاینێك نەبوو ، بەڵام لە ژیانی خۆیدا سەلماندی کە خوا بوونی هەیە، بیرکردنەوەی من وا لێروە دەست پیدەکات ، کە بەڵگەکەی فلو بەکار بهێنم لەبەرانبەر ئەوکەسانەی کە بڕوایان بە خوا نیە، چونکە لێرەدا گرنگی هەیە بۆ بیرکردنەوە ..
ئێمەی موسڵمان پێویستمان بە وەرزشکردنی بیرکردنەوەمانە نەك زیرەکی ..
زۆرێك لە زانایانو بیرمەندان زیرەکن لە بواری فەزاو گەردونو فیزیاو ..هتد ، بەڵام مانگا دەپەرستن ، بتێکی بوزای دەپەرستن، یاخود هەموو شتێك دەپەرستن تەنها پەروەردگار نەبێت و ..تاد ، ئایا ئەمە مانای وایە کە پەرستنەکەیان حەقە ؟، بێگومان نەخێر- بەڵام - مانای وایش نییە، کە زانستی فیزیاو گەردوناسی و کیمیاکەشیان - هەڵەیە ..
دەمەوێت بڵێم : هەموو راستیەك بە مرۆڤدا دەرناکەوێت، بەڵکو هەموو مرۆڤێك دەتوانێت راستی پیادەبکات ، لە ئەنجامی پیادەکەی حەق و راستی دەردەکەوێت و مرۆڤەکەی پێدەناسرێتەوە ، نەك پێچەوانە بە مرۆڤەوە حەق بناسین.!
هەوڵدانی زیرەکی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە تەنها بە مامۆستا دەکرێت... شاڕێگا بوونی مامۆستایە بۆ زیرەکەکان ، واتا کەسێك کە زانستەکەت بۆ شیبکاتەوە ، بەواتایەکی تر دەبێت مامۆستا زانستەکە بکاتە پارو بابۆڵەو بۆ ئەوەی قوتابیەکانی بە حازری بچێتە بەردەستیان و ئینجا ئەوانیش بیرکردنەوەی خۆیان فراوان بکەن بە هۆکاری زیرەکییەکەیان.
هەوڵبدە با مامۆستایەکت هەبێت.