30/08/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
31ی ئاب لەنێو ئامار و بەڵگەنامە و بەیاننەمەکاندا
ئەنجامدانى شۆرش ئاسانە، بەڵام پاراستنى دەسکەوتەکانى گرانە
لینین
لەنێو مێژووى نوێى کوردا پێش خیانەتى (31ى ئاب) کارتى بەهێز بەدەستى پارتییەوە بریتى بوو لە (جاشەکانى 66) کە وەک تانەیەک بەکاریان دەهێنا بۆ سەرکردایەتى یەکیتى بەتایبەتى ئەوانەى کەلەدەسەڵاتى مەلا مستەفا هەڵگەرابوونەوە، بەڵام دواى (31ى ئاب) ئیدى زاراوەکان هاوشێوە بوون لەگۆرەپانەکەدا، یەکێتى بەهۆى ئەو پاڵەپەستۆ بەهێزەى کەکردیانە سەر پارتى وایان لێکرد ئەو کارتەى هەیبوو لەدەستى بدات، لەم راپۆرتەدا ئێمە نامانەوێت شیکارى بکەین بۆ ئەو رووداوە بەڵکو تەنها چەند ئامار و بەڵگەنامە و بەیاننامەیەکە بڵاودەکەینەوە کەتایبەتن بەو رۆژانە و رووداوەکانى.
ڕووداوەکان بەر لە31ى ئاب
بەر لە (31ى ئاب) (3) جەولەى شەڕ کرا بوو لەنێوان یەکێتى و پارتى بەم شێوەیە:
جەولەى یەکەم: (1/5/1994)، دووەم (1/6/1994)، سێیەم (17/8/1996). واتە دەسپێکردنى جەولەى سێیەمى شەر بەر لە(13) رۆژ بوو لە ڕووداوى (31ى ئاب). یەکێتى بەهۆى پاڵپشتیکردنى هێزى پاسدارانەوە تەواو بەهێز ببوو، توانیبووى دەست بگرێت بەسەر تەواوى سلێمانى و هەولێر و لەسەرى رەشیش نزیک ببوەوە کەبارەگاى سەرەکى پارتى بوو. دواى دەستپێکردنى جەولەى سێیەمى شەڕ رووداوەکانى ڕۆژانى دواترى بەم شێوەیە بوون:
• لە (19/8) یەکێتى هێرشى کردە سەر (کڵاو قاسم، شەقلاوە، کەپکى حەمەد ئاغا).
• لە (20/8) یەکێتى بەهاوکارى تۆپخانەى سوپاى پاسداران هێرشى کردە سەر (قەسرێ، دۆڵى خاناقا، چۆمان، گەڵاڵە، دار السلام).
• لە (22/8) پارتى لەو ناوچانە نزیکەى (400) پێشمەرگەى یەکێتى کوشت.
• لە (23/8) یەکێتى (رەواندز)ى گرت.
• لە (24/8) یەکێتى هێرشى کردە سەر میحوەرى (سورێن) و گوندى (سیامێوە).
• لە (25/8) یەکێتى لە حەوت میحوەرەوە هێرشى کردە سەر پارتى.
• لە (26/8) هێرشى کردە سەر (دیانە) هەردوو پیاوى ئاینى قەشە (دیانە) و شەماشە (سەرکیس) کوژران.
• لە (29/8) یەکێتى هێرشى کردە سەر ناوچەى (دەرگەڵە)ى سەر بەقەزاى (رەواندز).
• لە (30/8) یەکێتى ناوچەى (چۆمان، حاجى ئۆمەران)ى گرت.
پەیوەندییەکان
دواى مفاوەزاتى مانگى ئابى (1991) بەشێک لەحیزبە کوردستانییەکان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمى پێشوو زیندوو کردەوە، یەکێک لەو حیزبانە (پارتى دیموکراتى کوردستان) بوو تا دواتر لەرێى نامەیەکەوە لە (22/8/1996) مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى بۆ سەدام حسێنى ناردوو تیایدا وەک (تارق عەزیز)ى جێگرى ئەو کاتى سەرۆک وەزیران لەکتێبى (طارق عزیز رجل و قضیە) کەلەساڵى (2000) لەلایەن (حەمیدە نەعناع)ەوە نوسراوە، سەبارەت بەم نامەیە دەڵێت " مەسعود داوى لێکردین ووتى "ئێستا هەولێر لەژێر دەسەڵاتى ئێرانییەکاندایە، ئێرانییەکان و جەلال هەوڵى لەناوبردنم دەدەن بۆیە داواى یارمەتى دەکەم"، ئێمەش چووینە هەولێرەوە پاشان تاڵەبانى رۆشتە دەرەوە لێى، لە(ئەیلولى 1996) هەولێرمان تەسلیمى (پارتى دیموکراتى کوردستان) کرد دواتر هێزەکانى عێراق گەرانەوە شوێنى خۆیان".
هێزەکانى عێراق
گەرچى ئامارێکى تەواو دروستمان لەبەردەمدا نییە کەباس لەژمارەى ژمارەى هێزەکانى عێراق بکات کەبەشدارییان لەو هێرشەدا کردووە بەڵام ئەوەى هەیە (45000 سەرباز و 350 تانک لەجۆرى (T52، T62، T72) 200 تۆپى قورس، فرۆکەى جۆرى (530) بەشدارییان کرد، ئەو هێزە عێراقیانەى کەبەشدرییان کرد جگە لەفەیلەقى (1 و 5) ئەمانە بوون:
• هێزەکانى فەرماندەییى (الله اکبر)ى عەمالیاتى گاردى کۆمارى.
• تۆپخانەى فەرماندەى عەمالیاتى (الله اکبر).
• هێزەکانى گاردى بەغداد.
• هێزەکانى عەدنانى گاردى کۆمارى.
• لیواى (39)ى پیادەى گاردى کۆمارى.
• لیواى کۆماندۆى گاردى کۆمارى.
• لیواى (38)ى پیادەى ئالى گاردى کۆمارى.
• لیواى زرێپۆشى (40).
• تۆپخانەى فەماندەیی هێزەکانى عەدنانى گاردى کۆمارى.
• تیپى (8) پیادە.
• تیپى (7،1) پیادەى ئالى.
• لیواى (4،5،6) پیادە.
• تۆپخانەى فەرماندەیی هێزەکانى گاردى کۆمارى بەغداد.
نەخشەکە
لەچوار قۆڵەوە
یەکەم: لەشەقامى سەرەکى (هەولێر – کەرکووک) لەئۆردوگاى قوشتەپەوە بەرەو خۆرهەڵاتى هەولێر بەرەو باکورى هەولێر و ئۆردوگاى کەسنەزان پێشرەوى بکەن.
دووەم: لەرێى دێبەگەوە بەرەو شارى هەولێر.
سێیەم: لەرێى گوێرەوە بەرەو کانى قرژاڵە.
چوارەم: بەدوو ئاراستە:
یەکەم: لەشەقامى موسڵەوە بەرەو ناو هەولێر.
دووەم: لەشەقامى موسڵەوە بەرەو پشتى عەنکاوە.
پارتیش سەرجەم هێزەکانى لەسەرووى هەولێر دانا بوو
31ى ئاب و گرتنى هەولێر
ئاگادارى
مژدە .. مژدە
ئەى جەماوەرى هەولێرى ئازیز و خۆشەویست و خۆراگر
ئەى خەڵکى بەشەرەفى کوردستان
ڕۆڵەکانى گەلەکەمان
مژدە بێ قارەمانانى پارتى و بارزانى، شێرە کوڕانى کوردستان پارێز و جاش بەزێن، ئەمرۆ لەهەڵمەتى ئازادکردنى پایتەختى هەرێم، هەولێرى ئازیز و خەڵکى وەفادارى شارى قەڵا و منارە لەژێر دەسەڵات و سێبەرى رەشى جەلالییە خیانەتکارەکان تا نوسینى ئەم هەواڵە، پێشمەرگەکانى کوردستان توانیوییانە دەست بگرن بەسەر گرنگترین موڵگەکانى جەلالییەکاندا لەپایتەختى هەرێمدا، ئەو جێینەى تائێستا دەستیان بەسەرد گیراوە بەم جۆرانەى خوارەوەن:
1. دەست بەسەراگرتنى مەکتەبى سیاسى جەلالییەکان.
2. دەست بەسەراگرتنى مەڵبەندى (3)ى جەلالییەکان.
3. دەست بەسەراگرتنى سکرتارییەتى جەلالییەکان.
4. جەلالییە ڕووڕەش و تاڵانچییەکان لەبارەگاى بینایەى پەرلەمان هەڵاتن و پەرلەمان لەچەپەڵى جەلالییەکان پاک بووەوەو رێز و حورمەتى خۆى بۆ گە`رایەوە .. هتد
ئەمە ئەو بەیاننامەیە بوو کەپارتى لە (31/8/1996) بڵاو یکردەوە، پاشان لە (1/9/1996) فەرماندەى لەشکرى کوردستانى سەر بە پارتى لەبڵاوکراوەیەکیدا کەلە رۆژنامەى برایەتى ژمارە (2183)ى (3/9/1996) رایگەیاند:
1. هەموو چەکدار و کادیرەکانى جەلالى ئەوانەى خۆیان بەبنکەى فەرماندەیی لەشکرى کوردستان دەناسێنن عەفو کراون و کەرامەتیان پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەوە هەر چەکدارێک یان کادیرێکى جەلالى خۆى تەسلیم نەکات و بگیرێت بەتوندى سزا دەدرێت، وە هەرکەسێکیش داڵدەیان بدات و بیانشارێتەوە تووشى سزاى یاساى دەبێت.
2. بۆ هەر کەسێک کەئوتومبێلى خەڵکى بردووە یەکسەر بیگەرێنێتەوە بۆ بارەگاى فەرماندەیی لەشکرى کوردستان لەهەولێر، هەر کەسێک ئەوتومبێلى دزراەى پێ بگیرێ ئیعدام دەکرێت.
3. جگە لەو هێزە تایبەتیانەى بۆ پاراستنى ئەمن و ئاسایش لەهەولێر دەستنیشان کراوەو لەژێر فەرمانى فەرماندەیی لەشکرى کوردستانە هیچ پێشمەرگە و چەکدارێکى تر نابێت لەناو شارى هەولێر بمێنێت.
هەر لەهەمان رۆژدا مەسعود بارزانى سوپسنامەیەکى ئاراستەى سەدام حسێنى سەرۆکى عێراق کرد بەبۆنەى یارمەتیدانیەوە کەلەژمارە (6488) رۆژنامەى (الشرق الاوست) بڵاو کرایەوە کەلە (2/9/1996) دەنگوباسى وەکالەتى ئەنباى عێراقى بڵاویکردبووەوە ئەمە بەشێکێتى:
حیزبى بارزانى سوپاسى حکومەتى بەغداد دەکات
سوپاسى هێزەکانى عێراق دەکەین بەبۆنەى وەڵامدانەوەى داواکانمان سەبارەت بەیارمەتیدانمان.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە (رزگارکردنى شارى هەولێر دادەنرێت بەسەرکەوتنێکى گەورە بۆ گەلى کورد هەروەها بۆ گەلى عێراقیش چونکە کۆتاى هێنا بەو رۆڵەى کەجەلال تالەبانى دەیگێرا بۆ لەتکردنى ریزى کورد و دروستکردنى فیتنەو ئاژاوەگیرَى لەنیۆان رۆڵەکان بۆ ماوەى 32 ساڵە)،
هەروەها لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەدا هاتووە (هاتنە ناوەوەى ئێران بۆ هەرێمى کوردستان کارێکى پر مەترسییە بۆ ناوچەى کوردستان و سەروەرى عێراق) ..هتد
.
رووداوەکان
رۆژى شەممەى (31ى ئاب)
• کاتژمێر (4)ى بەیانى شەر دەستى پێکرد.
• کاتژمێر (10)ى سەر لەبەیانى هەولێر گیرا.
• یەکەمین شوێن دەبابەکانى عێراق تۆببارنیان کرد گەرەکى عەینکاوە بوو.
• کاتژمێر (2)ى پاش نیوەرۆ دەبابە گەشتە پارلەمان.
• کاتژمێر (8)ى ئێوارە یەکێتى لەهەولێر نەما.
• یەکێتى زیاتر لە (150) کوژراو و (125) دۆشکاو بەملێۆن فیشەک و (دوو) مودەرەعە راجیمە و جگە لەئازوقە و پارەى ناو بانکەکانى لێ بەجێما.
رۆژانى دواتر
• لە (7/9) پارتى هێرشى کردە سەر (جەمرگە و لاى حاجى سەر).
• لە (8/9) (دیگەڵە، دۆڵى هیران، کۆیە، هەیبەت سوڵتان، گردى معارەزە، کەپکى گەرۆتە، پڵنگان، بن گرد، کاموسەک، نازەنین)ى گرت.
• لە (9/9) سەعات (5:25) یەکێتى تەلەفیزێۆنى گەلى کوردستانى تەقاندەوە.
• لە (9/9) پارتى (ناوچەى باڵەکایەتى، شارى رەواندز، دۆڵى خەلەکان و دوکان)ى گرت.
• لە (9/9) یەکێتى لەقەلاچوالان ئاگرێکى گەورەى کردەوە بەشێکى ئەرشیفى دەزگاى زانیاریان سوتاند.
• لە (9/9) کاتژمێر (7)ى ئێوارە پارتى سلێمانى گرت.
هەندێک لێدوان
• مەسعود بارزانى بۆ گۆڤارى (ئەلف با) "سەدام زەمانەتى کوردانە".
• لە (23/9) هۆشیار زێبارى لەدیدارێک لەرادێۆى پارتى ووتى: "ئێمە بۆ چەند سەعاتێک ئیشمان بەبەعس بوو ئێستا بەدوژمنى کوردى دەزانین".
• فرانسۆ هەریرى لەزانکۆى سەلاحەدین ووتى "چەند ساڵى کورد جاشى عێراق و سەدام بووە با ئەم جارى عێراق جاشى کورد بێت".
• ئازاد بەروارى بۆ گۆڤارى گوڵان " 31ى ئاب کاردانەوە بوو نەک تاکتیک".
• لە (30/9) سامى عەبدولرەحمان "بەهێزەکانى پارتیمان ووتوە تا (3) رۆژ چیتان دەست کەوت بۆ خۆتان". کەدواتر لە (28/5/2002) بەبریارى ژمارە (6) پارلەمانى کوردستان زەوییەکانى گەراندەوە.
• رۆژنامەى (الپورە) رۆژى (19/11/1996) لەلاپەڕە (چوار) وتارێکى سەدام حسێنى دابەزاندووە کەلەگەڵ ئەفسەرە گەورەکانى عێراق کۆبۆتەوە کەبەشداریان لەڕوداوەکەى (31ى ئاب)دا کردووە و دەڵێت"ئەمرۆ ئاهەنگ دەگێرین بەکۆمەڵێکى تر لەجەنگاوەرە ئازاکان، ئەوانەى پێشرەوێتى هەڵمەتى (آب المتوکل على الله)یان کرد، لە (آب المتوکل على الله) چەندین پەند و وانەى تێدایە وەک سەرجەم جەنگەکانى دیکە وە خۆشى زۆرى تێدایە، بەنیسبەت منەوە باشترین و خۆشترین کار تێیدا بریتییە لەوەى کە جەنگاوەرە ئازاکان بەناوى عێراق و عێراقییەکانەوە ئەم کارەیان کرد پشتیوان بەخوا رۆڵەو براکان و گەلەکەمان لەناوچەى حوکمى زاتى ئەم هەلە دەقۆزنەوە وەک دەسپێکێکى نوێ و دەرگایەکى گەورە بۆ ئەوەى چیتر لەباکورى عێراق و لەناوچەى حوکمى زاتى رێگە نەدەن هیچ دوژمنێکى خراپەکار پێ بنێتە خاکى عێراقەوە جا هەر چۆنێک بێت رەنگ و شێوەى
.
هەندێک دەرەنجام
رەفتارى پارتى بەرامبەر دیلەکانى یەکێتى، (پ.د.ک) راگەیاندنێکى دەرکرد لە (9/9/1996) بەم شێوەیە "لەئاکامى داگیر کردنەکەى هەولێر (ى.ن.ک) دوچارى سەرلێشێوان و پەراگەندەیی و قەیرانى رێکخراوەی و ئیدارى و داراى هات، زەرەز زیانى زۆرى پێ گەشتن ژمارەیەک لەکادیرە سەرەکییەکانى لەلایەن پێشمەرگەکانى پارتى دەستگیر کران وەک دیل رەفتاریان لەگەڵ دەکردن، بەچاوى سووک بێ رێزلێنان بەرق و کینێکى تۆڵەسەندناوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردن، هەر شوێنێکى دەکەوتە ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەکانى پارتى هەنگاوى سەرەکیان پاکسازى بوو لەلایەنگرانى یەکێتى نیشتیمانى".
پارتى دیموکراتى کوردستان
9/9/1996
ئەمەریکا
ئەبەڵگەنامەیەى لەخوارەوە هاتووە راپۆرتى بێل کلینتۆنى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکایە لە 5(/9/1996) کەبەرزى کردۆتەوە بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەو وڵاتە، لەبەشێکیدا هاتووە "سێ رۆژ لەمەوبەر (31ى ئاب) سەرەارى هۆشدارییە ڕوونەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هێزەکانى عێراق هێرشیان کردە سەر شارى هەولێر لەباکورى عێراق کەلەژێر کۆنترۆڵى کوردەکاندایە و ئەم شارەیان داگیر کرد". هەروەها هاتووە "وادیارە کەگروپێکى کوردى کەپێشتر دژى سەدام بووە ئێستا بریارى داوە لەگەڵ سەدام هاوکارى بکات بەڵام ئەمەش نابێتە پاساو بۆ هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر دانیشتوانى سفیلى هەولێر".
بەم شێوەیە سەرجەم هەرێمى کوردستان لەژێر دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستان مایەوە بۆ ماوەى (40) رۆژ تا دواتر هێزەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە (9/10/1996) گەرانەوە سلێمانى و دواتر بەو شێوەیە سەرجەم ئەو کاراسات و نەهامەتییەى لێ کەوتەوە کەرەنگە ناخۆشترینیان دواى خیانەت بریتى بوو لەوەى لە (31/11/1996) رژێم قەزاى مەخموورى لەپارێزگاى هەولێر لێکردەوەو لکاندى بەپارێزگاى موسڵەوە کەئێستا بەقەزاى مەخموور دەوترێت ناوژە دابراوەکان.