04/09/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
کۆچی کوردان
گوڵەکانتان هەموو وەراند
ئیدی شەونمەکان
نایەنەوە سەرگەڵاکان
باغەوانەکانتان هەموو کوشت
باغێ نەماوە تینووی نەبێ
هێللانەکانتان گشت سووتاند
چیترنابیستنەوە بەیانییەکی تر
بێچووە مەلێ
ئا لەم ناوە جریوەی بێ ..!
ئەستێرەکانتان دایە بەر گولە
ئیتر لە ئاسمان نایەنە دەر
مانگی چواردەتان
لە تاریکی شيوی دەیجورا خنکاند
بە بێ تاوان داتان لە دار ..!
بە نەفرەت بن
سروشتیشتان لێ تۆراندین
گەڵای هیوا و
خۆزگەی ناخمان
وەك و خەزان لێ وەراندین ..!
ئەوا دیسان نیشتمانم
خەمی کۆچی
ئازیزانی لە کۆڵ ناوە
بە هەر لادا تەماشا کەی
نێو شەپۆڵی بێ بەزەیی سەر زەریاکان
یا چاوی پڕ ترسی ئۆقیانوسەکان
لاوێکی کورد وێنا ئەبێ
بە کۆڵە پشتی ئومێدەوە
بێ ماڵئاوایی لە دایەو باب
واخنکاوە و
چاوەکانی لە سەر یەك ناوە ..!
ئێوە ئەی دڕندەکانی ڕۆژگار
چیتان نەکرد
چیتان نەبرد
خەونی جوانی مرۆڤەکان
یا حەزی شێتانەی دڵدارەکان..؟
سەر هەڵبڕن تەماشا کەن
ئەوەی تۆزێ خاوەن کەرامەت بێ
وەك وسەگی بەر دەرگاتان
کۆیلە نەژێ و پیاوی مەرد بێ
بێ نان و ئاو
بە سکی بەتاڵ
بە پێی خواسی
بەرەو غوربەت
وا لە دەستی ئێوە هەڵدێ ..!
نیشتمانێکتان بۆ خوڵقاندین
گشت جۆرە کاڵایەکی تیا مەوجوودە
دزی ، درۆ ، خیانەت
براکوژی
پیاوی جەردە
بەس ژیان نەبێ ..!
دەك داڕزێن
بۆ خۆتان وشانازیتان
بۆ ووڵاتی مایە پوچ و
بێ ژێر خانی ئابووریتان ..!
پەپولەی خۆشەویستی ئەم ووڵاتە
چۆن ئارام بێ و سەر هەڵنەگرێ
کام پەپولەی خاوەن حەزە
ئێوە باڵتان نەشکاندووە
تا بەئازادی
لە ئاسمانی ووڵات بفڕێ ..!
ئیستاش ئەڕۆن بەرەو غوربەت
بۆ حەسانەوەی گیانی شەکەت
خۆری ئازادیتان لێ دزیوون
ئەڕۆن
ئەگەڕێن
تا لە شوێنێ تر
بیدۆزنەوە و لێیان هەڵبێ ..!
لە دۆزەخێکی وەك ئێرەدا
پەپولەی باڵشکاو
نیشتمانی لە بۆ چییە
هەرچی بێگانەی دونیا هەیە
تێیدا خاوەن ماڵە و
کەچی بۆخۆی کرێ چییە ..!