لە وێسگەی شەمەندەفەرەکە چاوەڕێتم‎
05/09/2015 نوسەر: bzavpress

لە وێسگەی شەمەندەفەرەکە چاوەڕێتم‎

کەجا جارە نامەت ئەنارد
خەمێکی قوڵ ئەبوە هاوڕێم
هەرچەند نیگام نەبینیبوی
گوێم لە تۆنی دەنگت نەبو
وێنەم کێشای لە ناو شێعریک
لە جوانێکی شیرین ئەچوی
وەک پەری دەریا سرک بوی
دەستی خەیاڵ
دەستی بەتاڵ
بۆساتێکیش لێت گیر نەبو
پێکەنینم بەخۆم دەهات
لەبەردەم تابلۆ
ئەفسوناویەکانتدا
نەمدەزانی بتشوبهێنم
بەکام ئەشق
لە شەپۆلی دەریاش ئەچوی
لە کچە تەڕپۆشێکی
مەڕدۆش ئەچوی
لە شەنگەبێری گوند ئەچوی
لە کەمانو دەنگی نەیی و
بولبول ئەچوی
لە خانمێکی باڵا پۆشی
وردیلانەی ناو شار ئەچوی
ئەی خودایە چ ئەشقێکە
کەنەمدیوە
نامەکانت وەک نمەی باران و
بێدەنگی شەو و
دوکەڵی لولەی زۆپاکانی گوندەکان
نەرم نەرم و بێدەنگ و ناسک بون
ئای باوانەکەم
ئەو هەمو میهرەبانیە چیە..؟
ئێستاش هەر وەک جارام
بەنامەکانت کەمێک لە ئازارەکانی
ڕۆژگارم لێ کەمکەوە و
سنوری تەنهاییە بێتامەکانی
هەقیقەت ببەزێنە
من لەوێسگەی شەمەندەفەرەکە
چاوەڕێتم.......