كۆمەڵ،هیچ بەرپرس و كادیرێكی‌ پارتی‌ لەسەرەوە تا خوارەوە بۆیان نیە باسی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان بكەن
05/09/2015 نوسەر: bzavpress

كۆمەڵ،هیچ بەرپرس و كادیرێكی‌ پارتی‌ لەسەرەوە تا خوارەوە بۆیان نیە باسی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان بكەن


سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان، ئامادەیی‌ حیزب و فراكسیۆنەكەی‌ بۆ رادەستكردنی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بە یەكێتی‌ نیشان دا و دەڵێت "پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان ئیستیحقاقی‌ یەكێتی‌‌یە و ئێمە بە تەكلیف وەرمانگرتووە".

مەروان گەڵاڵی‌، بە دەنگی‌ ئەمەریكای‌ راگەیاند "كاتی‌ خۆی‌ یەكێتی‌ داوای‌ پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ دەكرد و بەپۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان رازی‌ نەبوو، بۆیە ئێمە بەتەكلیفی‌ سەرۆك و جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان پۆستەكان بەشێوەی‌ كاتی‌ وەرگرتووە."

سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، پێیوایە مەسەلەی‌ لێسەندنەوەی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان لە حیزبەكەی‌ و رادەستكردنی‌ بەیەكێتی‌ لەلایەن پارتیەوە دەوروژێنرێت، وتی‌"هیچ بەرپرس و كادیرێكی‌ پارتی‌ لەسەرەوە تا خوارەوە بۆیان نیە باسی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان بكەن، چونكە ئەو پۆستە پەیوەندی‌ بەوانەوە نیە و ئیستیحقاقی‌ یەكێتی‌‌یە."

مەروان گەڵاڵەیی‌ ، رەتیكردەوە تا ئێستا یەكێتی‌ داوای‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمانی‌ لێكردبن و ، وتی‌"هەركات داوای‌ پۆستەكەیان كرد بە رێزەوە رادەستیان دەكەین."

بەڵام شیلان جەعفەر ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لە فراكسیۆنی‌ پارتی‌، ئاماژەی‌ بەوەكرد حیزبەكەی‌ پێویستی‌ بەوە نیە كار بۆ لێسەندنەوەی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان لەكۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ و پێدانی‌ بەیەكێتی‌ نیشتیمانی‌ بكات.

پێشتر یەكێتی‌ داوای‌ پۆستی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانی‌ دەكرد و وەرگرتنی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمانی‌ رەتكردەوە، بۆیە ئەوكات بەشێوەی‌ كاتی‌ پۆستی‌ سكرتێری‌ پەرلەمان درایە كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بەڵام هەتا ئێستا پۆستەكە لای‌ ئەو حیزبە ماوەتەوە.