هەولێر.. لە 9 مانگدا زیاتر لە ‌100 هەزار كەس بوونەتە خاوەنی پاسپۆرت
19/09/2015 نوسەر: bzavpress

هەولێر.. لە 9 مانگدا زیاتر لە ‌100 هەزار كەس بوونەتە خاوەنی پاسپۆرت



بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لە (1/1/2015)ـوە تا (1/9/2015) لە نووسینگەی یەكی پاسپۆرتی هەولێر (46467) پاسپۆرت دراوە بە هاووڵاتیان و لە نووسینگەی دووی پاسپۆرتیش (48459) پاسپۆرت بە هاونیشتمانیان دراوە كە لە هەردوو نووسینگەكەدا ‌(94926) پاسپۆرت تەواو كراون،‌ لەگەڵ نوێكردنەوەی (14743) پاسپۆرتدا.

عەمید (دیدار عومەر قادر) بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: "لە رۆژی (1/1/2015)ـوە تاكو (1/9/2015) لە نووسینگەی یەكی پاسپۆرتی هەولێر (46467) پاسپۆرت دراوە بە هاووڵاتیان و، لە نووسینگەی دووی پاسپۆرتیش (48459) پاسپۆرت بە هاونیشتمانیان دراوە كە كۆی گشتی هەردوو نووسینگەی یەك و دووی پاسپۆرتی هەولێر دەكاتە ‌(94926) پاسپۆرت و، نوێكردنەوەی پاسپۆرتیش (14743) پاسپۆرت بووە".

   بە گوێرەی یاسایەكی نوێی پەرلەمانی عێراق، لەمەودوا هەر هاووڵاتییەك لە پارێزگاكەی خۆی پاسپۆرتی بۆ نوێ دەكرێتەوە؛ ئەم بڕیارە چۆنچۆنییە و لە كەیەوە دەبێ لە هەرێم جێبەجێ بكرێ، بۆ ئەم مەبەستە (عەمید دیدار) دەڵێ: "ئەم یاسایە لە پەرلەمانی عێراقدا بۆ دەركردنی پاسپۆرتی ونبوو یان تێكچوو پەسند كراوە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە واری جێبەجێكردنەوە، لەبەر ئەوەی تەنیا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە و ڕێكاری یاسایی دیكە ماوە وەك بڵاوكردنەوەی لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە".
ژمارەیەك حاڵەتی وا هەیە كە كەسێك پاسپۆرتی بۆ دەرهێنراوە، بەڵام نەچووە بەدەم وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكەی، سەبارەت بەم حاڵەتەیش كە ئاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر چی دەكەن، (دیدار عومەر) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەپێی ڕێنمایی، لە دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر نەهاتنی خاوەنی پاسپۆرتەكە ئەم پاسپۆرتانە لەلایەن بەشی میرە و پێداویستییەكانی هەر بەڕێوەبەرایەتییەك دەنێردرێنەوە بەشی پێداویستییەكان لە بەغدا، بەڵام ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لەبەر باری ئەمنی و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان، چاوپۆشیمان لەم یاسایە كردووە و، پاسپۆرتەكانمان نەناردووەتەوە بەغدا".
لەبارەی ڕێنمایی دەرهێنانی پاسپۆرتیش عەمید (دیدار) ڕوونی كردەوە، هەر هاووڵاتییەك دەتوانێت پاسپۆرتەكەی نوێ بكاتەوە ئەگەر ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتەكەی كەمتر لە ساڵێك مابێت، پێویستە ئەم بەڵگەنامانەیشی پێ بێت: ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عێراقی، كارتی زانیاری، چەكێكی بانك بە ‌بڕی 25000 دینار و 3 پەردە وێنە.

ئاخۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت هیچ هەنگاوێكی ئەلیكترۆنی ناوە كە فۆڕم بۆ هاووڵاتیان بە رێگەی ئینتەرنێتیشەوە دەست بخرێ،‌ (دیدار عومەر) گوتی، هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی ماڵپەڕی (www.hawlerpassport.com)ـەوە فۆڕم  وەربگرن".
"تكا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین پەیوەست بن بە ڕێنماییەكانی دەرهێنانی پاسپۆرت بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بە هاووڵاتیانی بكەین و هەرهاووڵاتییەكیش ماوەی پاسپۆرتی لە شەش مانگ كەمتر بێت، تكایە پاسپۆرتی نوێ بكاتەوە، لەبەرئەوەی زۆرێك لە وڵاتان ڕێگا نادەن بچنە ناو ئەو وڵاتەوە". بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر وای گوت. 
عەمید (دیدار) لەدایكبووی شاری هەولێرە و دەرچووی كۆلێژی پولیسە و بەكالۆریۆسی لە یاسا هەیە، ئەو كە ماوەی (25) ساڵە وەك ئەفسەر كار دەكات، ئێستا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێرە.