28/09/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
"غەرب ئێمەی بۆ خۆمان یان بۆ خۆی دەوێت؟"
2- "کێیان" لێ وەرگرتین و "کێیان" بۆ ناردینەوە؟
گرنگە پەی بە وەها ڕاستییەکە ببرێت کە چەمکی "ئیمان" لە ژیانی موسوڵمانادا چەمکێکی گرنگ و جەوهەرییە. وە کاریگەرییەکانیشی جێی هەڵوێست لەسەر نواندنە. ئیمانێكی بەهێز دەتوانێت مرۆڤ بکاتە مرۆڤێکی لێ نەبڕا بۆ دەعوەی ئیسلامی و لەوێشەوە بۆ پاکردنەوەی هزری کەسانی نا موسوڵمان لە پۆخڵەواتی نا تەوحیدی و دوور لە پەیامی خودای، ئەویش بە بانگەوازێکی دانایانە. وە نەبوونیشی دەتوانێت مرۆڤ بکاتە مرۆڤێکی دژە ئیسلام، بەوەی کە کردەوە گەلێک بکات چ نیسبەت بەخۆی بێت، یاخود خەڵکی، کە خەسارۆمەندی هەردوو دونیای تێدا بێت. بە ڕوانینمان بۆ واقیع، دەتوانین بێ دوودڵی بەخۆمان بڵێین، "زۆرینەی ئەوانەی کە ڕوودەکەنە ڕۆژئاوا، یان ئەوەتا هێزی ئیمانەکەیان وەک خۆی لە جێگیریدایە، یان کەم دەکات. خۆ وە نەبێت لە وڵاتانی موسوڵمانیشدا زۆرینەیان ئیمانیان، ئیمانێکی پۆڵاین بووبێت. کەمن ئەوانەی کە لە ئیمان زیاد بووان بن چ لێرە و چ لەوێ، جا لە غیابی ئیمانێکی پتەودا، زۆر شتی دژە ئیسلام دەکرێت. وە بێ هۆ نییە ئەوانەی کە ئیمانیان کەم دەکات. لە نێو چەندانی هۆکاردا، یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکار، ڕوانینیەتی بۆ حاڵی زۆرینەی وڵاتانی موسوڵمان و وڵاتانی غەرب. ئەوی زاهیربین بە خۆی دەڵێ: "مادام ئەم هەموو نوێژ خوێنەمان هەیە! بۆچی وڵاتمان پێش ناکەوێت؟! مزگەوتەکان پڕن و وەلێ موسوڵمانانی ناو مزگەوت بێ بەرهەمن لە پێشکەوتنە زانستییەکاندا." جا مەردمێک نەشارەزا بێت وا دەزانێت هەمان ئەو موسوڵمانانەی کە لە مزگەوتدان، هەمان ئەوانەن کە بڕیار لە سیستەمی پەروەردە و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسەتی وڵات دەدەن! لەوانەیە ئاگاداری وەها ڕاستییەک نەبێت کە لەدوای (١٩٢٤)ەوە، هەرهەمان موتوربەکراوانی فیکری عەلمانی بڕیاردەری سەرەتا و کۆتای سیاسەتی خاکە دابەشبووەکانی موسوڵمانانن.
یان کاتێک پێشکەوتنە حەزارییەکی ڕۆژئاوا دەبینێت کە خۆی زیاتر لە پێشکەوتنی پیشەسازیدا دەبینێتەوە، فیکرەیەکی وای لا گەڵاڵە دەبێت، کە دووری لە ئاین واتە: نزیکی لە پێشکەوتن. بیر ناکاتەوە کە پێشکەوتنە پیشەسازییەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاینەوە نییە، بەڵکو زادەی پێداویستی و بەکار کەوتنی مێشکی مرۆڤە، وەلێ ئایین دەتوانێت بە هاندانی مرۆڤەکان بۆ زانست، کاریگەرگەلێکی گەورەی هەبێت. خۆ ئەگەر قەرار وابێت، ئایین هۆکاری سەرەکی و سەرەتا و کۆتا هۆکاری پێشکەوتنە حەزارییەکان بێت، ئەوا باوەڕ ناکرێت کەسێک کە خوێندەوار و مەنهەجی بێت، مل لەوەها ڕاستییەک بادات کە نەهزەی پیشەسازی ئەوروپا سەرچاوەکەی توراسی زانستی ئەزموونی زانایانی نێو حەزارەتی ئیسلامی بووە. هەروەک مێژوونوسی بەریتانی (تۆماس ئارناڵۆد) دەڵێت: "ئەگەر زانستی موسوڵمانان نەبوایە، هەرگیز تاریکی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا ڕۆشن نەدەبوویەوە." یاخود وەک "شەریعەتی" دەڵێ: "مامۆستاکانی ڕۆژئاوا، لە فێرگە، لە زانستگایان، لە ناو کۆڕی کەیخودایان، کاریان لاسای موسوڵمان بوو، دابی ئەوانیان پێ جوان بوو، کەوای شۆریان لەبەر دەکرد، عەمامەیان لەسەر دەکرد. دەس ڕەنگیانی خاچ پەرست کە دەستکردێکیان ڕێک دەخست فێڵیان دەکرد. مۆری (الله)یان لێ دەدا؛ ڕەنگی ئیسلامیان پێ دەدا. تا وابزانن ئەو کارانە هی وڵاتی موسوڵمانە؛ کاری شام و بوخارایە، کرگاری بەڵخ و بەغدایە؛ ئەستەنبووڵە، توسە، ڕەیە، کاری وەستای غەرناتەیە. تەنانەت خاچی گەردنبەند (الله)یەکیان لێ هەڵدەکەند."
کاتێک بابای تێنەگەیشتوو دەبینێت ڕۆژئاوا ئەو ساتانە توانی باڵادەستی خۆی لە جیهانی پیشەسازیدا بسەلمێنێت کە ناپلیۆن دەستی بە جودا کردنەوەی ئایینی مەسیحییەت لە سیاسەت، کرد. ئیدی لای ئەو، مەسیحییەتە تەحریف کراوە پاپاییەکانی سەدە تاریکییەکانی ڕۆژئاوا یەکسانە بە ئیسلام! ئەکلیرۆس و قەشە بەرژەوەند خوازەکان یەکسانە بە مامۆستایانی مێزەر بەسەری مزگەوت، بەڵام خۆ ناشێت پلەی تێنەگەیشتووی بگاتە ئاستێکی وەها کە بزوتنەوە ئەدەبی و شۆرشگێرییەکانی دژی داگیرکاری ڕۆژئاوا هەر مێزەر بەسەرانی ئومەت بوون؛ وەلێ ئەوەی کە ئەو وا لێ دەکات مل لە هەموو ئەو ڕاستییانە بادات ئەوەیە کە بە تێگەیشتنی زاهیری خۆی وا حاڵی بووە کە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا لە بە دوورگرتنی دین بوو لە سیاسەت و زانست. بەڵام کام دین؟!
کەوابوو لەهەر سەردەمێکدا هەر گرۆهێک لە گرۆهی موسوڵمانان لە پەیامی کیتاب و سونەت تێ بگەن، دەتوانن عیزەت بۆ خۆیان بگێرنەوە؛ چون بەڵێنی خودایە کە دەفەرمووێت: {ذَٰلِكَ بِأَنَّ ٱللَّهَ لَمۡ يَكُ مُغَيِّرٗا نِّعۡمَةً أَنۡعَمَهَا عَلَىٰ قَوۡمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنفُسِهِمۡ وَأَنَّ ٱللَّهَ سَمِيعٌ عَلِيمٞ }(الأنفال :٥٣)، واتە: ئهو سزا و لهناو بردنه لهبهر ئهوهیه که (بڕیاری خوا وایه) بێگومان خوا هیچ ناز و نیعمهتێکی نهگۆڕیوه که بهخشیبێتی بهههر قهوم و گهلێک، ههتا ئهوان ئهوهی بهخۆیان دهکرێت نهیگۆڕن و نهیکهن؛ چونکه بهڕاستیش خوای گهوره بیسهری (گوفتارهکانه) زانایه بهکردارهکان. (وەرگێڕاوی ئاسان).
لەهیچ سەردەمێکی دوای دابەزینی ئاینی ئیسلام لەلایەن خودای ئافرێنەری کەون و کائیناتەوە، هێندەی ئەم سەردەمە فیکری ئیلحادی، یان ئەو فیکرانەی کە دەروازەن بۆ چوونە بازنەی ئیلحادەوە، لەنێو بەشێک لە تاکەکانی ئەم ئوومەتەدا بەر بڵاو نەبووە، کە ئەمەش بێ دوودڵی بەرهەمی فیکری عەلمانییەتە، جا چ بەرهەمە فەلسەفیەکانیان بێت، یان سیستەمە سیاسیەکەیان. ئەمەش لە پاش هەڵگرتنی لەلایەن کۆمەڵانێکی تێ نەگەیشتوو لە جەوهەری ئیسلام، وە ڕوونیشە کە ئەم جۆرە ڕوانین و بەربڵاوییە لە چ ئاڕاستەیەکەوە ئاڕاستەمان دەکرێت. بەتایبەت چوونی چەندان کەسایەتی ناودار بۆ خۆرئاوا لە پاش ئاسانکاری بۆ کردنیان، پاشان گۆڕانی هەڵوێستیان بەرانبەر ئیسلام، کە ئەمەش بەرنامە بۆ دارێژراو بوو. "تەها حوسەین" نموونەیەکی ئەو ڕاستییەیە. پاشان هەمان ئەو کەسانەمان بۆ دەنێرنەوە و بە هەمەجۆر نازناوی قەبەیان لە ڕێی میدیاکانەوە بەباڵای ئەقڵی داشۆریویاندا دەکەن، بۆ نموونە وەک نازناوی "ڕۆشنبیر". بابای بەناو ڕۆشنبیر بەسەردا بڕاویش دێتە سەر تەلەفزیۆن و دەست دەکات قسەکردن. کابرای عەوام تا دوودێر لە قسەکانی تێ دەگات، سەد تێ ناگات، کەچی ملی سەرسامی بۆ با دەدات.
هەر بۆیە وڵاتانی غەرب لە پاڵ وەگرتنی پەنابەران، وە بەکارهێنانی دەستی کاریان بۆ گەشەسەندی ئابووری وڵاتیان، کۆمەڵێک لەو کەسایەتییانە دەکەنە ژێر کاریگەری فیکری خۆیانەوە، لەو ڕێیەشەوە فیکری سیکۆلاری خۆیان هاوردەی وڵاتانانی موسوڵمان دەکەن و دووبارە چەند گەنجێکی هەرزەکاری تریان پێ هەڵ دەخەلەتێنن، تەنانەت بە جۆرێک هەر لە ئێستادا، لای نوخبەیەکی کەمینەی موسوڵمان و نوێژخوێن، سیستەمی سیکۆلاریزم لە سیستەمی ئیسلامی بە باشتر دەزانرێت!
کەوابوو غەرب لە پاڵ ئەو مەسڵەحەتە ئابوورییە لە وەرگرتنی پەنابەران لە کۆن و تازەدا کردوویانە، مەسڵەحەتێکی تریشیان هەس، کە مەسڵحەتی فیکرییە. لەم ڕێیەوە فیکری دوور لە ئیسلام لەنێو نەوەکانی ئەم ئومەتەدا بڵاو دەکەنەوە؛ چوونکە دەزانن هەتا فیکری ئیسلامی کاڵ نەبێتەوە هەروا بە سانای ناتوانن مەسڵحەتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان تەشەنە پێ بستێنن.