06/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆلیسی هەولێر داعش گەمارۆ دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە هەر كوێیەك تیرۆریستانی داعش هێرش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە بكەن و سنووری خاكی كوردستان ببەزێنن، گەمارۆیان دەدەن و لەناویان دەبەن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنیی شار و شارۆچكەكانی هەرێم دەكەن و چاوكراوانە هەر هەوڵێكی تێكدەرانە پووچەڵ دەكەنەوە.
عەبدولخالق تەڵعەت ڕوونیشی دەكاتەوە: "بەشێكی هێزەكانمان بە هاوكاریی ئاسایشی هەولێر و دژەتیرۆر، لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕی تیرۆریستانی داعشن و، لە هەر شوێنێك جموجۆڵیان هەبێت، گەمارۆیان دەدەین و ورد و درشتیان لەناو دەبەین".
وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژە دەدات، وەزارەتی ناوخۆ تەنیا بەوەندەوە ناوەستێت كە لە ناوشارەكاندا باری ئەمنی جڵەو بكات، بەڵكو لە هەر حاڵەتێكدا كە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان دروست بێت، ئامادەییان هەیە و بەرپەرچی هەر هەوڵێكی گێرەشێوێنانە دەدەن جا لەلایەن هەر گرووپ و تاقمێكی تیرۆریستییەوە بدرێت.
"تیرۆریستان هەموو جۆرەكانی ترساندن و تۆقاندنی هاونیشتمانیانیان تاقی كردەوە، بەڵام هەرگیز ناتوانن زەفەر بە هەرێمی كوردستان بەرن و، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیش بەوپەڕی ئاگاییەوە لە ناوەوە و دەرەوەش خەونە نەزۆكەكانی داعش لەبەین دەبەن و، ناهێڵن بۆ ساتێكیش ژیانی هاونیشتمانیان بكەوێتە مەترسییەوە". لیوا عەبدولخالق وای گوت.