09/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
هه‌فته‌ی ئاینده په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێم و پڕۆژه‌ی چاكسازی ده‌كات
گفتوگۆكانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مادده و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ به‌رده‌وامیی هه‌یه، به سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (6)ی ئاساییی خولی پاییزه، ساڵی دووه‌م له خولــی چواره‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه، كه‌له دووخاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ئاماده‌كرابوو، به‌پێی بڕیاری ژماره (26)ی ساڵی 2014 و بڕگه‌ی (8) له مادده‌ی (په‌نجا و شه‌شه‌م)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره (1)ی ساڵی 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به مادده‌ی (94)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له گفتوگۆكردنی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و پڕۆژه‌ی چاكسازیی دارایی و ئابووری و مه‌له‌فی نه‌وت، له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌م له مادده‌ی 54ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.
به‌ر له خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له رێگه‌ی خاڵی نیزامی په‌یڕه‌و داوایانكرد خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار كه تایبه‌ته به گفتوگۆكردنی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و پڕۆژه‌ی چاكسازیی دارایی و ئابووری و مه‌له‌فی نه‌وت، پێش خاڵی یه‌كه‌م بخرێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بۆچوونێكی دیكه له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه خرایه روو كه داوایانكرد ئاماده‌كاریی زیاتر بكرێت بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و خاڵه و بۆیه پێشنیازیانكرد له هه‌فته‌ی داهاتوودا گفتوگۆ بكرێت. له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و داواكارییانه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان یه‌كه‌مجار ئه‌نجامدانی به‌رنامه‌ی كاری وه‌ك خۆی خسته ده‌نگدانه‌وه و به ئه‌نجامی 60 ده‌نگ به‌رامبه‌ر 24 ده‌نگ بڕیاردرا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه و له هه‌فته‌ی ئاینده خاڵی دووه‌م بخرێته روو.
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری مانگرتوو له هۆڵی په‌ناگیریی په‌رله‌مان، كه له دوێنێ بۆ پشتگیریكردنی داوای مانگرتن و خۆپێشاندانی هاووڵاتییان و چاره‌سه‌رنه‌بوونی قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییه‌كان مانگرتنیان راگه‌یاندبوو، داوایانكرد یاداشته‌كه‌یان وه‌ك بیرۆكه بۆ په‌رله‌مانتاران بخوێنرێته‌وه و ئه‌م داوایه‌ش خرایه ده‌نگدانه‌وه و به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا. یاداشته‌كه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتار د.شێركۆ حه‌مه ئه‌مین خوێندرایه‌وه و له 7 خاڵ پێكهاتبوو، تێیدا داواكراوه په‌رله‌مان دانیشتنه‌كانی تایبه‌ت بكات به داوای خۆپێشانده‌ران و مانگرتووان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ قه‌یرانه‌كانی هه‌رێم و چاكسازیكردن له مووچه و خانه‌نشینی و دروستكردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له كه‌رتی نه‌وت و ئابووری و گه‌یشتنه رێككه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم.
دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرد، مادده و بڕگه‌كانی به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌كه بخوێننه‌وه، تاوه‌كو په‌رله‌مانتاران تێبینی و بۆچوونه‌كانیان له‌باره‌وه بخه‌نه روو. ئه‌و به‌شه‌ی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، له نۆزده مادده پێكهاتووه و له مادده‌ی بیست و هه‌شته‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات و به ماده‌ی چل وحه‌وته‌م كۆتایی دێت. ناوه‌ڕۆكی مادده‌كانی به‌شه‌كه‌ش تایبه‌ته به لیژنه هه‌میشه‌یی و تایبه‌تییه‌كان و چۆنیه‌تیی كاری ئه‌و لیژنانه و ده‌نگدان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی و ئه‌ندامییه‌تی لیژنه‌كان.
دوای خوێندنه‌وه‌ی مادده‌كانی به‌شه‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆ و په‌رله‌مانتارانه‌وه گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆی مادده‌كانی ئه‌و به‌شه‌ش، بریاره له دانیشتنه‌كانی داهاتوودا ده‌نگدانی كۆتایی له‌سه‌ر مادده به مادده‌ی به‌شه‌كه و رای په‌رله‌مانتاران بكرێت.
دوای ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی مادده‌كانی به‌شی پێنجه‌می پڕۆژه‌كه‌ش، د.فرسه‌ت سۆفی سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له روونكردنه‌وه‌یه‌كیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان گفتوگۆكردنی یه‌كێكه له‌پڕۆژه گرنگه‌كانی ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و هه‌روه‌ها گفتوگۆكانی په‌یڕه‌وی نوێ نه‌بۆته‌هۆی له كارخستنی كاری په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و به‌پێی میكانیزمی گفتوگۆی په‌رله‌مان ده‌كرێت له‌سه‌ر داوای چه‌ند ئه‌ندامێك به‌رنامه‌ی كار بگۆڕدرێت و خاڵی دیكه‌ی بۆ زیاد بكرێت. سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان داواشی له ئه‌ندامان كرد به‌گرنگییه‌وه له په‌یڕه‌وی نوێ په‌رله‌مان بڕوانن، وا سه‌یری نه‌كه‌ن كه بووبێته‌هۆی كاری په‌رله‌مانی. هاوكات سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش پشتگیریی له روونكردنه‌وه‌كانی لیژنه‌ی كاتیی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كرد و راشیگه‌یاند: "پهسندكردتنی ئه‌م په‌یڕه‌وه نوێیه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێته‌هۆی زیاتر كاراكردنی كاری په‌رله‌مانی و رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت"، به‌مجۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به دانیشتنه‌كه هێنا.