10/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتى ههڕهشه لهنهوشیروان مستهفا دهكات
پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر خۆپیشاندانەكان راگەیەندراوێكى بلاَوكردهوهو رایگەیاند: نەوشیروان مستەفا و دارودەستەكەی بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەو كارە تێكدەرانە و ئاڵۆزی دروستكردنە دەزانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت و بەدڵنیاییەوە دەبێت پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن . لەهەمان كاتدا دامودەزگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كەمتەرخەم دەزانین لەپاراستنی بارەگاكانمان لە كاتێكدا ئۆرگانەكانی پارتیمان بەهیچ شێوەیەك بەرپرس نەبوون و نین لەهەبوونی كەموكوڕی و كەمی خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا .
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە: تاكوئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بەخۆداگرتووە و هێمنی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی پاراستووە، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان و، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلان و دەستدرێژییە ناڕەوایانە، بەڵام ئیمڕۆش تاوەكو ئەم ساتەش نەوشیروان و تاقمەكەی هەر سورن لەسەر جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بەحەقی رەوای خۆی دەزانێت هەرهەنگاوێك بنێ كە بەگونجاوی بزانێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاژاوەگێڕی و پیلانە تێكدارانە. پارتی وەك هەنگاوی یەكەم خۆی بە ئازاد دەزانێ لە رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و بەشداری تاقمی نەوشیروان تیایاندا.