31/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانی داوا له عهلاوی دهكات نێوەندگیری لە نێوان پارتی و گۆڕان بكات
لەپێناو كۆتاییهێنان بەو تەنگژە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، مەسعود بارزانی، ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی سەرپشك كردووە تا نێوەندگیری بۆ ئەنجامدانی وتوێژ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بكات.
ئەردەڵان نورەدین، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەر دەڕۆن و لە دوایین چاوپێكەوتنی نێوان مەسعود بارزانی و ئەیاد عەللاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی و پێشنیازكردنی نێوەندگیریی لەلایەن عەللاوییەوە، بارزانی ئەو سەركردە سیاسییەی سەرپشك كردووە نێوەندگیری بكات و راوبۆچوونی هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەیەكتر نزیك بكاتەوە".
هەر بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی: "لەدوای كۆتاییهاتنی تەنگژەكەش، عەللاوی كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان سازدەكات".