31/10/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
لیبڕاڵیزم لە عەقلانیەتەوە بۆ سەرمایەداری.
سەرەتا پێش ئەوەی باس لە ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵیزم بکەین دەبێ ئەوە بڵێین کە لە زۆر حاڵەتدا لەدایک بوونی هەر بیر و دیدگا و ئایدۆلۆژیایەک دەرهاویشتەی ئەو کۆمەڵگە و واقیعە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتیەیە کە بەرهەمهێنەری ئەو ئایدیایەیە، وە لە زۆر حاڵەتیشدا لە هەناوی ئەو ئایدۆلۆژیایەدا هەوڵی ئەوە دراوە کە یەکپارچەبوونی حەقیقەت و گشتاندنی جیهان لە یەک پارچە واقیعدا بێتە جێ ،بە واتایەکی تر هەموو ئایدۆلۆژیاکان یان زۆربەیان بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن ببنە چاویلکەیەک بۆ ڕوانین لە هەموو کۆمەڵگاکان و دۆزینەوەی بەهاکان و گەیاندنی مرۆڤ بە لوتکەی ئامانجەکان . سەرەتای سەرهەڵدانی لیبرالیزم لە ڕۆژئاوادا بەنزیکی دەگەڕێتەوە بۆسەدەی 15و بەدیاریکراوی لە ناو چینی ناوەڕاست و بۆرژوازیەکاندا هاتەجێ،کە دواتر کارییگەری لەسەر ئەو هزرە و بەرهەمێنانی کۆمەڵگا سەرمایەدارییەکان دانا.
هزرە لیبڕاڵەکان بنەمای فەلسەفی و تیۆری سیستەمە دیموکراتیەکانی ڕۆژئاوا پێک دێنن، بەو واتایە دیموکراسی ڕووی ڕاست و هاوسەنگکراوی لیبڕالیزمە.لە نێوان لیبرالیزم و دیموکراسیدا دوو چەمک نوێنەرایەتی هەریەکە لەو دوو هزرە دەکەن ،چەمکی ئازادی نوێنەری لیبرالیزم و یەکسانی نوێنەری دیموکراسیەت.گوڕان و بەرزونزمی ئەو سنورەی کە لەنێوان ئازادی و یەکسانیدا هەیە فۆڕمی جیاوازتر لە هزرەکان دەداتە دەست، کە لە زۆرحاڵەتدا ئەم سێ فۆڕمە دێتە بەرهەم ئەوانیش ئەو سنورە هزرییەی کە ئازادی چەمکی یەکەمینە و یەکسانی دەبێتە پاشکۆ و پێکەوە باگراوەندی هزری لیبرالیزمی کلاسیک پێک دێنن، لە فۆڕمی دووەمدا هەردوو چەمکی ئازادی و یەکسانی دوو ڕووی هاوەسەنگکراوی یەکترن کە باگراوەندی هزری لیبڕاڵ دیموکراسی پێک دێنن، کە پانتاییەکی فراوانی لە ڕۆژئاوادا تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو داگیرکردبوو، لە فۆڕمی سێیەمدا چەمکی یەکسانی ڕۆڵێ یەکەمینی پێ دراوە و بەدوایدا ئازادی دێت کە ڕواڵەتی هزری سۆشیاڵ دیموکرات پێک دێنێ.
هزری لیبرالیزم لە ڕۆژئاوادا وەک فریادڕەس و پاساودەرێک بووە پاڵپشت بۆ سیستەمی سەرمایەداری ، هەروەک زەمینە مێژووییەکەی پێمان دەڵێ کە چینی بۆرژوا ئیلهام بەخشی ئەم فەلسەفەیە بوون.
لیبڕالیزم ڕۆڵێکی ئیمپراتۆریانە دەداتە چەمکی ئازادی و دەیکاتە سەنتەرێک بۆ هەموو بەهاکانی تر، ئەم ئازادییەش بەرهەمی پڕۆسە عەقڵیەکانە واتە عەقڵانیەت چەقی بەهای ئازادییە، مرۆڤ لە ڕێگەی عەقڵانیبوونەوە بەدوای بەرژەوەندییەکان و خواستەکانی خۆیدا دەگەڕێت ، عەقڵ دابینکەری ئازادییە و لەهەمانکاتیشدا عەقڵیش پێویستی بە زەمینەیەک هەیە لە ئازادی، لەم ڕوانگەوە هەر دژایەتییەک بەرامبەر عەقڵ نکۆڵی کردنە لە ئازادی و نکۆڵی کردنیش لە ئازادی بەمانای مایە پوچ کردنی عەقڵ و مرۆڤ دێت. هزری لیبڕاڵیزم لە دوو ڕەهەندەوە سەیر دەکرێ ،ئەوانیش لیبرالیزمی کلتوری و لیبرالیزمی ئابوریین.
ئێمە زیاتر لیبڕالیزمی ئابوریمان مەبەستە، لەدوای ئازادی سەرەکیترین بنەما و ئامانجی لیبڕالیزم بەگشتی و بەتایبەتیش فۆڕمە کلاسیکیەکەی لەگەڵ فۆڕمی نیولیبڕالیزم کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو سەری هەڵدایەوە سنوردار کردنی دەستێوەردانی دەوڵەتە لەبەرامبەر پانتایی کردەی ئابوری تاک و هەر دەستێوەردانێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە پێویستە بەمەبەستی فراوانکردنی ئەو پانتاییەی تاک بێت لەنێو سیستەمی ئابوری ئازاددا ، واتە لیبڕالیزم بە ئاشکرا بانگەشەی بازاڕی ئازاد دەکات و یەکێکە لە پرەنسیپەکانی.
تاک لەناو هزری لیبڕاڵیزمی ئابوریدا بەتەواوی دەستکراوە و ئازادە کە مامەڵە ئابوریەکانی خۆی بەرەو پێش بەرێت ،واتە لیبڕالیزم لەبەرچاوگری بەرژەوەندیە تاکگەراییەکانە نەک بەرژەوەندیە کۆلێکتیڤیزمیەکان(بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ)، ئەمەش دواجار کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری بەرهەم دێنێ کە ڕواڵەتەکانی ئەم سیستەمەیش بریتین لە جەمسەرگیری کۆمەڵگا و دابەشبوون لە نێوان چینی خوار واتە هەژار و چینی بۆرژوا واتە چینی سەرو بەمانایەکی تریش دەتوانیین بڵێین لیبڕاڵیزم بەرهەم هێنەری دەوڵەتی چینایەتیە.
لیبڕاڵیزم هزرێکی فراوان و ئاڵۆزی ڕۆژئاوایە کە ئەوەی لەسەرەوە باسکرا ڕەنگە تەنها باگراوەندێکی ئەو هزرە بێت ،کە لەلایەن زۆر فەیلەسوف و بیرمەندەوە ڕابەرایەتی کراوە ،لەوانەش ئیلهام بەخشی یەکەمین جۆن لۆکە بەمیتۆدە فەلسەفیەکەی خۆی کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی بوو ، دواتریش فەیلەسوفەکانی قوتابخانەی چێژگەراکان یان سودگەراکان کە دیارترینیان دیڤید هیوم و جێرمی بێنتهام و جیمز میل و ستیوارت میل بوون، دواتریش کاڕڵ پۆپەڕ بە میتۆدی فەلسەفی خۆی (کۆمەڵگای کراوە)و جۆن ڕاوڵز بە میتۆدی (دادپەروەری وەک ڕەوایی)و ئایزایا بەرلین بە میتۆدی(ئازادی پۆزەتیف و ئازادی نێگەتیڤ)و هانا ئارنت بە میتۆدی (ڕیشەکانی تۆتالیتاریزم)و چەندان فەیلەسوفی تر ئەم هزرەیان لە ڕۆژئاوا بەرەو پێش بردووە.