04/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
پەرلەمانتارێک بارزانی بەخاوەنی چەکە بێدەنگەکان تۆمەتبار دەکات
پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات چیدی بێدەنگ نەبێت لە دۆسیەی ئەو دوو فڕۆکەیەی چەکی بێدەنگیان هەڵگرتبوو و لە فڕۆکەخانەی بەغداد دەستیان بەسەرداگیرابووو، ناوبراو ئەو ڕووداوە بە ئابڕوچوون بەناو دەکات و پرسیار لە دەستوەردانی باڵیۆزی ئەمەریکا لەو ڕووداوە دەکات و مەسعود بارزانی بە هاوردەی چەکی بێدەنگ تۆمەتبار دەکات و دەڵێت ئایا بەنیازی تیرۆرکردنن یاخود ڕادەستی داعشی دەکەن؟.
لە بەیاننامەیەکدا پەرلەمانتاری عێراق (عەواتف نیعمە) دەڵێت:" دەستگرتن بەسەر دوو فرۆکە لە فرۆکەخانەی بەغدادکە چەکی بێدەنگ و ناوەندی و بچوکیان هەڵگرتبوو ئابڕوچونێکە کە ناکرێت لێی بێدەنگ بین، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بێدەنگی بشکێنێت و ڕووداوەکە بۆ ڕایگشتی ڕووبکاتەوە ". (عەواتف نیعمە) نیعمە وتویەتی: ئەگەر چەکی بێدەنگی تێداهەبووبێت ئەوا ئاشکرایە کە لایەنێک بۆ تیرۆرکردنی کەسانێکی دیاریکراو کڕیویەتی،
ئاشکراشی دەکات کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی دەستوردانی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق یان لە ڕووداوەکە بڵاوکردوەتەوە باڵیۆز پێداگری کردوە لە شاردنەوەی ڕووداوەکە و لێیگەڕاون فرۆکەکان ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان. ناوبراو بێ خستنە ڕووی بەڵگەکان بارزانی بەخاوەنی ئەو چەکانە تۆمەتبار کردوە و ئاماژەی بەوەکردوە کە نازانن بۆچی ئەمەریکا دەستی لە ڕووداوەکە وەرداوە و چی هاندەربووە کە مەسعود بارزانی چەکی بێدەنگ هاوردەبکات کە بۆ تیرۆرکردن بەکاردەهێنرێت، دەشپرسێت کە ئایا بارزانی بەنیازی زنجیرەیەک تیرۆری کەسانێکی دیاریکراوە؟ یاخود چەکە بێدەنگەکان ڕادەستی داعش دەکات؟.
ڕۆژی دووشەممە 02.11.2015 سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (حاکم ئەلزاملی) ڕایگەیاندبوو کە دوو فڕۆکەی هەڵگری چەکی بێدەنگ لە فڕۆکەخانەی بەغداد دەستی بەسەردا گیراوە، ئاشکراشی کردبوو کە یەک لەو فڕۆکانە کەنەدی و ئەوی دیکەش سویدی بوون و بەنیازبوون بچنە هەرێمی کوردستان.