دامه‌زرێنه‌ری یه‌كه‌مین حكومه‌تی كوردستان و قاره‌مانی شه‌ڕی
ده‌ربه‌ندی بازیان، شێخ مه‌حمودی حه‌فید كوڕی شێخ سه‌عیدی كوڕی شێخ
محه‌مه‌ده بچكۆله‌ی كوڕی حاجی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ-ه.
ساڵی 1881 له سلێمانی له‌و بنه‌ماڵه ئایینییه به‌ناوبانگه
له‌دایكبووه، دوای هه‌ره‌سهێنانی میرنشینی بابان ده‌سه‌ڵاتی ئایینی‌و
كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی كوردستانی كه‌وته ده‌ست ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه.
شێخ مه‌حمود به منداڵی خراوه‌ته به‌ر خوێندن‌و مامۆستایانی وه‌ك عه‌بدوڵڵا ئه‌فه‌ندی‌و عه‌بدوڵڵا زێوه‌ر ده‌رسیان پێوتوه.
هێشتا منداڵ بووه كه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵی كردووه‌و له‌وێ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م پێشوازی لێكردوون.
ساڵی 1908 به‌پیلانی تاقمی ئیتیحاد‌و ته‌ره‌قی له شاری موسڵ شێخ
سه‌عیدی باوكی‌و شێخ ئه‌حمه‌دی برای شه‌هیدكران‌و ئیتر ئه‌ركی
به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری بنه‌ماڵه‌كه ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆی شێخ مه‌حمود
كه له‌و كاره‌ساته‌دا زۆر به‌زه‌حمه‌ت رزگاری ببوو.
شێخ مه‌حمودی حه‌فید وه‌ك شه‌خسیه‌تێكی موسڵمان، ساڵی 1915
به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ری كرد له شه‌ڕه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا دژ به
ئینگلیز له ناوچه‌كانی كوت‌و شوعه‌یبه، بهخۆیو چه‌ند سه‌د سوارێكی
كورده‌وه به‌رگرییه‌كی قاره‌مانانه‌یان نواند.
ساڵی 1918 كاروباری شاری سلێمانی گرته‌ده‌ست.
له 18ی حوزه‌یرانی ساڵی 1919 دا ئینگلیز به تۆپ‌و فڕۆكه‌و هێزێكی
گه‌وره‌ی بێ شوماره‌وه به سه‌رۆكایه‌تی ژه‌نه‌راڵ فرایزه‌ر له
ده‌ربه‌ندی بازیان په‌لاماری هێزه‌كانی شێخ مه‌حمودی دا.
له‌و شه‌ڕه‌دا هێزه‌كانی شێخ مه‌حمود قاره‌مانێتییه‌كی زۆریان نواند‌و
قوربانییه‌كی گه‌وره‌یان به‌خشی، به‌ڵام ئاكامی شه‌ڕه‌كه به
سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی ئینگلیز كۆتاییهات.
شێخ مه‌حمود به‌برینداری له پاڵ به‌رده‌قاره‌ماندا ده‌ستگیركراو له
مانگی ته‌مووزی هه‌مان ساڵدا بڕیاری له سێداره‌دانی درا، به‌ڵام
له‌ژێر گوشاری رای گشتی دا‌و له‌ترسی به‌رپابوونی شۆڕشێكی گه‌وره‌ی
كورد، ئه‌و حوكمه گۆڕا به حوكمی ده ساڵ زیندانی‌و شێخ مه‌حمودیان دوور
خسته‌وه بۆ هیندستان.
دوورخستنه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ بارودۆخی كوردستان‌و
ناوچه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد، بۆیه ساڵی 1922 رێیپێدرا بگه‌ڕێته‌وه
كوردستان‌و هه‌ر هه‌مان ساڵ شێخی نه‌مر له سلێمانی حكومه‌تی كوردستانی
دامهزراندو هه‌موو تواناكانی خۆی ته‌رخانكرد بۆ پته‌وكردنی ئه‌و
حكومه‌ته، به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گه‌وره هێزه‌كانی دنیا
دژی ئامانجه‌كانی گه‌لی كورد بوون‌و ئینگلیز به‌ته‌واوی پشتگیریی له
ده‌وڵه‌تی تازه دامه‌زراوی عێراق دهكردو له‌شكركێشییان ئه‌كرده سه‌ر
كوردستان.
شێخ مه‌حمودی حه‌فید ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك شه‌ڕی پارتیزانی درێژه پێداو
دوا جار له ئاكامی گه‌له كۆمه‌كێی هێزه ناوچه‌ییه‌كان‌و هێزه
گه‌وره‌كانی جیهان، شێخ مه‌حمود ساڵی 1926 ده‌ستی له چالاكی سیاسی‌و
عه‌سكه‌ری ههڵگرتو له گوندی پیران دانیشت.
به‌ڵام كه راپه‌رینه‌كه‌ی خه‌ڵكی شاری سلێمانی له‌رۆژی شه‌شی
ئه‌یلولی ساڵی 1930 خڵتانی خوێن كرا، شێخ مه‌حمود ده‌ستیدایه‌وه
چالاكی دژ به‌هێزی ئینگلیز‌و هێزی حكومه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عێراق‌و
چه‌ند نه‌به‌ردێكی تۆمار كرد، له‌وانه شه‌ڕی ئاوباریكو شه‌ڕی
كهناروێو شه‌ڕی سورداش. به‌ڵام پارسه‌نگی هێزه عه‌سكه‌ریی‌و
سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد دا نه‌بوون، بۆیه
شێخ مه‌حمود له‌ساڵی 1931دا كه‌وته ده‌ست دوژمنانی كورد‌و به
ده‌ستبه‌سه‌ری له‌به‌غداو ناوچه‌كانی تری عێراقدا خرایه ژێر
چاودێرییه‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ناهاوكوفی له‌چه‌ك‌و تهقهمهنیو هێزی
شه‌ڕكه‌ر بۆیه شێخی نه‌مر ناچاربوو له ڕۆژی 1931.05.13دا خۆی
به‌ده‌سته‌وه‌بدات، پاشان دورخرایه‌وه بۆ به‌غداو سه‌ماوه‌و له‌دواییدا بۆ
ناسریه، دواتر گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ به‌غدا، تاكو له‌ساڵی 1941دا له‌كاتی
شه‌ڕه‌كه‌ی ڕه‌شید عالی گه‌یلانی له‌دژی بریتانیا خۆی له‌ژیانی
ده‌ستبه‌سه‌ری له به‌غدا ڕزگاركردو گه‌ڕایه‌وه كوردستان‌و چوو له گوندی
"داری كه‌لی" دانیشت.
ئه‌م گه‌وره پیاوه‌ی كورد جگه له‌وه‌ی كه جێپه‌نجه‌ی به‌سه‌ر
هه‌موو رووداوه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان‌و عێراقه‌وه هه‌یه،
شه‌خسیه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ش بوو. خوێنده‌وارێكی به‌سه‌لیقه‌و
شاعیرێكی به‌هره‌داریش بوو. پێكهاته‌و حكومهتو ده‌زگا ئیدارییه‌كانی
تری شێخ مه‌حمود نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه ئه‌م پیاوه هه‌ڵكه‌وتووه
بایه‌خیداوه به خه‌ڵكی رۆشنبیر‌و زۆربه‌ی ئه‌فسه‌رو شاعیر‌و رۆشنبیرانی
كورد په‌یوه‌ندییان بهشۆڕشو حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه كردووه.
شێخی نه‌مر له خه‌باتی پارتیزانیشدا رۆڵی خوێنده‌وارو رۆشنبیری به‌رز
نرخاندووه، بۆیه چاپخانه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی (بانگی كوردستان)ی له
ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه-دا جێگیر كرد.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان‌و ناوچه‌كه
ئه‌و راستییه ئاشكرا ده‌بێت كه له‌رووی ئیداریی‌و عه‌سكه‌ریی‌و
دیپلۆماسییه‌وه شێخ مه‌حمودی نه‌مر هیچی كه‌متر نه‌بووه له‌و پاشا‌و
ئه‌میرانه‌ی كه له‌ده‌ورو پشتی كوردستاندا پشتگیری‌یان لێكراوه.
مه‌لیكی كوردستان شێخ مه‌حموود ڕۆژی 1956.10.09دا له یه‌كێك له
نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا كۆچیدوایی كرد‌و ته‌رمی پیرۆزی به ڕیزێكی زۆره‌وه
له‌ناو ئاپۆڕه‌ی خه‌ڵكانی دڵسوزی شێخی نه‌مرو كورد‌و كوردستان له ته‌نیشت
گۆڕی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانی به‌خاك سپێردرا.
رێ‌و ره‌سمی پێشوازیكردن لهتهرمهكهیو به‌خاك سپاردنی بوونه پریشكی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی راپهرینو خۆپیشاندان له‌كوردستاندا.
كۆچیدوایی شێخ مه‌حمودی حه‌فید زیانێكی گه‌وره‌ی به بزووتنه‌وه
ئازادیخوازییه‌كه‌ی خه‌ڵكی كوردستان گه‌یاند، بۆیه زوربه‌ی شاعیران‌و
نووسه‌رانی كورد شیعر‌و به‌رهه‌میان بۆ نووسیوه.