هەرچەندە باوەربوون بە وجودی خودا لەم سەردەمەدا لەلای کەمینەیەك نەبێت زۆر ڕونەو گومان نەماوە دوای ئەوەی نهێنیەکانی گەردوون زیاتر دەرەکوتون بۆمرۆڤ ، بەڵام لێرەو لەوێ لەم بابەتە قسەدەکرێ ، بەتایبەت لە بەشی کۆمەڵناسی کە بۆ خۆم ئەو بەشەم خوێندوە زۆر قسەو باس دەکرێت لەبارەی ئەوەی خودا وەهمەو مرۆڤەکان بۆخۆیان درستیان کردون و ئاینیش لە وەسەنیەت و فرە خوداییەوە هاتوە هەتا گەیشتوە بە یەكخوا پەرستی بەتێپەڕبوونی کات ، هیوام وایە توانیبێتم ئەو بابەتە بە باشی بخەمە روو وەڵامی ئەو گومانانەم دابێتەوە و سودێكم بەگەنجانی خۆشەویست گەیاندبێت.
سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ دەکەین کەئایە بوون بنەرەتە(الوجود)؟ یان نەبوونی گشتی ئەسڵە (العدم العام) ؟ بوونی هەریەکێکیان نەفی ئەویتریان دەکات دەبێت یان بوون بنەرەت بێت یان نەبوون رێگای سێیەممان نیە دەبێت هەرەیەکێك لەو دوو ئیختیارە هەڵبژێرین .
نەبوون (العدم) : واتا نەبوونی خودو نەبوونی سیفات و نەبوونی هێزو نەبوونی ویست و نەبوونی زانست و نەبونی هیچ شتێك ، واتە هیچ شتێك بوونی نەبێت.
با لەسەرەتادا گریمانەی ئەوە بکەین کە بنەرەت نەبون بێت و دواتر بوونی بەدوادا هاتبێت ، ئەگەر بڵێین نەبوونی گشتی هەبوو باشە چۆن لەنەبونەوە بوون هاتەدی لەکاتێکدا هیچ شتێك بوونی نەبوو ،ئایە ئێمە هەست بەبونی خۆمان ناکەین ؟ئایە ستەکانی دەوروبەرمان نابینین ؟ئایایە ئەم گەردونە بونی نیە ؟ نەبون واتا نەبونی هەمو ئەو شتانە ، چۆن نەبون گۆرا بۆ بوون کەئەمە لەعەقڵدا جێی نابێتەوە ، بۆیە دەبێت بڵێین بوون بنەرەتە چونکە یەگەر وتمان نەبون بنەرەتە ئەوا هیچ شتێك نایەتەدی و نەفی بوون دەبێت ، کەواتە دەبێت بوون ئەسڵ بێت و زاتێك بوونی هەبووبێت کە (واجب الوجودە) هەموو بونەکانی تری بۆدەگەرتەوەو بوونەکەی خودیەو ئەزەلیە ئەویش (الله) بەڵام بەنیسبەت جگە لە خوداوە هەموی نەبون ئەسڵە بۆی ، واتا نەبوون کەوتۆتە پێش بونمانەوە .
(العقیدە الاسلامیە واسسها ،ص ١١١ – ١١٥)
ئەم گەردونەی کە بەملیاران ئەستێرەو گەلە ئەستێرەی تیایەو هەموی لەسەر کۆمەڵە یاسایەکی رێك و پێک دەرۆن بەرێوە ناگونجێت لەخۆوە هاتبنەدی بەبێ ئەوەی زاتێکی زاناو بەتوانا دروستی کردبێت ، ئێستەش با بەخێرایی هەڵوێستەیەک لەسەرهەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بکەین تابزانین بۆچی خودا زەوی وەک لانکە بۆژیانی مرۆڤ هەڵبژاردوە .
١ – عەتارد : بچوکترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆرەو نزیکترین هەسارەیە لەخۆرەوە ،عەتارد بە مامناوەندی نزیکەی (٥٨)ملیۆن کیلۆمەتر لەخۆرەوە دورە ، بەماوەی (٨٨) رۆژی ئێمە بەدەوری خۆروو بەدەوری خۆیدا دەسورێتەوە ، کەواتە ساڵێك لە عەتارد (٨٨)رۆژی ئێمەیە ،لەبەر ئەوەی سورانەوەی عەتارد بەدەوری خۆیو خوردا بەیەک ماوەیە بۆیە هەمیشە لایەکی روناکەو لایەکی تاریکە ،وە بەرگەهەوای رووپۆشی عەتارد رووپۆشێکی تەنکە .
٢ – زوهرە : دووەم هەسارەیە دوریەکەی نزیکەی (١٠٧) ملیۆن کیلۆمەتر بە (٢٢٤) رۆژ بەدەوری خۆی و خۆردا سور دەخوات بۆیە لایەکی تیشکی خۆری بەرناکەوێت ، ساڵێك لە زوهرە (٢٢٤) رۆژی خۆمانە ، ئەو گازەی رووی هەسارەی زوهرەی داپۆشیوە برتیە لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربون و برێکی کەم لە ئۆکسجین و هەڵمی ئاو.
٣ – مەریخ : چوارەم هەسارەیە بەپێی دوری لەخۆرەوە دووریەکەی نزیکەی (٢٢٨) ملیۆن کیلۆمەترە ،بە (٢٤) سەعات و (٣٧)دەقە بەدەوری خۆیدا دەسورێتەوە ، وە بەماوەی (٦٨٦) رۆژی ئێمە بەدەوری خۆردا دەسورێتەوە ، بەرگە هەواکەی کە ئەستوریەکەی دەگاتە (١٠٠) کیلۆمەتر بەشی هەرەزۆری پێكدێت لە دووانە ئۆکسیدی کاربۆن .
٤ – موشتەری : لەهەمو هەسارەکانی تر گەورەترە (٧٧٨) ملیۆن کیلۆمەتر لە خۆر دوورە ، شەوو رۆژێك لە موستەری (٩.٥٠) نۆ سەعات و پەنجا دەقەیە ،بەماوەی (١٢) ساڵی ئێمە بەدەوری خۆردا جارێك سور دەخوات ، بەرگە هەواکەی زۆربەی ئامۆنیاو میتانە گازە ئامۆنیاکەی بۆتە سەهۆڵ بەشی ژێرەوەی شلە گازی هایدرۆجینی گرتۆتە خۆو تێیدایە ،زانایان گومانیان وایە ناوەوەی ئەم هەسارەیە رەنگە هایدرۆجینی بەستراوی تیابێت بۆیە هەندێکیان دەڵێن رۆژێك دێت دەتەقێتەوە .
٥ – زوحەل شەشەم هەسارەی کۆمەڵەی خۆرەدووریەکەی دەگاتە نزیکەی (١) ملیارو (٤٢٧) ملیۆن کیلۆمەتر ، بەماوەی (١٠) سەعات بەدەوری خۆیدا سوردەخوات ، بەماوەی (٢٩) ساڵ و (١٦٦) رۆژ بەدەوری خۆردا دەسورێتەوە ، واتە ساڵێك لە زوحەل (٢٩.٥) بیست و نۆ ساڵ وونیوی ئێمەیە ، کەش وهەوای زوحەل لەکەش وهەوای موشتەری دەچێت .
٦ – ئۆرانوس : حەوتەم هەسارەیە لەکۆمەڵەی خۆر بە (٨٤) ساڵی ئێمە خول دەخوات بەدەوری خۆردا ، بە (١٠.٤٩) دەسەعات و چل ونۆ دەقە بەدەوری خۆیدا سوردەخوات .
٧ – نیبتۆن :هەسارەی هەشتەمەو بەماوەی (١٦٤) ساڵ و(٢٨٩) رۆژ بەدەوری خۆردا دەسورێتەوە بەماوەی (١٥.٤٨) پانزە سەعات و چل وهەشت دەقە بەدەوری خۆیدا سور دەخوات .
٨ – (پلۆتۆ) پلۆتۆ بەماوەی (٢٤٧) ساڵی ئێمە بەدەوری خۆردا دەسورێتەوە بەماوەی (٦) رۆژ بەدەوری خۆیدا سور دەخوات .
(ئاسۆیەك لەگەردوون ، ل ٣٧ – ٤٥)
بائێستە باسی زەوی بکەین بزانین زەوی چۆنە
قەبارەی زەوی ملیۆنێک و سێ سەد جار لە خۆر بچوکترە ،دووریەکەی لەخۆرەوە (٩٣)ملیۆن میلە نزیکەی (١٥٠)ملیۆن کیلۆمەتر دەکات ، بەماوەی (٢٤) سەعات بەدەوری خۆیدا سور دەخوات ، بەماوەی (٣٦٥) رۆژو چارەکە رۆژێك بەدەوری خۆردا سوردەخوات .
شێوەی جێ قەرارگەی بەدەوری خۆردا هێلکەییە خێرایی خولانەوەکەی بەدەوری خۆیدا (١٠٠٠) میلە لەکاتژمێرێکدا ،خێرایی خولانەوەی بەدەوری خۆردا (٦٥)هەزار میلە لە کاتژمێرێکدا ،وەستانی لەجێ قەرارگەکەی بە گۆشەی (٢٣) پلە لاردەبێتەوە ،ئەگەر قەبارەی خۆر گەورەتر بوایە لەم قەبارەیەی ئێستای یاخود بچوکتر بوایە یان بارستایی وچریەکەی کەمتر بوایە یان زۆرتر بوایە ، ئەو کاتە مانای ژیان دەگۆراو تێکدەچو چونکە ئەم قەبارەییەی ئێستای گونجاوە لەگاڵ خێرایی و خولانەوەکەیدا .
(داستانی ئیمان ، ل ٤٢٤ – ٤٢٥)
ئەگەر سەیری بەرگە هەوای زەوی بکەین ئەوا لە چەند گازێك پێك هاتوە رێژەکەشی بەپێی گرنگی پێویستیانە بۆ دانیشتوانی سەرزەوی و رێژەی دابەشبونیان ئاوایە ، نایتۆجین (٧٨%) ئۆکسجین (٢١%) دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (٠.٣%) ئەوەی دیکەش دەمێنێتەوە هەڵمی ئاوو هەندێك گازی دیکەی وەك ، ئەرگۆن ،هیلیۆم ،نیۆن، هایدرۆجین ،زینۆن پێکی دەهێنن .
جا ئەگەر هاتباو لە باتی (٢١%) رێژەی ئۆکسجین لەهەوادا لە(٥٠%) یان لە (١٠%) بوایە ، ئەوا لەحاڵەتی یەکەمدا بڵێسەی هەورەتریشقەیەك بەسبوو بۆ ئەوەی هەموو جەنگەڵ و دارستانەکانی سەرزەوی بسوتایە ،لەحاڵەتی دوەمدا ئەگەر گریمان ژیانداران بشیان توانیان بژین کەمێك نەبێت پێکهێنەرەکانی شارستانیەت لەسەرزەوی نەدەبینران بۆ نمونە ئاگر نەدەبوو هەڵبەتە لەو حاڵەتەدا ژیارو شارستانی نەدەرەخسا .
ئەگەر نایترۆجینیش رێژەکەی کەمتر بوایە ئەوا پارسەنگی کاریگەری ئۆکسجینی بۆ رانەدەگیرا ، رووەکیش نەی دەتوانی بژێو ئازوقە بدات بە ژیانداران ، ئەگەر زۆرتریش بوایە ئەو هاوسەنگیەی ئێستا تێک دەچوو .
هەروەها ئەگەر دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەم رێژەیەی خۆی کەمتر بوایە رووەک بێ رۆزی و بژێ وی دەبوو ،وەیەگەر زۆرتیش بوایە ئەوا مرۆڤ تەنگە نەفەس دەبوو رەنگە نەژیاباژ .
سودی بەرگە هەوا زۆرن بۆنمونە
١ – ئەگەر هەوا بەدەوری زەویەوە نەبوایە بەم شێوەیەی ئێستا بەئەندازەی (١کگم) پەستانی نەخستایەتە سەر هەر (١سم)دووجا ، ئەوا مادە شلەکانی لاشەمان دەهاتنە دەرەوە لەگەڵ ژیاندارەکانی تردا مردنی بەکۆمەل رووی دەدا.
٢ – ئەگەر هەوا بەدەوری زەویەوە نەبوایە دونیا دەبوو بەشەوەزەنگ چونکە رووناکی سەرزەوی لەئەنجامی ئەوەوە دێتەدی کەشەپۆلەکانی تیشك بەهۆی لێكدانیان لەگەڵ گەردەکانی هەوادا دەشەکێنەوەو بڵاو دەبنەوەو سەر زەوی رووناک دەکەنەوە .
٣ – ئەگەر هەوا بەدەوری زەویەوە نەبوایە ئەوا کەس دەنگی کەسی نەدەبیست و دونیا دەبوو بەشاری خامۆشان هەرکەسەو لەجیهانێکی تایبەتی خۆیدا دەژیا ئەگەر ژیاباش ،بۆئەوەی دەنگ لەقسەکەرەوە بگاتە گوێی گوێگر پێویستمان بەهەوا هەیە .
٤ – ئەگەر هەوا نەبوایە باران نەدەباری چونکە بەهۆی تیشکی خۆرەوەلەدەریاکان پەیدا دەبێ هەر هەوایە هەڵی دەگرێ و بەرەو چینە ساردەکانی بەرز دەکاتەوە و چری دەکاتەوە دەبێتە باران و بەفرو تەرزە .
٥ – ئەگەر هەوا نەبوایە ئەوا زۆربەی داروو درەختمکان کرداری پیتاندنیان نەدەبوو ،چونکە بەهۆی هەواوم تۆوی نێرەکان هەڵدەگرێ و دەیبات بۆلای مێ یەکان .
٦ – ئەگەر چەتری هەوا لەسەر سەرمان نەبوایە ئەوا نە روەك و نەژیانداران و نەمرۆڤ هیچیان هەتا ئێستا شوێنەواریان نەدەبوو لەسەر زەوی ،بەڵێ هەوای سەرسەرمانە کەوەك زرێیەکی پۆڵاین هەموو رۆژێ لەهێرشی (٢٠)ملیۆن بەردی ئاسمانی کەبەخێرایی (٥٠)کیلۆمەتر لەچرکەیەکدا بەرەو زەوی دێن دەمانپارێزێت ،بەڵێ هەوای سەرسەرمانە ئەو بەردەگەورانە دەسوتێنێ و لەشێوەی تۆزو گەردو خۆڵەمێشدا بڵاو دەبنەوە.
٧ – هەوا قەڵغانێكی بایەخدارە بۆ شکاندنەوەو بڵاو کردنەوەی تیشکە زیانبەخشەکان وەك (تیشکی سەروو بنەوشەیی تیشکە گەردوونی )
(خواناسی ئاین ئیمان ، ل ١٧٨ – ١٨١ )
وەك بینیمان هەموو بەشەکانی زەویەی ئێمە پەیوەستن بەیەکەوە تێكچون لەلایەکی دەبێتە هۆی تێكچون لەهەمولایەکانی ترو ژیان تێك دەچێت ، بۆیە هەرکەس زەرەیەك ژیری هەبێت رێگە بەخۆی نادات بڵێت ئەم هەموو وردەکاریە لەخۆوە دروست بوەو بەبێ حیکمەت دروست بوە .
ئەگەر سەیری مرۆڤیش بکەین ئەوا ئەوەندەی تر توشی سەرسورمان دەبین کە خودا بەچ وردەکاریەکەوە دروستی کردوە .
پەیکەرە کۆئەندام لەژیانی کۆرپەلە لەناوسکی دایکیدا لەهەفتەی پێنجەمین و شەشەمیند دروست دروستبوونی تەواو دەبێت ،لەسەرەتاوە وەك کرکراگە وایە ژمارەیان دەگاتە (٣٦٠) ئێسک ، دواتر هەندێکیان یەك دەگرن و ژمارەیان دەبێتە (٢٠٦) لەماوەی (٢٠)ساڵی تەمەندا لەمرۆڤی گەورەدا (١/٥) کێشی لەش پێك دەهێنێت .
ئێسکەکانی لەش بەم شێوەیە دابەش بوون (کەلەسەر ٢٢،ئێسکەکانی گوێ ٦ ، بربرەی پشت ٢٦ ، پەراسوو دەفەی سنگ ٢٥ ، پەلەکانی سەرەوە ٦٤ ، پەلەکانی خوارەوە ٦٢ ،ئێسکی اللامی ١)
(پیاوان و ژنان تەواوکەری نایەکسان ،بەرگی٣، ل ٣١ )
مرۆڤ لە (١٠) ملیۆن ملیار خانە دروست بوە هەریەکێك لەو (١٠) ملیۆن ملیار خانەیەش بەلای کەمەوە لە (٧)تریلیۆن گەردیلە پێكهاتوە ،بۆیە لەشی مرۆڤ بەلای کەمەوە لە (٧٠)هەزار ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن گەردیلە دروستبوە ،کەواتە هەر کام لەو (١٠)ملیۆن ملیار خانەیەی کە جەستەی مرۆڤی _ بەس دیکۆری دەرەوەی _ پێکدێنێت ،یەکی لە (٧٠)تریلیۆن گەردیلە پێك دێت ئینجا هەرکام لەو (٧)تریلیۆن گەردیلەیەش بەلایەنی کەم لە (٢٠٠) تەنۆلکە پێکدێت ، وەژمارەی ئەو خشتانەی دیکۆری مرۆڤ پێکدێنن بریتیە لە (١٤) ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن ملیۆن ) تەمۆلکە . (خواناسی ئاین ئیمان ، ل ١٨٤)
وە هەر ئەندامێکی لاشەی مرۆڤ وەربگرین بۆ خۆی موعجیزەیەکە تەنها (دەماخ) وەردەگرین لێرەدا.
دەماخ : لەبەر گرنگی خودا لەناو سندوقێکی بەهێزی داناوە (کاسە سەر) کەتوانای زۆری هەیە بۆ بەرهەڵستی کردنی سەدمەکان ،توانای بەرگەگرتنی پاڵەپەستۆی زیاتر لە (٥٠) پاڵەپەستۆی هەوا /١سم دووجای هەیە .
خانەکانی دەماخ دوو جۆرە : خانەی مێشک کەکارو فرمانی داهێنان و زیرەکی و سۆزو هۆشی لەئەستۆدایە گونجاندن و پێکەوەلکانی زانیاریەکانی هاتوو بۆناو دەماخ دەکەن ژمارەی ئەم خانانە نزیکەی (١٠٠) ملیار خانەیە ،ئەم خانانە ئەگەر وەك خانەکانی تری لەش لە زۆربوون و نوێ بوونەوەدا بوونایە ئەوا بیرەوەری و کەسایەتی ئادەمیزادو فێربونەکانی لەگۆرانی بەردەوامدا دەبوو پێویستی بە نوێکردنەوەو دەستکردنەوە بەفێربون دەکرد .
جۆری دووەم لەخانەکانی دەماخ خۆی لەخانەکانی پارێزەر دەنوێنێ بۆ خانەکانی جۆری یەکەم لەژمارە نایەن لە زۆری ژمارەیان زیاترن لە (٩٠٠) ملیار خانە ،وە کاروو فەرمانیان زۆرە وەك گەیاندنی خواردن بۆناو خانەکانی دەماخ و پارێزگاری کردنی و جیاکردنەوەیان لەیەکتری .
(پیاوان و ژنان تەواو کەری نایەکسان ،بەرگی ٣، ل ٤٠ – ٤١)
هەندێك کەس هەن دەڵێن هەموو ئەم شتانە بە رێکەوت روویان داوە با کەمێك لە رێکەوتیش بدوێین .
پرۆتینەکان لەسەرجەم خانە زیندوەکاندا پێکهاتەی بنەرەتین ئەوانە لە پێنج توخم پێکدێن (کاربۆن ، ئۆکسجین ،هایدرۆجین ،نایترۆجین ،گۆگرد) ژمارەی گەردیلەکان لەناو یەک گەردی پرۆتینی دەگاتە (٤٠٠٠٠)گەردیلە ، ئەگەر توخمەکانی کیمیای لەگەردووندا بەشێوەیەکی هەرەمەکی دابەش بووبن ئەوا بۆ کۆبونەوەی ئەو پێنج توخمە بۆ دروستبونی گەردێکی پرۆتینی کە زانای ماتماتیکی سویسری (یوجین جای) هەستا بەژماردنی بۆی دەرکەوت کە ئەگەری ئەوەی ئەو پێنج توخمە کۆببنەوە بریتیەلە (١)بۆ ژمارە (١٠)کە (١٦٠) جار لەخۆی درابێت ، وە بۆ دروستبونی ئەو گەردەش بەشێوەی رێکەوت پێ ویستی بە بلیۆنەها ساڵی دەوێت ، کە (یوجین جای) دەڵێت : (١٠)کە (٢٤٣) جار کەرەتی خۆی بکەیت ئەوەندە ساڵی دەوێت .
(خودا لەسەردەمی زانستدا دەدروشێتەوە ،ل ٢٥ – ٢٦ )
وەك خستمانە روو هیچ کەسێکی ژیر ناتوانێت ناتوانێت بڵێت خودا بوونی نیە وە بەدرێژایی مێژووش هەمیشە کەمینەیەك (دەهری) بوون و باوەریان بە وجودی خودا نەبوە ، بەڵکو زۆربەی خەڵك کەوتونەتە ناوشیرکەوە و لەگەڵ خودادا شتانێکی تریان پەرستوە ، وەکاتێك سەلماندمان بوونی خودا ئەوا بەشێکی باشی ئەو وتەیەمان وەڵام داوەتەوە کەدەڵێن خودا وەهمێکە مرۆڤەکان خۆیان دروستیان کردوە .
(هنری برجستون) دەڵێت : (گەل و هۆزی وا هەبوە هیچ زانیاریەکیان نەبوە لە بارەی هونەرو فەلسەفەوزانستەوە ، بەڵام هەرگیز کۆمەڵێك کۆمەڵێك نەبوە ئاینیان نەبێت ) (الدین ، ص ٨٣)
هەروەها لە (معجم لاروس) بۆ سەدەی بیست (دەڵێت غەریزەی دینی هاوبەشە لەنێوان هەموو ڕەگەزە مرۆییەکاندا هەتا لەلای ئەوانەش نزیکبون لەژیانی ئاژەڵانەوە)
وە چەندین نوسراوی بەردین پاریزراوە لەبەرلین و لیدن دەری دەخات کە مصریەکان لەدێر زەمانەوە خودای تاکیان ناسیوە ، ئەو خودایە نادیار بووە وێنەی بۆنەکراوەو ئەزەلی بووە و سنووری نەبوە .
(الدین ،پەراوێزی -١- لەلاپەرەی ١٠)
غەریزەی ئاینداری لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤ بۆیەکەم جار لەسەر ئەم زەوییەوە بوونی هەیەو کۆنە بەقەد کۆنی مرۆڤ ، وە لەدوای دەرکەونی رۆشنگەری لەئەوروپاوەو بەتایبەت دای دەرکەوتنی بیردۆزی پەرەسەندنی داروین پەرەسەندن لە بواری عەقیدەو باوەر هێنرایە پێش ، وە زانایانی (ئەنسرۆپۆلۆجی) کاتێك لەم سەدانەی کۆتاییدا هەستان بەدیراسەی ئەو هۆزانەی کە کەنارگیرن و پێشکەوتنیان بەسەردا نەهاتوەو تێکەڵی شارستانیەتی نوێ نەبوو گەیشتن بەهەندێك ئەنجام کە ئەمانە وەسەنین (فرە خودایی) تیایاندا بوونی هەیە کەواتە بیرو باوەڕ گەشەی سەندوەو بەچەند قۆناغێكدا تێ پەریوە هەتا گەیشتوە بە تاك خودایی چونکە ژیانی ئەو هۆزانە نزیکترینن لە ژیانی مرۆڤی سەرەتایی .
ئێمەش هەڵوێستەیەك دەکەین لەسەر ئەو توێژینەوانە .
سەرەتا دەبێت بزانین کە ئەو هۆزانە ناکرێت بکرێنە بەڵگە لەسەر گەشەسەندنی بیروباوەر چونکە ئەو توێژینەوانە دەقیق نین و توێژەران کەتوێژینەوەیان کردوە ئەنجامی جیاوازیان دەست کەوتوە لەسەر یەك هۆز کە دوو توێژەر توێژینەوەیان کردوە لەسەریان ، بۆنمونە (وستر مارك) (ANDMAN)هەستاوە توێژینەوەی کردوە لە
وە تێبینیەکانی خۆی تۆمار کردوە لەسەریان لەساڵی (١٨٨٢) ، دوتر زانا (مستر براون) هەستاوە لەسەر هەمان شووێن توێژینەوەی کردوە دواتر ئەویش تێبینەکانی خۆیی لەساڵی (١٩٢٢) نووسیوەو بیرو بۆچونەکانی (وستر مارك)ی هەڵوەشاندۆتەوە !
(الدین ، پەراوێزی لاپەرە ١٥٤)
لەلایەکی ترەوە چەندین توێژینەوە کراون کە سەلماندیانن لەناو ئەو هۆزانەدا بیرۆکەی (الإله الأعلی) بوونیان هەبوە لەلایان ، بۆنمونە : (لانج) سەلماندویەتی کەباوەر بوون بە (پەرستراوی باڵا – الإله الأعلی) لەلای هۆزە هەمەجیەکان لە ئوستورالیاو ئەفریقیاو ئەمریکا بوونی هەبووە (شریدر) سەلماندویەتی لەلای ئاریەکۆنەکان باوەریان بە خودای باڵا هەبووە .وە (بروکلمان) سەلماندویەتی لەلای سامیە کۆنەکان هەمان باوەر بوونی هەبووە لەلایان ، هەروەها (لاڕواه)و (کاتر فاج)لەلای کورتە باڵاکانی ناوەراستی ئەفریقیا سەلماندویانە کە بیرۆکەی (خودای باڵا) بوونی هەبوە ،(شمیدت) لەلای قەزەمەکانی دانیشتوانی ئوستورالیای باشورو خۆرهەڵات (خودای باڵا) بوونی هەبووە ، (شمیدت) توێژینەوەکەی بەوە کۆتایی هات کە بیرۆکەی (الإله الأعظم) لەلای هەموو ئەو میلەتانەی بەکۆنترین رەگەزەکانی مرۆڤ دادەنرێن بوونی هەبووە .
(الدین ، ص ١٠٧ – ١٠٨)
لەلایەکی ترەوە (دۆرکهایم) کە خۆی باوەری وایە کە کە ئاین لە تەوتەمەوە سەرچاوەی گرتوە دەڵێت : (هەندێك لە هۆزەکانی ئوستورالیا فکرەی (الإله الأعلی) یان (الإله الأحد) لە ناویاندا بوونی هەبووە وە باوەریان وابوە ئەو (خودا)یە ئەزەلییەو خۆرو مانگ و ئەستێرەکانی لەژێر دەستدایەو بە فەرمانی ئەو ەجوڵێنەوەو ئینسانی لە قور دروست کردوە و رۆحی کردوە بەبەریدا ، هەروەها دانەری عیبادەتەکانەو دادوەری مرۆڤەکان دەکات دوای مردن و چاکەکارو خراپەکار لەیەك جیا ەکاتەوە) وە (دۆرکهایم) ڕەدی (تایلۆر) دەداتەوە کە پێی وایە ئەو بیرو باوەرە موبەشیرەکانی ئەوروپاوە وەریانگرتوە ، دۆرکهایم دەڵێت : هەمووی لەئەوروپاوە وەرنەگیراوە وەك (تایلۆر) گومانی بردوە بەڵکو ئەو بیرو باوەرە کۆنە لەناو ئەو هۆزانەدا پێش ئەوەی موژدەدەرە ئەوروپیەکان بچنە ئەوێ ، لەو هۆزانەدا سوپاسیان لەسەر بیرو باوەرەکەیان کردوەو وە دوعایان کردوەو دەستیان بۆئاسمان بەرزکردۆتەوە)
(الدین ، ص ١٥٧)
کەواتە بەپێێ توێژینەوەکانی خۆیان ئەگەر ئەو هۆزانە بکەینە بەڵگە ئەوا (تەوحید) سەرەتا لەناو خەڵکدا بوونی هەبوە لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتیدا ، دواتر بت پەرستی و وەسەنی تێکەڵ بە (یەکتاپەرستی) کراوە ، وە ئەوەی دۆرکهایم پێێ وایە ئاین لەتەوتەمەوە پەیدا بووە ، زانایان رەدیان داوەتەوە ، (تەوتەم) گیان دارێکە یان باڵندەیەکە کەلای هۆز پیرۆزەو لەوباوەرەدایە کەبنەچەی بۆئەو دەگەرێتەوە وە ڕاوکردن و کوشتنی لەلایان حەرامە ،تەنیا لەچەند بۆنەیەکی – ئاینی تایبەتدا نەبێ کە ئەو تەوتەمە دەکوژرێتەوەو بۆ نوێبوونەوەی پەیوەندی نێوان هۆزەکەو پەرستراوەکەی ، خوێنەکەی فرێ دەدرێ و گۆشتەکەی دەخورێت.
سەرەتا کە دۆرکهایم خۆی دان بەوەدا دەنێت کەلەناو ئەوهۆزانەدا فکرەی (الإله الأحد) بوونی هەبوە کەچی چاوی لێپۆشیوەو بریاری داوە کەئاین لە (تەوتەم)ە سەرچاوەی گرتوە ، وە بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە کە هۆزەکانی (استرالیا وسطی) ئوستورالیای ناوەراست کۆنترین هۆزن بەڵام (شمدت) بەشێوەیەك کە گوانی تیانەمێنێت سەلماندویەتی هۆزەکانی ئوستورالیای ناوەراست کۆنترین کۆمەڵەی مرۆڤی نین.
وە ئەگەر گریمان (تەوتەمیە)نمونەی کۆنترین ئاین بنوێنێت کە مرۆڤە سەرەتاییەکان پیایدا تێپەریون لەکاتی گەشەکردنیان ، ئەوا نە دەبێتە هەڵگری بەڵگەی گومان بر ،بەڵکو نابێتە بەڵگەیەکی گوماناویش، لەکاتێکدا کە ئاین باڵادەست بووە لەسەرەتای مرۆڤایەتیداو لەلای هەموو گەلەکان .
هەروەها وەک دکتۆر (عمارة نجیب) دەڵێت: (کەرەستەو روکاری تەو تەیە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە تەوتەمیەت بنەرەتی بیروباوەڕ نیە لەبەر ئەوەی گەشەی کردوە دوای ماوەیەکی درێژ کە خاڵی نەبوە لەیان ، وەپێش فراوان بوونی هۆزەکان و پێش ئەوەی ئاشنابن بەسیستەمە کۆمەڵایەتیەکان) .
(العقیدة الدینیة ونشأتها وتطورها ، ص ٨١)
هەروەها (سیر جیمز فریزر) رەتی دەکاتەوە تەوتەمیەت لەشێوەی یەکەمیدا بری تی بێت لە ئاین ، لەبەر ئەوەی تەوتەم ناپەرسترێت وەك دەڵێن لەسەر شێوەی بت (صنم)پەرستراوە.
(المفصل تأریخ العرب قبل الاسلام ، ج١ ، ص٥٢٠)
لەلایەکی ترەوە ئەوەی (فریزەر) باسی دەکات کە گوایە سەرەتا بت پەرستی بوەو دواتر گەشەی سەندوە بۆ یەکخوا پەرستی بە دوای ئەوەی چەند توێژینەوەیەکی کرد لەسەر چەند هۆزێکی کەنار گیر ، بەڵام ئەمەی فرێزەر پشت بەبەڵگە نابەستێت ، ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین دەبینین لەیەك کاتدا بت پەرستی و یەكخواپەرستی هەبوون بەیەکەوە .
بۆنمونە پێغەمبەر (ئیبراهیم) کەیەکتا پەرست بوو ،باوەری بەتاکە خوایەك هەبوو کە بێ هاوبەش بوو ،داوای لەگەلەکەی خۆی کرد کە واز لەبت پەرستی و رۆژ ومانگ وئەستێرە پەرستی بهێنن و لەلایەن گەلەکەیەوە تووشی گەلێ چەوساندنەوە بوو هەوڵیاندا لەخۆی و بانگەوازەکەی رزگاریان ببێت ،ئینجا ئەم بانگەوازە لە سوچێك لە سوچەکانی زەوی بەرقەرار بووە وەگەلێ باوەریان پێهێنا.
هەروەها مێژوو تۆماری کردوە کەعەرەب لەنەوەی ئیسماعیل بتیان دەپەرست و هاو خواییان بۆ خودا پەیدا دەکردو جنۆکەو فریشتەو خولقێنراوەکانی تری خودایان دەپەرست ،لەکەعبەدا (٣٦٠) بت هەبوون کە لەگەڵ خودادا دەپەرستان.
جائەگەر مێژوو نووسێك یان زانایەکی ئەنسرۆپۆلۆجی لەدیاردەی بت پەرستی دوورگەی عەرەبی بکۆڵێتەوە پێش ناردنی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بەپێی لۆجیکی (فرێزەر) بریاربدات ، ئەوە ئەم ناوچەیە نابێت پێش ناردنی محمد (صلی الله علیه وسلم) یەکتا پەرستی بەخۆیەوە دیبێت ، چونکە یەکتا پەرستی بەپێی پەیژەی پەرەسەندن لەدوای بت پەرستی دێت و لەپێشی ئەو نایەت ئایە ئەم بریارەی زانستە یان لەڕێ لادانێکی بێبەڵگە ؟!
رووداوێكی تری مێژوویی هی میلەتی (لوتە)کەلەسەر کاری (شاز)بوون و پێغەمبەرەکەیان پێی گوتن (إنکم لتأتون الفاحیشتة ماسبقکم بها من أحد من العالمین ) العنکبوت ٢٨
واتا :ئێوە کارێکی وا بەدو پیس دەکەن کەکەس بەر لەئێوە کاری وای نەکردوە .
ئەگەر مێژوونووسێك یان زانایەکی ئەنسرۆپۆلۆجی لەسەر رێبازی (فرێزەر) گووتی بوونی ئەم دیاردەیە لە گەلی لوت ئەوەدەگەیەنێت کە هەموو مرۆڤایەتی کاتێك لەکاتەکان بەم دیاردەیەدا تێپەریوە و ئەمە دۆخێکە لەو دۆخانەی کە مرۆڤایەتی لەکاروانە مێژوویەکەیدا پێیدا رەت دەبێ ، ئایە ئەمە زانستە یان لەرێ لادانێکی بێ بەڵگە .
(لەکێشەکانی هزری ئیسلامی هاوچەرخ ، ٧١ – ٧٣)
لەلایەکی ترەوە یەکێك لەسەیرو سەمەرەکانی تر کە (فرێزەر) دەی گێرێتەوە ئەوەیە کە لە ناوەراستی ئەفریقیا چەند هۆزی بینیوە بەتەواوی لەیەکتر بچراون و هەروەها لەجیهانی شارستانیش بچراون هۆ یەکانی گەیانن ناتوانێ پەویەنی پەیدا بکات لەنێوانیان، کەچی لای هەموویان حیکایەتی لافاو هەیە !.
دەبوایە لەپەرت و بڵاوی هۆزەکان ئەوەی بکردایەتە بەڵگە لەسەر ئەوەی کەئە هۆزانە حیکایەتی لافاویان لەیەکدی وەرنەگرتوە بەڵکو باب و باپیرانیان لەیەك سەرچاوەی مێژووییان وەرگرتوە پێش ئەوەی لەسەر زەوی پەرت وبڵاو بن و لەیەکدی دوور بکەونەوە .
بەڵام سەیرو سەمەرە لەوەدایە (فرێزەر) وتوویەتی : ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەئەفسانەی لافاوەکەی نووح لەکتێبە ئاسمانیەکان بەردەوامی ئەفسانەکانی هۆزە سەرەتاییەکانە !.
(لەکێشەکانی هزری ئیسلامی هاوچەرخ ،ل ٧٤ – ٧٥)
هەروەها لە قەومە کۆنەکانی نێوان دووروباردا بەهەمان جۆر چیرۆکی لافاو بوونی هەیە لە (گلگامش وأترامسیس) هاتوە کە خودا ئەو سزایەی نارد بۆمرۆڤ بەڵام مرۆڤ لەرێگەی دروستکردنی کەشتیەوە رایان کردوە .(المعتقدات الدینیة لدی الشعوب ، ص ١٩)
ئەم بەسەرهاتی تۆفانە ئەوەندە گەورە بووە خودا هێشتێتیەوە لە ناو مێشکی بەشی هەرەزۆری خەڵکدا یەکێکە لە بەسەرهاتانەی لەزۆربەی هەرەزۆری ئاینە ئاسمانی و زەمینیەکانیش بوونی هەیە ، بەڵام ئەوەیە لەزۆربەی زۆریان ێکەڵ کراون بە ئەفسانەو شتی خورافیان تێکەڵ کراوە
بۆنمونە ئەفسانەیەك هەیە هەندێك موفەسیری قورئانیش نەقڵیان کردۆتە ناو تەفسیرەکانیانەوە ئەویش ئەفسانەی (عوجی کوری عناق)ە ، ئەفسانەکە دەڵێت : کاتێك موسا داوای لە بەنو ئیسرائیل کرد بچنە ناو ئەشارەوە ، کچی خەڵکەکەی ئەوەندە گەورە بوون یەکێکیان هاتوە هەموو بەنوئیسرائیلی گرتوەو لە قۆڵی کراسەکەیدا بردونی بۆلای پاشا ، کاتێك پاشا بینیونی ئەوەندە بچوکن بروای نەکردوە کەمرۆڤبن ، دواتر زانیویەتی بەنووئیسرائیلن رێزی لێ گرتون ، ترێی داوە پێیان کەهەردەنکێکی پیاوێکی تێر کردوە ، وە هەر لەگەڵ ئەو گەلە زەبەلاحانەدا (عوج)یان لەگەڵدا بوە کە گوایە ئەم عوجە لە لافاوەکەی نووح ئاو تا قولەپێی هاتوەو بەئەسانی و بەهێمنی بەناو لافاوەکەدا رۆیشتوە ، هەرکات برسی بووبێت دەستی بردوە لەژێر ئاوەکە ماسی گرتوەو پاشان دەستی بەرز کردۆتەوە بۆلای خۆرو بەگەرمی خۆر برژاندویەتی ، وەکاتێك (عوج) ویستویەتی (موسا) بکوژێت شاخێکی لەبن دەرهێناوە هەتا بیدات بەسەر موسودا ، بەڵام کەبەرزی کردۆتەوە باڵندەیەك کونی کردوە بەدەنوك و (عوج) کەوتۆتە ناو کونی شاخەکەوەو کەلەبچە بوە تیایدا ، موساش بازاێکی داوە بەبەرزی (١٠) باڵ و خۆشی باڵای (١٠)باڵ بووە ، گۆچانەکەشی (١٠) باڵ بووە ، بەو جۆرە هەتا پاژنە پێی (عوج) گەیشتوەو گۆچانێکی پێدا کێشاوەو کوشتویەتی !
(چیرۆکی پێشینان لەقورئاندا ، بەرگی ١ ، ٢٩٠ – ٢٩١)
وەك خستمانە روو بیرو باوەر لەبت پەرستیەوە گەشەی نەکردوە ، وەك ئوستاز (محمد قطب) دەڵێت : بیرو باوەری راست یەکە لەهەموو پەیامەکاندا وەناگۆڕێت و گەشەناسەنێت ،لەیەکەم پەیامەوە هەتا کۆتا پەیام بریتی بووە لە (لا إله إلا الله) (واعبدوا الله مالکم من إله غیره) وە ئەم بیرو باوەرە لەئادەمەوە هەتا (محمد)(صلی الله علیه وسلم) و هەتا قیامەت بەردەوام دەبێ ئەویش باوەری یەکتا پەرستیە ،وە هەر کات خودا پێغەمبەرێکی ناردوە دوای پەیام بەرەکە گەلەکەی جۆرێك لە لادان و ئینحیرافیان توش بوە ، خودا پەیامبەرێکی تری بۆناردون هەتا بیانگێرێتەوە سەر رێگای راست و باوەری یەکتا پەرستی ، هەتا پەیامبەری کۆتا هات و بانگی خەڵکی کرد بۆئەوەی تەنها (الله) بپەرستن ، بەڵام پەیامی (محمد)(صلی الله علیه وسلم) پەیامێکی جیهانیەو بۆهەموو بەشەریەتە .
(لا یأتون بمثله ، ص ١٧١ )
بەڵێ سەرەتا بیروباوەر لەیەک خواپەرستیەوە دەستی پێکردوەو دواتر شیرك و فرەخودایی هاتۆتە کایەوە ، وە ئەگەر تەماشا بکەین نابینین ئاینێك لە فرەخوداییەوە رۆشتبێت و گەیشتبێتە یەخوا پەرستی ، بەڵام چەندین بەڵگەمان هەیە کە ئاینێکی ئاسانی کە شیرك و بتپەرستی رەت دەکاتەوە وردەوردە شییرکی تێکەڵ کراوە ، وە ئەو فرەخوداییەی تێکەڵی کراوە بەرەسمیش دانی پێدانراوەو هەرکەس لێی لادابێت بە (هەرتەقە) ناوەزەند کراوە ، وەك (مەسیحەت) کە سەرەتا ئاینێکی یەکخوا پەرست بوو دواتر بوو بەئاینێک کە تەوحیدەکەی نەماو (ثالوث) هاتە ئاراوە .
بۆنمونە لە ئینجیلی پیرۆزدا هاتوە کاتێك جولەکەپێغەمبەر عیسا بەدرۆدەخەنەوە پێغەمبەر عیسا لەوەڵامیاندا دەڵێت (ئایا لەتەوراتەکەتان نەنووسراوە : (من وتم ئێوەخودایەکانن)؟ ئەگەر ئەوانە بە "خودایەکان" بانگ بکات کەوشەی خودا بۆئەوان هاتوە – وەناتوانرێت نوسراوەکە بشکێندرێت – چۆن ئەوەی باوکەکە پیرۆزی کردووە و بۆ جیهانی ناردووە دەڵێن "کوفر دەکات" چونکە وتم ، "کوری خودام"؟ ئەگەر کارەکانی باوکم ناکەم باوەرم پێ مەکەن ، بەڵام ئەگەر دەیکەم هەرچەندە باوەریشم پێ ناکەن ، باوەر بەو کارانە بکەن تاکو بزانن و تێ بگەن کە باوك لەمن دایەو منیش لەباوك دام)
(ئینجیلی پیرۆز ، ل ٢٣٢)
هەروەها هاتوە کاتێك پێغەمبەر عیسا دەبەن لە خاچی بدەن عیسا دەڵێت (باوکە لێیان خۆشببە ،چونکە ئەوان نازانن چی دەکەن) (ل ١٩٧)
هەورەها عیسا دەڵێت (باوکە رۆحی خۆم بەدەستی تۆدەسپێرم)(ل ١٩٨)
هەروەها لە (ئینجیلی پیرۆزدا لە لاپەرەی ١٢٦ ) هاتوە کاتێك جوبرائیل موژدەدات بەمەریەم کە عیسای دەبێت بەم جۆرە (مەترسە مەریەم چونکە لەلای خودا رەزامەندیت بەدەست هێنا ئەوەتا سکت دەبێت و کورێکت دەبێت ناوی لێ دەنێیت عیسا ،پایەبەرز دەبێت و بەکوری خودای هەرەبەرز ناودەبرێت)
لەم جۆرە دەقانە لەئینجیلدا زۆرن کەسێك بیەوێت دەتوانێت بۆیان بگەرێتەوە ، دەبینین عیسا بەکوری خودا دانراوە لەکاتێکدا ئەم بیروباوەرە هێنراوەتە ناو بیرو باوەری مەسیحیەت و خۆی تیایدا نەبوە ، ئەوەتا (درابەر) لە کتێبی (تأریخ أخلاق أوروپا) دەڵێت (بتپەرستی و هاوەڵ دانان بەکاریگەری ئەوانە چووە ناو نەسرانیەت کە پیشەو پایەی بەرزی ناو دەوڵەتی رۆمانیان لەدەست بوو)
(بەراوری ئاینەکان، ل ٩٢)
وە لە ساڵی (٣٢٥)ز (قوستەنتین) هەستا بەبەستنی کۆنگرەیەك بۆیەکلا کردنەوەی ئەو ناکۆکیەی هەبوو لەنێوان (ئاریسیەکان) کە عیسایان بەخودا نەدەزانی لەگەڵ ئەوانەی خاوەنی بیروباوەری (ثالوث) بوون ، دواتر ئاریوسیەکان شکستیان هێنا .
بەڵام لە ئیسلامدا بەهۆی پاراستنی قورئانی پیرۆز لەشیواندن و تەحریف بیروباوەری راستی یەك خوا پەرستی پارێزراوە ، بەڵام هەندێك گروپ هەبوون کە شیرك و بت پەرستیان هاتۆتە ناو بۆنمونە (ئیسماعیلیەکان) ئیسماعیلیەکان خودایان لەهەموو سیفەتەکانی دادەرنی ، لای ئەمان خودا بەهیچ وەسفێك وەسف ناکرێت هیچ ناوێکیشی نیە ، خودا نەهەیەو نەنیە جا بەهۆی ئەوەی ناوو سیفەتیان بۆ خودا بریار نەدا ناچار بوون پەنا ببەنەبەر داهێنانی چەند خودایەکی تر بۆئەوەی ئەو ناوو سیفەتانەی لەقرئان و سونەتدا هاتوون بۆیان بەکار بهێنن .
وە (حامدی) وتویەتی (عەلی بریتیە لە خودای دروستکەرو بەدیهێنەری کارجوان و وێنە کێش)
وە گومانیان وابوە کە ئیمامی (علی) لەبارەی خۆیەوە وتوویەتی (من دەژیێنم و دەمرێنم ، رزق دەگرمەوەو دەبەخشم ، کەسی بەڵەك و کوێری زگماك چاك دەکەمەوە هەواڵێشتان پێ دەدەم سەبارەت بەوەی دەیخۆن و پاشەکەوتی دەکەن لە ماڵەکانتاندا)
(بیرو باوەری ئیسلامی و مەزهەبەکانی ، ل ١١٥ – ١١٧)
وە هەرگیز هیچ پێغەبەرێك نەبووە بەگەلەکەی وتبێت (٢٠) خودا بپەرستن ، دواتر بۆی کردبن بە (١٥) خودا ، هەتا بەشێوەیەکی تەدریجی بۆگەیاندبنە سەر یەك خوداو پێی وتبن دەی ئیتر هاوبەشی بۆبریار مەدەن ، بەڵکو هەموو پێغەمبەران کەهاتوون راستەوخۆ یەکەم برگەیەك وتبێتیان ئەوەبووە کە (أعبدوا الله مالکم من إله غیره) ، یەکسەر بەگەلەکانیان وتوە کە یەك خودا هەیەو هەر ئەو بپەرستن و هاوبەشی بۆبریار مەدەن .
وەك وتمان ئەوەی لەبەرچاوە دەبینین لە کەمەوە بەرەو زۆر رۆشتوە نەك بە پێچەوانەوە ، لە یەكخواپەرستیەوە بەرەو فرە خودایی رۆیشتوە .
بائێستەش لەروانگەی قورئانی پیرۆزەوە ەماشایەکی بابەتەکە بکەین
خوای پەروەردگار دەفەرمێت (وإذ قال ربك للملئکة إنی جاعل فی الأرض خلیفة قالوا أتجعل فیها من یفسد فیها ویسفك الدماء ونحن نسبح ونقدس لك قال إنی أعلم مالا تعلمون * وعلم ادم الأسماء کلها ثم عرضهم علی الملئکة فقال أنبئونی بئسماء هٶلاء إن کنتم صدقین *قالوا سبحنك لا علم لنا إلا ماعلمتنا إنك أنت العیلم الحکیم * قال یأدم أنبئهم بأسمائهم فلما أنبأهم بأسمائهم قال ألم أقول لکم إنی أعلم غیب السموات والأرض وأعلم ما تبدون وما کنتم تکتمون)(البقرة – ٣٠ – ٣٣)
واتە : خودا بەمەلائیکەکانی فەرموو جێنیشێنێك لەسەر زەوی دێنمەدی ، فریشتەکانیش وتیان ئایە کەسێك دەکەیتە جێنیشینی خۆت لەزەویدا کە خراپەدەکات و خوێن دەرێژێت ؟ ئینجا خودا پێی فەرموون ئەوەی من دەیزانم ،ئێوە نایزانن ئادەمیزاد هەر ڕووی لەخراپە نابێت و هەموویان خراپەکار نابن ، بەڵکو کەسی چاك و خودا پەرستیشیان تیا هەڵدەکەوێت ، زەوی ئاوەدان دەکەنەوەو دەی رازێننەوە ، خودا توانای فێربوونی ناوی هەموو شتێکی خستە دڵی ئادەمەوە ،چونکە هیچ شتێك بێ (ناو) نازانرێت و ناناسرێت ئینجا ئەوشتانەی بەرەو ڕووی فریشتەکان کردەوەو پێی فەرموون ئەگەر ئێوە لەو بیرەی بەدڵتاندا هات بەهەڵەدا نەچوون ، کەمن بۆچی ئادەم دەکەمە جێنشین لەسەر زەوی ئادەی ناوی ئەو شتانەم پێ بڵێن.
فریشتەکانیش وتیان پاکی لەهەموو کەم و کورتی وناتەواویەك هەر بۆتۆیە ئێمە سنوری زانیاریمان تەسکەو ئەوەی تۆ فێرت نەکردبین نایزانین کانگای زانین هەر لای تۆیە، بەراستی هەرتۆ زاناو دانایت .
ئینجا خودا بەئادەمی فەرموو ئەی ئادەم ناوی ئەو شتانە بەفریشتەکان بڵێ ، کەئادەم ناوەکانی فێرکردن ، خودا بەفریشتەکانی فەرموو ئایە پێم نەوتن من هەموو شاراوەو نهێنیەکانی ئاسمانەکان و زەوی دەزانم ،هەروەها هەموو ئەو شتانەیش کە ئێوە دەریان دەخەن یان دەیان شارنەوە ، من ئاگادارم پێیان و پێیان دەزانم و هیچم لێ شاراوەنیە.
(تەفسیری گوڵشەن ، بەرگی ١ ، ل ٧٦ – ٧٨)
لەم ئایە تانەوە بۆمان دەر دەکەوێ کە خودا ناوی هەمووشتێکی فێری ئادەم کردوە ناگونجێت خودا کە خۆی ئادەمی دروست کردوە فێر ئەوەی نەکردبێت کە چۆن بی پەرستێت و عیبادەتی بۆبکات ، لەلایەکی ترەوە کاتێك خودا فەرمان بەئادەم و حەوا دەکات کە لەدارەکە نەخۆن ، بەڵام ئەوان لەدارەکە دەخۆن و دواتر دەپارێنەوە لەخودا هەتا لێیان خۆش ببێت وەك لە سورەتی (ئەعرافدا)هاتوە ، هەروەها کاتێك خودا دارێك قەدەغە دەکات لە ئادەم و حەوا بەڵگەی ئەوەیە کە ئادەم و حەوا یەخوا پەرست بوون .
هەروەها خودا بەجۆرێك مرۆڤی دروست کردوە کەهەمیشە توینی بێت بۆ خوداو بەدوایدا بگەرێت ، خودا مرۆڤی لەسەر فترەت دروست کردوە وەك دەفەرمێت : (وإذا أخذ ربك من بنی ادم من ظهورهم ذریتهم وأشهدهم علی أنفسهم ألست و بربکم قالوا بلی شهدنا أن تقولوا یوم القیمة إنا کنا عن هذا غافلین) الاعراف- واتە : ئەی محمد(صلی الله علیه وسلم) ئەوە بۆئادەمیزاد باسبکە کەپەروەردگار لەعالەمی زوریەتدا بەڵێنی گشتی لەئادەیزادان وەرگرتوە ، خۆیانی کردوە بە شایەت بەسەر خۆیاندا و پێی فەرموون : ئایە من خودای ئێوە نیم ؟ زوریەتی ڕەچەڵەکی ئادەمیزادان بەگشتی و تێکرا وتیان بەڵێ شایەتی دەدەین تۆ خودای ئێمەی ، تۆ شیاوی خودایەتیت ، تۆشایەنی ئەوەی ئێمە بەندایەتیت بۆبکەین ، ئەم ئیعیراف و دانپانانە بەزوبانی حاڵ بوو ، بەزوبانی ئاخاوتن نەبوو واتە ئەم ئیعتیرافە لەجیهانی تەمسیلدا بووە بۆیە ئەم شایەتیەم پێ دان ، بۆئەوەی شەریکتان بۆ خودا دانا ، ڕۆژی قیامەت بەهانەتان نەبێت و نەڵێن :ئێمە شێوەی یەکتا پەرستی ئاگادار نەبوین و نەمانزانی پێویستی یەکتا پەرستی چۆنەو چۆن ئەنجام دەدرێت ؟کەس نەبوە لەشێوەی یەکتا پەرستی ئاگادارمان بکاتەوە ، واتە : دوای هێنانی بەڵگە لەسەر تاکو تەنهایی خوداو هەبوونی عەقڵ و هۆش لەلاتان و داڕشتنی سروشتدان لەسەر خوداناسی و داننانتان بەتاك و تەنهایی خوداو شایەتیدانتان بەوەی ئەو زاتە خودای ئێوەیە ، وە ئەگەر ئێوە شەریك بۆخودا دابنێن ئەوا ڕۆژی قیامەت بەهانەو عوزرتان نیە.
(تەفسیری ڕەوان ، بەرگی ٥ ، جزئی ٩، ل ١٤٣ – ١٤٤)
وە لەفەرمودەی پێغەمبەرا هاتوە (کل مولد یولد علی فطرة فأبواه یهودانه وینصرانه ویمجسانه) واتە : هەموو مناڵێك کەلدایك دەبێت لەسەر فیترەتە دواتر دایك وباوکی دەیانکەن بە مەسیحی و یەهودی و مەجوسی .
هەروەها لەفەرمودەیەکی تردا هاتوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی خودا فەرموویەتی (خلقت عبادی حنفاء فأجتالهم الشیاطین) بەندەکانی خۆمم ڕوو لەخوداو لەسەر پاکی و دور لەشتی بێهودە دروست کردوە دواتر شەیتانەکان بەدەوریاندا دێن و لەسەر ڕێگەی ڕاست لادەدەن .
خودا بەندەکانی خۆی لەسەر فیترەت دروست کردوە بۆیە هەموو مرۆڤێك توینیە بۆئەوەی خودا بدۆزێتەوەو بەندایەتی بۆبکەن ، جائەگەر مرۆڤ (الله) دۆزیەوەو رێگەی راستی گرت ئەوا باشە ، ئەگەر نا ئەوا دەچێت مشك و مانگاو بەردو بت دەپەرستن و سەری خۆیانیان بۆدەنێنە زەوی ، وەك ئەوە وایە کە مرۆڤێك زۆری توینوە سەرچاوە پاك و سازگارەکە ناۆزێتەوە ناچار لە چڵکاوو ئاوێکی پیس و لێڵیش بێت ئاو دەخواتەوە ، وە ئەوانەشی کە خۆیان وانیشان دەدەن باوەریان بەهیچ خودایەك نیە ئەوانە سروشتیان کردوە بەخودای خۆیان ، هەندێکیان زانستیان کردوە بەخودای خۆیان ، وەك (سۆمەرست مۆم) دەڵێت (ئەمرۆ ئەوروپا وازی لەخوداکەی هێناو لە جێگەی ئەوە باوەری بەخودایەکی تر هێنا کە پێی دەڵێن زانست ، بەڵام زانست بونەوەرێکی گۆراوە ئەوەی رۆژ دانی پیادەنێن شەو رەتی دەکەنەوە ، ئەوەی سبەی رەفزی دەکەن ئەمرۆ دانیان پێداهێناوە، بۆیە ئەوانەی بەندایەتی بۆ ئەم خودایە دەکەن بەردەوام لە قەلەقی و دڵەراوكێدان و لەسەر بارێك راناوەستن) (شبهات حول الأسلام ،ص ١٨)
بەڵێ هەموو مرۆڤەکان لە سەرەتادا یەك بوون دواتر جیاوازی کەوتە نێوانیانەوەو لێك دابران وەك خودای میهرەبان دەفەرمێت (کان الناس أمة واحدة فبعث الله النبیین مبشرین ومنذرین وأنزل معهم الکتاب باالحق لیحکم بین الناس فیما اختلفوا فیه وما اختلف فیه إلا الذین أتوه من بعد ماجائتهم بغیما بینهم فهد الله الذین أمنوا لما اختلفوا فیه من الحق بإذنه والله یهدی من یشاء إلی صراط مستقیم) ٢١٣ – البقرة
مەبەست لەم ئایەتە پیرۆزە ئەوەیە کە ئادەمیزادەکان پێش ئەوەی زۆرببن هەموو یەك بیرو باوەڕیان هەبوو ،ڕێگەی خواناسیان لەباوە گەورەیانەوە پێ گەیشتبوو، بەڵام کە وردەوردە زۆر بوون و بوونە چەندین تیرە و هۆزو گەل ، ئیتر لە رێگای راست کایانداو جیاوازی کەوتە نێوانیانەوە ، ئینجا هەر اوە ناماوەیەك خودا پێغەمبەرێکی دەنارد بۆ گەلێک بۆئەوەی بیانگێرێتەوە بۆ سەر رێگای راست ئەویش بە موژدەدان بە هەندێکیان و بەهەرەشەکردن و ترساندنی هەندێکی تریان ، وە لەگەڵ هەر ثێغەمبەرێکدا کتێبێکی دەنار ، کەحەقی لەناحەق بۆ جیا دەکردنەوە ، تاپێغەمبەرەکەیان لەناویاندا حوکم بەو کێبە بکات ، ئەوەش دەبووە ایەی ئاسوودەیی بۆ ئەو گەل و کۆمەڵانە بەڵام گەلەکانیان پاش خۆیان لە ڕێنماییە ئاینیەکان لایانداوەو زانایانی ئاینەکە لەبەر ئارەزوو خراپەکاری خۆیان زانیاری و فەرمانەکانی ئاینەکەیان دەگۆری ، وەکو حاخامی جولەکەو قەشەو مەترانی دیانەکان ، بەڵام ئەوانەی ئیماننداری راستەقینەبوون ئەوا خودا خۆی بەرەو هیدایەت ڕێنمایی دەکردن و لەبیرو باوەری خراپ و چەوت لایدەدان ، خودا بۆهەر کەسێك بیەوێت ڕێگای راست و رەوانی بە جوانی لەبەر چاو ڕووناك دەکاتەوەو هیدایەتی دەدات بۆ شوێنکەوتنی .
(تەفسیری گوڵشەن ، بەرگی ١ ، ل ١٨٩ -١٩٠ )
زۆربەی راڤەکارانی قورئان دەڵێن : (ئادەمیزاد لەسەرەتادا یەك ئاین و یەك یاساو یەك بیرو باوەڕی قایم و پتەویان هەبووە ئەویش ئاینی ئیسلام بوو ، دوایی ئادەمیزادەکان کێشەیان تێ کەوت ئەمجار پەروەردگار پێغەمبەرانی نارد مزگێنی بدەن بە بڕواداران و چاکەکاران لەهەمانکاتدا سەر لێ شێواوو گومڕایان لە سزای خۆی بترسێنێ .
وە لە (عبدالله ابن عباس) ەوە دەگێرنەوە کەفەرموویەتی لەنێوان رۆژگاری نووح و ئادەمدا (١٠) سەدە هەبووە کە هەموو ئادەمیزادەکانی ئەو چەرخانە لەسەر یاسای حەق و خوداویست بوون ،دوایی کێشەیان تێ کەوت و خودا پێغەمبەرانی بۆسەر ناردن تا موژدەبدەن بە چاکەکاران و خراپەکاران بترسێنن .
(تەفسیری رەوان ، بەرگی ١ ، جزئی ٢ ، ل ١١٠)
وە بت پەرستی و فرە خودایی هاتە ئاراوە دوای ئەوەی چەند پیاو چاکێك هەبوون و دوای مردنیان بۆئەوەی لەبیریان نەچنەوە پەیکەریان ۆدروست کردوون و دواتر هەتا وردەوردە گەیشتونەتە ئەوەی بیانکەنە هاوبەشی خوداو پەرستووویانن ، وە خودا دەفەرمێت : (وقالوا لاتذرن ءالهتکم ولا تذرن ودا ولا سواعا ولا یغوث ویعوق نسرا) ٢٣ – نوح
ملهوران و سەرانی گەلی نووح مسکێن و ڕەشە خەڵکەکەیان هەڵدەنا بۆ ئەوەی دژی حەزرەتی نوح بوەستن و گوێرایەڵی فەرمان و جڵەوگیریەکانی نەبن ، پێیان وتن واز لە عیبادەتکردنی خودا کانی خۆتان مەهێنن ،نەکەن بەندایەتی خودای نوح بکەن ،بەتایبەتی واز لەپەرستنی ئەو بتانە مەهێنن کەناویان (وەدد و سواع و یەغوث و یەعوق و نەسرە)
ئەم ناوانە ناوی چەند پیاوێکی چاکی قەومی نوح بوون کەلەدونیا دەرچوون بەوەسوەو دنەدانی شەیتان پەیکەریان بۆ دروست کردن و هەریەکەو ناوی پیاو چاکێکیان لێ نان بەتێپەربوونی رۆژگاربە وەسوەسەی شەیتان دەستیان کرد بە پەرستش بۆکردنیان ، ساڵ دوای ساڵ عیبادەتکردنی ئەو بتانەیان لا شیرین بوو ، پتر رێزیان لێ دەگرتن ،دوای لەناوچونی گەلی نووح پەرستنی ئەم بتانە گوسترایەوە بۆ ناو عەرەبەکان .
(تەفسیری رەوان ،بەرگی ١٥ ،جزئی ٢٩ ، ل ٩٩ – ١٠٠)
وە ئەگەر سەیرێکی دەورو بەرمان بکەین دەبینین گۆری چەند پیاو چاك کراون بە مەزارگاو خەڵکی سەردانیان دەکەن بۆ ئەوەی لەنەخۆشی چاکیان بکەنەوەو رزقیان پێبدەن و مناڵیان پێبدات و بەختیان بکاتەوە !
وە شێخ (سفر بن عبدالرحمن الحوالی) دەڵێت : (ئەگەر تەماشای ئەو پەیکەرانە بکەین کەدۆزراونەتەوە لەشیوەی کەسێکدان کە دوعای کردبێت یان عیبادەتی کردبێت ، هیچ کەسیش ناچێت خودا بۆخۆی دروست بکات لەکاتێکدا خوداکەی لەکاتی خزوع و ملکەچی دابێت ، بۆیە ئەو پەیکەرانە پەیکەری پایاوچاکانێك بوون کە دواتر بەتێپەر بوونی کات پەرستوویانن )
وە هیچکام لەوانەی باوەریان بەوە نیە خودا پەیامی بۆمرۆڤ ناردبێت و هۆکارێکی تر دێننەوە بۆ پەیدا بوونی ئاین کە هیچیان واقیعی نین ، زانای پایەبەرز (محمد عبدالله دراز) رەحمەتی خوای لەسەر کتێبێکی نایابی هەیە کەبەشیوەیەکی جوان مونقەشەی هەموویانی کردوە بەناونیشانی (الدین بحوث ممهدة لدراسة تأریخ الأدیان)، هەروەها ئوستاز (فرج الله عبد الباری) کتێبێکی هەیە بەناونیشانی (العقیدة الینیة نشأتها وتطورها) کە دەتوانن بۆیان بگەرێنەوە کە بەدرێژی بابەتەکەیان خستۆتە بەر توێژینەوە.
لەلایەکی ترەوە مرۆڤ ناتوانێت هەموو شتێك بزانێت و ئەو ئەرکەی خودا سپاردویەتی بەرۆڤ و ئەو حیکمەتەی بۆی هێنراوەتە دی نایەتەدی بەبێ وەحی ،هەرچەندە عەقڵ و فیترت دەزانن خودا هەیە بەڵام ئایە چۆن بی پەرستین و بەندایەتی بۆبکەین؟ وەئایە خودا پێی خۆشە ئینسان چی بکات و چی پێ خوشە ئینسان نەی کات و خۆی لێ بپارێزێت ؟ئایە بەچی ئینسان لە خودا نزایك دەبێتەوەو چۆن لێی دوور دەکەوێتەوە ،هەروەها روونکردنەوەی حەرام و حەڵاڵ ئەمرو نەهی چاکەو خراپە دۆست و دوژمن ..... هتد
ئەو خودا بەدیهێنەرو پەروەردگارە ناوو سیفەتەکانی چین ؟وە ئایە ئەم ژیانی دونیایە چی لەدوا دێت ؟چۆ چۆنی چاکە کاران پاداشت و خراپەکاران سزا وەردەگرنەوە ؟بێگومان ئەم مەسەلانەو هاوشێوەکانیان عەقڵ بەتەنها سەرەدەریان لێ ناکات ،بۆیە پێویستە بۆ دەرککردنیان و تێگەیشتنیان رووبکاتە ئاسمان و خوای بەبەزەیی و بەدەمەوە هاتوو لەڕێی وەحی و پەیامی خۆیەوە لەو بارەوە بەرچاوی روونبکاتەوەو شارەزای بکات .
(ئیمان و عەقیدەی ئیسلامی ، بەرگی ٢ ،ل ٣٣١)
هەروەها زانایان باسیان لەکەم و کورتی عەقڵ کردوە کەناکرێت جێگەی پەیامی پێغەمبەران بگرێتەوە :
١ – عەقڵ دەتوانێ ڕاستەوخۆ لەواقع بگات بەڵام بەدرەنگەوە دەتوانێ ڕستی بدۆزێتەوە ،دوای دۆزینەوەشی راستی و بەرژەوەندی لێ تێکەڵ دەبێ ،ناتوانێ بێ لایەن بێت لە حوکم و هەڵوێست و بۆچوندا .
٢ – لەبەر ئەوەی خۆ ویستی زۆر کاریگەری هەیە لەسەر عەقڵ ،بۆیە ناتوانین عەقڵ وەك ئامڕازی جیاکردنەوەی هەق و ناهەق هەژماربکەین.
٣ – دەروازەکانی زانیاری وەرگرتن لای عەقڵ دەروازەی سەلامەت نین هەندێ جار هەڵخەڵەتێنەرن ، زۆر بەئاسانی و لەلایەن هەموو کەسێکی ئاسایی راستیەکان نادۆزرێنەوە .
٤ – سنورداری عەقڵ بۆ تێگەیشتنی لە پرسە قوڵ و چارەنووس سازەکان.
(ڕەوشی فەلسەفی سەدەی ٢١، ل ٣١٤)
هەروەها ئەوەی ئەمڕۆ هەیە کە وەحی رەت دەکەنەوەو ناویشی لێ دەنێن زانست و هەرکەس باوەری بە وەحی هەبێت ئەوان بە گێڵ و خورافی ناوی دەبەن خودا دەفەرمێت (وما منع الناس أن یٶمنوا إذ جائهم الهدی إلا أن قالوا أبعث الله بشرا رسولا * قل کان فی الأرض ملئکة یمشون مطمئنین لنزلنا علیهم من السماء ملکا رسولا) اسرء – ٩٤ – ٩٥
هیچ شتێك نیە وا لەو خەڵکە بێ باوەڕو هاوەڵدانەرە بکات کە ئیمان نەهێنن پاش ئەوەی کە بەئاینی ئیسلام هیدایەتتیان بۆ هاتوە ،جگە لەوەی کەدەیان وت ئایە خودا ئادەمیزادێك دەکاتە پێغەمبەری خۆی ئەی بۆفریشتەیەك نانێرێ ؟
ئەی محمد (صلی الله علیه وسلم) تۆیش لە وەڵامیاندا پێیان بڵێ ئەگەر دانیشتوانی سەر زەوی فریشتە بوونایە و بەدڵنیاییەوە هاتوچۆیان تیایدا بکردایە ،ئەو کاتە پریشتەیەکمان دەکردە پێغەمبەریان ،بەڵام خۆدانیشتوانی سەرزەوی هەمیشە هەر ئادەیزاد بوون ، بۆیە هەمیشە پێغەمبەرەکانیشیان هەر لەرەگەزی خۆیان بوون ، واتە مرۆڤ بوون .
(تەفسیری گوڵشەن ، بەرگی ٢ ، ل ٤٨٥)
بەڵێ ئەگەر خودا مەلائیکەیەکی بناردایە ئەواکتە مرۆڤەکان دەیان وت باشە ئەو پەیامە چۆن بەئێمە جێ بەجێ دەکرێت لەکاتكدا پێغەمبەرەکەمان لەرەگەزی ئێمە نیە بۆیە ئەگەر خۆشی مرۆڤ بوایە نەی ئەتوانی جێ بەجێی بکات ، بەڵام خودا پێغەمبەرانی لەڕەگەزی خۆمان ناردوە هەتا ئەو پەیامەی دەیهێنن لەپێش هەمووانەوە خۆیان جێبەجێی بکەن .
وە سەبارەت بەوەی کە کەسانێك هەن شوێنکەوتوانی ئاینەکان بە گێڵ دەزانن ، ئەوا با تەماشایەکی گەلەکەی نوح بکەین تابزانین چەندێك پێش ئەمان پێغەمەرەکەیان بە شێت و شوێنکەوتەکانی بە نەزان و گێل وەسفکردوە ، وەئەوە پیشەی هەموو بێباوەڕان بوە لەهەموو سەرەدەمەکاندا بێ باوەرانی قەومی نوح وتیان (فقال الملأ الذین کفرواا من قومه ما نراك إلا بشرا مثلنا وما نراك اتبعك إلا الذین هم اراذلنا بادی الرأی ومانری لکم علینا من فضل بل نظنکم کاذبین) هود – ٢٧
پیاو ماقوڵ وقسە رۆیشتوانی گەلەکەی ئەوانەی کافر بوون و باوەریان بە نووح نەبوو وتیان : تۆ ئادەمیزادێکی وەکوو ئێمەی و هیچت لەئێمە زیاد نیە تۆ پاشاو مەلیك نیت ،ئادەمیزادێکی ئاسایی وەکوو ئێمەی و بەس ! ئیتر بۆچی شوێنتبکەوین ، بۆچی لەهەموو کەس نیگا بۆتۆ هاتوە .
ئێمە نابینین شوێنکەوتوانت ئیللا کەسانێکن : کە پلەی کۆمەڵایەتیان نزمەو جوتیارو وەرزێرو خۆش بوەرن ، هیچ بیریان لەسەرنجام و ئاکامی نەکردۆتەوە ، ئەگەر تۆ راست دەکەیت پێغەمبەری پیاو ماقوڵ و ئەشراف و عاقڵ مەندان شوێنت دەکەون .
ئێمە نابینین بۆ ئێوە بەسەر خۆماندا هیچ ڕیزو نرخێك ، هیچ شتێکتان لەئێمە زیاتر نیە لە ئێمە بەهێزترو بەتواناتر نین ، ساماندارتر نین ،زانیاری و عەقڵ و فامتان لەئێمە زیاتر نیە ئیتر چ شتێك وا لەئێمە دەکات کە شوێنتان بکەوین ؟!
بەڵکوو ئێمە ئەوەمان بەلاوە راستە کەئێوە درۆزنن و ئەوەی دەیڵێن گوایە ئێوە لە دونیاو قیامەتدا بەختەوەر دەبن لەڕاستی یەوە دوورەو هیچی بەسەر هیچیەوە نیە .!
بە کورتی چوار گومانیان ئارستەی پەیامی حەزرەتی نووح کرد :
١ – نووح ئادەمیزادێکە وەکوو ئەوان و پلەو پایەیەکی وای نیە بگاتە پایەی سەرداری مەعنەوی و پێغەمبەرایەتی.
٢ – ئەوانەی شوێنی کەو توون کۆمەڵێکی لات و بێ ەسەڵات و هیچ لەبارا نەبوون ، ئەمانە وەکوو تاقمێ وەهان لە برسا موشاغەبە درووست بکەن ! دەی ئێمە ناچینە ڕیزی ئەوانەوە .
٣ – پلەو پایەو شان و شەوکەتی وا بەنووح و شوێنکەوتانی یەوە نابینن هەتا تەماعی ئەوەیان لا پەیدا ببێت خۆیان بکەن بە ئوومەتی نووح .
٤ – وا ئەزانین : کە تۆ لەم داوای ڕەهبەری و پێغەمبەرایەتیەدا درۆ دەکەی دەی ئێمە شوێن پیاوی درۆزن ناکەوین .. !
(تەفسیری ڕەوان – بەرگی ٦ ،جزئی ١٢ ، ل ٥٣ – ٥٤)
سەرچاوەکان
١ – قورئانی پیرۆز.
٢ – ئینجیلی پیرۆز موژدە پەیمانی نوێی عیسا بە زوبانی سۆرانی .
٣ – تەفسیری گوڵشەن ، نیزامەدین عبدالحمید ،تەفسیر ،٢٠١٣ ،چاپی ٣.
٤ – تەفسیری ڕەوان ، مەلا محمود گەڵاڵەیی، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردا ، ١٩٩٧،چاپی ١.
٥ – ئیمان و عەقیدەی ئیسلامی ، علی باپیر، تەفسیر، ٢٠٠٧ ،چاپی ١.
٦ – خواناسی ئاین ئیمان ، علی باپیر ،تەفسیر ،٢٠٠٨ ،چاپی ١.
٧ - ڕەوشی فەلسەفی سەدەی ٢١ ،مسعود عبدالخالق ،تەفسیر ،٢٠١٣،چاپی ١ .
٨ – ئاسۆیەك لەگەردوون ، عبدالله هەرشەمی ،تەفسیر ،٢٠١٣ ،چاپی ١.
٩ – پیاوان و ئافرەتان تەواو کەری نایەکسان ، ئیبراهیم طاهر معروف ،نارین م ٢٠٠٩، چاپی ٢.
١٠ - بیروباوەڕی ئیسلامی و مەزهەبەکانی ،قحطان عبدالرحمن الدوری، و.زێبار عزیز خان مهاجر ، تەفسیر ،٢٠١٥ ،چاپی ١.
١١ – داستانی ئیمان ، ندیم جسر،و.نوری عبدالله صالح ئاخجەلەری،تەفسیر ،٢٠٠٩ ،چاپ ٢.
١٢ – لەکێشەکانی هزری هاوچەرخی ئیسلامی ، محمد قطب ،و.ابراهیم احمد شوان ،تەفسیر، ٢٠٠٧ ،چاپ ١.
١٣ – خودا لەسەردەمی زانستدا دەدرەوشێتەوە ،کۆمەڵە نووسەرێك ،و.محمد حسن سەرگەینێلی،تەفسیر ،٢٠١٣ ،چاپی ١.
١٤ – چیرۆکی پێشینان لە قورئاندا،صلاح عبد الفتاح الخالیدی،و.کاوە هاوراز،تەفسیر ،٢٠١٠، چاپی ١.
١٥ – بەراوردی ئاینەکان ،ئەنوەر جوندی ، و. نیهاد جلال حبیب الله ،نارین ،٢٠١٢ ، چاپ ١ .
١٦ – الدین ،محمد عبدالله دراز،دار القلم ، کویت، بدون عام طبع.
١٧ – العقیدة الدینیة نشأتها وتطورها، فرج الله عبدالباری ،دار الافاق ،٢٠٠٥.
١٨ – المعتقدات الدینیة ،جفری بارندر،ترجمة .امام عبدالفتاح امام، عالم المعرفە ،١٩٩٣.
١٩ – المفصل تأریخ العرب قبل الأسلام ،جواد علی ،١٩٩٣ ،الطبعە الثانیة.
٢٠ – شبهات حول الأسلام ،محمد قطب ،دار الشروق ،٢٠٠٨ ،الطبعة ٢٨.
٢١ – لا یأتون بمثله ،محمد قطب ،دار الشروق ،٢٠٠٧ ،الطبعة الثالثة.
٢٢ – العقیدة الأسلامیة و أسسها، عبدالرحمن حبنکة المیدانی،دار القلم ،٢٠١٢ ،الطبعة ١٦ .