10/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
نەخۆشخانەی تایبەتی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەھەڵەبجە، بۆچی و بۆ کێ؟
دوای ئەوەی زۆربەی بریندارانی کیمیاباران ماڵئاواییان کرد:
نەخۆشخانەی تایبەتی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەھەڵەبجە، بۆچی و بۆ کێ؟
تاوانی گەورەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و دەوروبەری پێنج ھەزار شەھید و دەیان برینداری لێکەوتەوە، جگە لە ئالوودەبوونی ناوچەکە و مانەوەی ئاسەواری کیمیاباران لەسەر جەستە و لە ھەناوی خەڵکی ناوچەکەدا، بە تایبەتی بریندارانی ئەو چەکە ترسناکە تا ئێستاش مەینەتییەکانیان کۆتایی نەھاتووە و لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەدان کەسیان لێ شەھید بووە، ناوچەیەکی ژەھراوی کراوی وەک ھەڵەبجە و ھەورامان پێویستی بەوە بوو چەندین ناوەندی زانستی و پزیشکی تیایدا بکرایەتەوە بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو چەکە و بنەبڕکردنی ئاسەوارە خراپەکانی، بەتایبەت نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی.
پڕۆژەی کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە بە تیۆری بڕیاری لەسەر دراو بووجەکەشی تەخمین کرا، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە نەخۆشخانەکە وەھمێکە و ھەنگاوێکی سەرەتایی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بوونی نییە.
پڕۆژەی نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لەھەڵەبجە واژۆ کراوە لەنێوان دوو لایەن دا:
لایەنی یەکەم: وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ وەزیری تەندروستی (دکتۆر عبدالرحمان عوسمان یونس) واژووی کردووە.
لایەنی دووەم: کۆمپانیای (mci) کەسەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی زاگرۆسە کە نوێنەری سەرەکیان (دڵسۆز حسەین مەولود)ە و واژووی کردووە.
ئەم گرێبەستە لە ڕۆژی ٢٤/٨/٢٠٠٨ واژوو کراوە، گرێبەستەکە خۆی لە سێ لاپەڕەو سی و چوار بڕگەدا دەبینێتەوە وەک لە بڕگەی یەکی پڕۆژەکەدا ھاتووە لایەنی دووەم ھەڵدەستێت بە دیزاین و دروستکردن و تەجھیزکردن و ێیانەکردن و ڕاھێنانی کارمەند و دکتۆرەکانی ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر کۆی ئامێرە تایبەتەکانی نەخۆشخانەکە.
بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە (١٢١٠٠٠٠) یەک ملیۆن و دووسەد و دەھەزار دۆلارە.
کاتی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە (٤٥٠) ڕۆژە بۆ ھەر ڕۆژێک دواکەوتن لەپڕۆژەکە بڕی سزای دیاریکراو لـە (٢٤٢٠٠) بیست و چوار ھەزار و دووسەد دۆلار بەپێی بڕگەی ھەشتی گرێبەستەکە.
لـە بڕگەی (٣٠) گرێبەستەکەدا ھاتووە کە لایەنی دووەم بۆی نییە تەنازوول لەگرێبەستی پڕۆژەکە بکات یان بیگوازێتەوە بۆ کەسێکی دیکە تەنھا بەڕەزامەندی لایەنی یەکەم نەبێت.
سەرەڕای ئەوەی چەندین کەموکوڕی لەو پڕۆژەیەدا بەدی دەکرێت، ئێستا وا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ داین و پڕۆژەکە تەواو نەبووە و چەند جار ماوەی پڕۆژەکە بە بیانووی جۆراوجۆر درێژکراوەتەوە.
لەشێوە و دیزایندا پڕۆژەکە وەک پێویست نییە، بەگوێرەی ئەو مەبەستەی بۆی دروستکراوە، لای ھەمووان ڕوونە بەشێکی زۆر لەوانەی کە بە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی ھەژمار دەکرێن گرفتی کۆئەندامی ھەناسەیان ھەیە و پێویستیان بە ژینگە و ھەوایەکی لەبار ھەیە وەک بەشێک لە چارەسەرکردنی کە دەبوو لەم پڕۆژەیەدا ڕووبەرێکی بەرچاوی سەوزایی ھەبوایە بەڵام بەداخەوە ئەمە نەکراوەتە بڕگەی سەرەکی ڕێککەوتنەکە.
ئەم نەخۆشخانەیە بۆ کۆتایی پێ ھێنانی ئازار و تراژیدیاکانی ژیانی بریندارانی چەکی کیمیایی بوو، ئێستا مەرگ کۆتایی بە ئازارەکانی زۆربەی برینداران و بەرکەوتووانی ئەو چەکە ھێناوە، کەواتە ئیتر ئەو نەخۆشخانەیە بوون و بنیاتنانی بۆچی و بۆ کێ یە؟!.
پێشتر کۆمەڵەی قوربانیان پەناى بردە بەر دادگا و سکاڵايان تۆمارکرد بەڵام لەبەر ئەوەی لەگرێبەست و پەیوەست نامەکەدا ناوی كۆمەڵەكەى تێدا نەبوو و داواکاری گشتی داواکەی ڕەفز کرد بۆیە بە ناچاری پەنايان بردە بەر لایەنی مەعنی و بەدواداچوونمان بۆکرد.
تازەترین ھەوالڕ لەسەر ئەو نەخۆشخانەیە ئەوەیە کە مەحزەرێک مۆرکراوە کە دەبێت لەماوەی سێ مانگی داھاتوودا ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بێت، واتە دەبێت تا مانگی (شەش!) كە مانگى شەشى ڕابردوو بوو و ئێستاش سەرەتايى مانگی يانزەيە و دەرگای ئەو نەخۆشخانەیە بەڕووی بەرکەوتووانی نەحۆشخانەی چەکی کیمیایی دا بکرێتەوە.
کێشەکە لە بەینی کۆمپانیای (نۆکان) و (mci)ی سەر بە زاگرۆسدایە و لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان کێشە دروست دەکەن.
تەواو بوونی ئەو نەخۆشخانەیە زۆر گرنگە بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و بە پێچەوانەش کێشە و گرفت بۆ برینداران دروست دەکات.
ھەر لەسەرەتاوە ھەڵەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بووە چونکە بەنوسراوی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی (کاروباری شەھیدان) ڕاسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە کە ھەڵەکە لێرەوە دەستی پێکرد، دەبوو ڕاستەوخۆ وەزارەتی تەندروستی سەرپەرشتی بکردبایە.
ئەو نیگەرانی خۆی و کۆمەڵەکەی نەشاردەوە لە دواکەوتنی پڕۆژەکە و وتیشی زەرەرمەندی یەکەم لەم پڕۆژەیەدا بریندارانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی یە بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێپرسینەوە بکات و لایەنی کەمتەرخەم بدرێتە دادگا و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا بکرێت هەروەها بەڕێوبەرایەتی کاروباری شەھیدانی سلێمانی کەمتەرخەم بووە و نەدەبوو لە سەرەتاوە بدرایە بە وەزارەتی کارووباری شەھیدان چونکە ئەمە کاری وەزارەتی تەندروستی یە.