27/08/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ژیاننامەی مامۆستای شەهید ناصری سوبحانی
پوختەیەك لەژیاننامەی مامۆستای شەهید ناصری سوبحانی
* مامۆستا ناصری سوبحانی ساڵی ١٩٥١ ی زاینی لەگوندی دوریسان نزیك شاری
پاوەی هەورامانی سەربە پارێزگای کرماشان لەکوردوستانی رۆژهەڵات چاوی
بەدونیا هەڵهێناوە .
*خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لەگوندەکەی خۆی و شاری پاوە تەواو کردووە .
* پاشان دەستی کردووە بەخوێندنی زانستە شەرعییەکان و ، هەر لەسەرەتای لاوی
یەوە زیرەكی و بلیمەتی دەرکەوتووە بۆ ئەو مەبەستەش زۆرێک لەشارو گوندە ناو
دارەکانی کوردوستان وەك پاوە و سنە و مەریوان و خانەی بەسەر کردۆتەوە و ،
لای زانا گەورە و ناودارەکانی ئەو ناوچانە خوێندویەتی .
* لەگەڵ
سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژێمی شاهەنشاهی کەوتە جموجوڵ و
لەشارەکانی پاوە و ڕوانسەر و جوانڕۆو سنە و کرماشان و مەریوان چەندین
وتاری داوە و بەشداری هەموو چالاکیەکانی جەماوەری ڕاپەڕیوی کردووە .
* لەساڵی ١٩٨٠ دا پەیوەندی کردوە بەکۆمەڵی برایانی موسوڵمانەوە و ،
لەماوەیەکی کەم و کورتدا_ لەبەر دڵسۆزی و لێهاتوی _ بووتە جێی متمانەی ئەو
کۆمەڵە و ، گەیشتە ئاستی ئەندامانی قیادی لەئێراندا.
* لەچەند
ساڵی سەرەتای شۆڕشی ئێراندا هاوکارێکی دڵسۆزی مامۆستای تێکۆشەر و زانای
ڕەحمەتی کاک ئەحمەدی موفتی زادە بووە ، مامۆستا مفتی زادە ناصری سوبحانی بە
برایەکی خەمخۆر و دۆستێکی زۆر نزیك و پشتیوان و هاوکارێکی بەردەوام دەزانی
.
* مامۆستا سوبحانی لەگەڵ کاک ئەحمەد ی موفتی زادە وژمارەیەکی
زۆر لەسیاسەت مەدار و زانایانی کوردوستان و ئەهلی سونەتی ئێران لەچەندین
هەوڵی گفت و گۆو دانوستاندا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەئێران بەشدار
بووە و ، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار سەردانی کرماشان و قوم و تارانی
کردووە لەگەڵ گەورە و بەرپرساندا گفتو گۆی ڕاستە و خۆی کردووە ، داکۆکی
لەکێشەکانی گەلی کورد بەتایبەتی و ئەهلی سونەت بە گشتی کردووە.
*لەساڵانی یەکەمی شۆڕشی ئێراندا لەگەڵ گەورە سیاسەت مەدارانی ئەو کاتەی کوردستان بەشداری چەندین کۆنگرەی کردووە .
* لەساڵی ١٩٨١ کەشورای ناوەندی ئەهلی سونەت ( شمس ) مامۆستا ناصر یەکێک
بوو لەبەشدارە چالاکەکان و ، هەر لەکۆنگرەی یەکەمدا کەلەتاران بەسترا
هەڵبژێررا بەنوێنەری پارێزگای کرماشان ، هەروەها لەکۆنگرە دووەمی ( شمس )
یشدا بەشداری کرد .
*هەر لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی دووەمدا بەرپرسانی
ئێرانی کەوتنە دژایەتی کردنی بەشداران و دەیان کەسیان لەسەرجەم شار و
شارۆچکەکانی کوردستاندا گرت ، فەرمانی گرتن بۆ مامۆستا سوبحانیش دەرکرا ،
بەڵام نەکەوتە بەردەستیان . . . بۆیە هەر لە پایزی ساڵی ( ١٩٨٢ ) دا
ناوچەکەی خۆی بەجێ هێشت و بەشێوەیەکی نهێنی کەوتە چالاکی کردن لەشارەکانی
تری ئێراندا .
* لەساڵی ١٩٨٣ دا سەردانی پاکستانی کردووە ، چەندین
دیداری لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو کاتەی شۆڕشی ئەفغان کردووە ، جگە لەوەی
کە چاوی بەچەندین کەسایەتی ئیسلامی جیهانی کەوتووە .
* لەبەهاری
١٩٨٨ دا لەگەڵ ژمارەیەک لەبرا هاوکارەکانی سەردانی تورکیایان کرد و
لەکۆنگرەیەکی ئیسلامیدا کەتایبەت بوو بەکێشەی کورد بەشداری کردو، وتارێکی
بەنرخی لەکۆنگرەکەدا خوێندەوە و ، لەبەر ڕۆشنای قورئاندا مافی گەلان و
کێشەی نەتەوەی ڕوونکردەوە .
* لە ٦/٦/١٩٨٨ دا لەشاری سنە لەکاتی
میوانداری دا دەستگیر کراو پاش چەند ڕۆژێک لەدەستگیر کردنی دەنگی ناڕەزای
لەسەرانسەری ئێرانەوە دەستی پێکرد و دواتر تۆماری ناڕەزامەندی لەچەندین لای
ناوەوە و دەرەوەی ئێران ، درایە بەرپرسانی حوکمەتی ئێرانی ، بەڵام بە بێ
سود . . . تەنانەت زۆرێک لەسەرکردەو پارت و کۆمەڵە ئیسلامیەکانی دەرەوەی
ئێران بەنوسراوی ڕەسمی بەرپرسانی ئێرانیان لەمەترسی ئەگەری ئازاردانی
مامۆستا سوبحانیان ئاگادار کردەوە ، لەناو خۆی ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە
سەردانی زۆرێک لەبەرپرسان کرا .
* پاش ئەو هەوڵە زۆرانە ،
بەرپرسان ( بەرپرسانی ئێرانی ) ، وەفدی بەدواداچونی مەسەلەکەیان ئاگادار
کردەوە ، کەپاش چەند ڕۆژێک تەرمی خوالێخۆش بوو لەشاری سنە تەسلیم دەکەنەوە .
* سەر ئەنجام لەشاری قوڕوە کەسەر بە ئوستانی سنەیە لەکوردوستانی
ئێران گۆڕی مامۆستایان نیشانی کەس و کاری داو ئاگاداریان کردن کەنابێ
تەرمەکەی دەربهێننەوە .
* مامۆستای ڕەحمەتی بەگەواهی زۆرێک لەزانا
و کەسایەتیە ئیسلامیەکان ئەهلی ئیجتیهاد بوو خاوەنی توانایەکی زانستی کەم
وێنە بوو . هەر بۆیە لەهەموو بوارەکان { تەفسیر و حەدیث و فیقهــ و فەلسەفە
و دەعوە و حەرەکەتدا } بۆچون و ئیجتیهاداتی بەهێزی هەبوو.
*
مامۆستا ناصری سوبحانی خاوەنی زیاتر لەهەزار کاسێتی پڕکراوەیە لەبوارەکانی (
تەفسیری قورئان و مەسەلە عەقیدەییەکان و ، شەرحی عیبادەت و حیکمەتەکانی و
سیستەمەکانی ئیسلام و، زانستەکانی ( علوم القرآن ) و ( اصول الفقه ) و (
علوم الحدیث ) ە. ئەمانەو جگە لەچەندین وتار دەربارەی کێشە ئایدۆلۆژی و
سیاسیەکانی سەردەمی پێش و پاش شۆڕشی ئێران ، جگە لەزمانی کوردیش سەدان
کاسێتی پڕکراوەی بە زمانی عەرەبی و فارسی هەیە .
* لەبەرهەمە زانستیەکانی تری مامۆستا سوبحانی بەشێوەی باس و نوسین ، ئەمانەن :
١_ ( مجموعة فتاوی ) بەعەرەبیە و دەربارەی زۆرێک لەکێشە هاوچەرخەکان و مەسەلە فارسیە گرنگەکان.
٢_ (الولایة والامامة ) کەبابەتێکی فەلسەفی + سیاسیە و لەڕوانگەی قورئانەوە کێشەی ( ولایة و امامة ) ڕووندەکاتەوە .
٣_ ( مذکرة فی علوم الحدیث ) کەلە ئەساسدا نامەیەکی دورو درێژە بۆ { مجمع
السنة النبویة } ی ناردووە ، کە دکتۆر یوسف القرضاوی دەیبات بەڕێوە ، لەم
نامیلکەیەدا ژمارەیەک سەرنجی گرنگی خۆی ئەخاتە پێش دەستی پڕۆژەی کۆکردنەوەی
فەرموودەکانی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم .
٤_ مختصر مدراج السالکین . کە کورت کردنەوەیەکی ( تذهیب ) ە کەی عبد المنعم صالحە .
٥_ کتێبێکی گرنگ دەربارەی ( عەقیدە ) کەلەقورئاندا بابەتەکانی دەر دەهێناو
ڕۆژانی پێش دەستگیر کرانی پێوەی سەر گەرم بوو ، بەڵام تەواوی نەکرد .
ئەمەو جگە لەدەیان وتار و باس و لێکۆڵینەوە کەبەناوی خوازراو لەگۆڤارە ئیسلامیەکاندا لەساڵانی :
١٩٨٣_ ١٩٨٧ بڵاو کراونەتەوە . _____________________________
خوای گەورە مامۆستاش و سەرجەم تێکۆشەرانی ئەم ئیسلامە بەشەهید قبوڵ بکات و بیانخاتە بەهەشتەکەی خۆیەوە . ~ امیـــن