12/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
ئەمینداری یهكگرتوو: ژمارەیەكی زۆر لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان مهحكومن بە ماددەی (140)
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: ژمارەیەكی زۆر لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان محكومن بە ماددەی (140) ی دەستوری عێراقی فیدراڵ , بێگومان ئەو گرفتە ئیدارییە ناتوانێت لە بەها و هەقیقەتی مێژوویی ئەو ناوچە كوردستانیانە كەم بكاتەوە , بەڵكو ئەوە كێشەیەكی ئیدارییە و بە حیوار لە نێوان هەرێم و بەغدا و بەڕێگا چارەی ئیداری ڕاست دەكرێتەوە .
لە میانی بەرێوەچوونی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی نێوان ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە وەڵامی پرسیارێكی "بزاڤ پرێس" لە محمد فرج، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بەوەی ئایە دوای گرتنەوەی شنگال و دەوروبەری , ناوچەكە دەگەرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان یاخود ڕادەستی عێراق دەكرێت ، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند: سەرەتا زۆر دەسخۆشی لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین بۆ ئەو هەڵمەت و پێشڕەویەی لە شنگال و دەوروبەری كردویانە و توانیویانە سەركەوتنی مەزن بەدەست بهێنن , هەروەها پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی ئیزدی دەكەم بە بۆنەی ڕزگاربوونی ناوچەكانیان .
ئەمینداری گشتی لە درێژەی وەڵامی پرسیارەكەی "بزاڤ پرێس" ئەوەی خستەروو: بەڵێ ڕاستە ژمارەیەكی زۆر لە شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان محكومن بە ماددەی (140) ی دەستوری عێراقی فیدراڵ , بەڵام ئەوە مانای ئەوەنیە ئەو ناوچانە گومانی كوردستانی بونیان لێ دەكرێت بەڵكو ئەوە كێشەیەكی ئیدارییە و ڕژێمی صدام حسین دروستی كردووە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان , بێگومان ئەو گرفتە ئیدارییە ناتوانێت لە بەها و هەقیقەتی مێژوویی ئەو ناوچە كوردستانیانە كەم بكاتەوە , بەڵكو ئەوە كێشەیەكی ئیدارییە و بە حیوار لە نێوان هەرێم و بەغدا و بەڕێگا چارەی ئیداری ڕاست دەكرێتەوە .