13/11/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شەنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ناوچەکەدا پێویستمان بە تەبایی نێوان لایەنە جیاوازەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان هەیە".
یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەشڵێت " ئەرکی حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیشە دوای ئازادکردنی ئەم شارە، هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی دەستپێبکەن و برینی ئێزدییەکان و هاووڵاتیانی شەنگال بە ئاوەدانی شارەکە ساڕێژ بکەن".
دەشڵێت "بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دەکەین، هیوادارین ئەم سەرکەوتنە کەمێک لە برینیان ساڕێژ بکات، هەروەها سوپاسی بێ پایانی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانان و گەریلا دەکەم، کە شانبەشانی یەکتر توانییان ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن، جێگەی خۆیەتی لێرەدا قارەمانێتی پێشمەرگە ئێزدییەکان و شەڕڤانان بەرزبنرخێنین کە لە ساتەوەختی کەوتن و داگیرکردنی شەنگالدا، لە چیای شەنگال قارەمانانە بەرگرییان لە پیرۆزییەکانی گەلەکەمان و هاووڵاتی ئێزدی کوردی ناوچەکە کرد".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئازادکردنی شەنگال بۆ هەموو گەلی کوردستان لە هەرچوار پارچەی کوردستان، چرکەساتێکی مێژوویی گرنگە، چونکە شەنگال بووەتە سیمبولێکی دیکەی مەزڵومییەتی گەلەکەمان و جینۆساید کردنی، شەنگال بویە هێمای بەرەنگاربونەوەی دڕندەیی گروپی تاریکبینی داعش، کە لەکاتی داگیرکردنیدا سەدان منداڵ و ژن و کچی بێتاوانی ئێزدیان ڕفاند".