چەکدارانی حەشدی شەعبی لە دوزخورماتوو مێرمنداڵێکی کوردیان شەهید کرد.
هەرچەندە پێکدادانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هێور بووەتەوە، بەڵام چەند قەناس بەدەستێکی حەشدی شەعبی ناوبەباو لە گەڕەکەکانی دوزخورماتوو تەقە دەکەن، ئەوەش شەهیدبوونی مێرمنداڵێکی لێ کەوتەوە.
مێرمنداڵەکە لەناو بازاڕی گەڕەکی کۆماری دوزخورماتوودا بووە بەنیازی شتکڕین بووە، بەڵام گوللـەیەکی قەناس بەدەستەکانی بەرکەوتووە و شەهید بووە.
ڕێکەوت محەمەد، وتەبێژى لیواى ١٦ى هێزى پێشمەرگە ئەمڕۆ ١٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥، ڕايگەیاند "لەدواى کۆبوونەوەى دوێنێى خورماتوو بە ئامادەبونى فەرماندەى وشکانى هێزى عێراق و بریکارى وەزیرى ناوخۆى عێراق و فەرماندەى لیواى ١٦ى هێزى پێشمەرگە و عەدنانى حەمەى مینا بە ئامادەبوونى ئێرانیەکان، بارودۆخەکە بەرەو هێوربوونەوە چووە، لە ئێستادا بارودۆخەکە باشترە لە چاو دوێنێ".
لە ماوەى سێ ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى گرژى و ئاڵۆزییەکانى قەزاى دووزخورماتووە پێشمەرگەیەک، ئاسایشێک، پزیشکێکى نەخۆشخانەى دووز خورماتوو و پێنج هاووڵاتیى دیکە بەهۆى تەقە و هێرشى چەکداراەکانى حەشدى شەعبییەوە شەهید کراون.
هەر لەو ماوەیەدا ١٠ چەکدارى حەشدى شەعبى لە دووزخورماتوو کوژراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژى ١٢/١١/٢٠١٥ ئاگربەست لە نێوان چەکدارەکانى حەشدى شەعبى و هێزى پێشمەرگە ڕاگەیاندرا، بەڵام شەڕ و پێکدادان لە نێوان هاووڵاتییانى ئەو قەزایەدا بەردەوامیى هەبوو و بە تەواوەتى کۆتایى بە شەڕەکە نەهێنرابوو.
هۆکارى گرژییەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژى ١٢/١١/٢٠١٥ ژمارەیەک چەکدارى حەشدى شەعبى بە ئۆتۆمبێل بە بازگەیەکى هێزى پێشمەرگەدا تێپەڕیوون و سەربارى ئەوەى ڕانەوەستان تەقەیان لە پێشمەرگەکان کردووە و پێشمەرگەیەک بریندار بووە، دوابەدواى ئەوەش پێشمەرگە لێیان هاتوونەتە دەست و سێ چەکدارى حەشدى شەعبى کوژراون.