لەم میحوەرە پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكات
16/11/2015 نوسەر: bzavpress

لەم میحوەرە پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورە تۆمار دەكات


فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار رایگەیاند ئەمڕۆ 16ی تشرینی دووەم، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان گەورەترین پیلانی داعشیان لە میحوەری زوممار تێكشكاند و بەو هۆیەشەوە نزیكەی 250 چەكداری داعش كوژراون.

موقەدەم موحسین سلێڤانەیی، فەرماندەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار رايگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان گەورەترین پیلانی داعشیان تێكشكاند". 

ئاماژەی بەوەشدا: "چەكدارانی داعش پیلانیان دانابوو لە گوندی كارێزی سەر بە ناحیەی زوممار تەنیشت سەربازگەی كەسكێ ھێرش بكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەری زوممار".

ئەو فەرماندەیەی ھێزەكانی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەكات كە: "دوای تێكشكاندنی ئەو پیلانەی چەكدارانی داعش ھەوڵماندا بچینە ئەو شوێنەی كە خۆیان لێ ئامادەكردبوو ھێرش دەستپێبكەن".
 
وتیشی: "كە گەیشتینە ئەو شوێنە، 80 لاشەی چەكدارانی داعش لە شوێنی تەقەی پێشمەرگە و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان بەجێمابوون و لەناویاندا بە دەیان چەكداری خۆكوژ ھەبووە كە پشتینەی بۆمبڕێژكراویان لەگەڵدا بووە".

ئەوشی خستەڕوو: "بەپێی ئەو زانیارییەی بە دەستمان كەوتوون ئەو گروپەی داعش لە 250 چەكدار پێكهاتبوون كە پێشتر خۆیان ئامادەكردبوو هێرش بكەن، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا، 170 چەكداریان بە تەواوی پارچە پارچە بووبوون".